
دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ژمارەی سزادراو و ڕاگیراوەکان بە تۆمەتی بازرگانی و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە دامودەزگاکانی هەرێم، تا کۆتایی مانگی ئایاری ئەمساڵ گەیشتووەتە چوار هەزار و ٦٣٦ کەس. لەوانە، هەزار و ٥٦٤ کەس لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستانن، کە ٩١١ بازرگان و ٦٥٣ بەکارهێنەرن. لەناویشیاندا هەزار و ٥٠٧ سزادراو و (٥٦)یان ڕاگیراو، کە (٩٩)یان ئافرەت و منداڵن لە نێوان سزا دراو و ڕاگیراو کە بەشێکیان خەڵکی ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق و وڵاتانی دەوروبەرن.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بەوەش کرد کە زۆربەی ئەو کەسانەی بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەرن لە هەرێمی کوردستان نزیکەی (٩٠٪)یان ڕەگەزی نێرن، لەوانەش (٨٠٪)یان تەمەنیان لەنێوان ١٨-٣٥ ساڵیدایە، (٦٪)یان تەمەنیان لەسەرووی ٣٥ ساڵیدایە و (٤٪)یش ئەوانەن تەمەنیان لەخوار ١٨ ساڵیدایە، و (١٠٪)ی بەکارهێنەران لە ڕەگەزی مێینەن لە تێکڕای تەمەنەکان.
ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەیدا، بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان یەکێک بووە لەو بابەتانەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆری پێداوە، و خراوەتە نێو پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ (٢٠٢١-٢٠٢٥)، بۆ ئەم مەبەستەش ڕۆژی ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ بە سەرپەرشتی سەرۆکی حکو٢مەتی هەرێم کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی سەبارەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ ئالوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکان سازکرا.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە بارەی هەوڵەکانی حکوومەت لەم ڕووەوە ڕایگەیاند: لە حکوومەتی هەرێم هەوڵی جددی دراوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر لەسەر ئاستی ناوخۆیی بە سزادانی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان و هەوڵدان بۆ دووبارە شیاندنەوەی بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان، هەروەها یاسای ژمارەی یەکی ساڵی ٢٠٢٠ یاسای بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەكان و كارتێكەرە عەقڵییەكان دەرچووە و لیژنەیەكی باڵاش پێکهێنراوە بۆ هەمان مەبەست.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئەوەشی خستەڕوو کە شەش سەنتەری شیاندنەوەی ئالوودەوبووان لە چاکسازییەکان گەوران، ئافرەتان و منداڵان لە سلێمانی، دهۆک و هەولێر کراونەتەوە کە چارەسەری پزیشکی، ڕاوێژکاری و خزمەتگوزاری پشتگیری بۆ گەڕانەوەی ئالوودەبووان بۆ ناو کۆمەڵگا لەم شەش سەنتەرە دابینکراوە و تاکو ئێستا (٧٦٥) کەس ڕێکاری شیاندنەوەی پێویستیان بۆ کراوە و سوودمەندبوون، لەلایەکی دیکەوە لە هەولێر بەردی بناغەی سەنتەری هۆشیاری و شیاندنەوەی ئالوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکان دانراوە، کە لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ڕێکخراوی LDS ەوە بنیات دەنرێت، لەم سەنتەرەدا سیستەمی چارەسەری بە پشتبەستن بە پرەنسیپە پزیشکی و چارەسەرییە زانستییە جیهانییەکان دەبێت کە بریتییە لە هۆشیارکردنەوە، پاککردنەوە، بەدواداچوون و گەڕاندنەوەی کەسانی ئالوودەبوو بۆ نێو ژیانی ئاسایی کۆمەڵگە.
دیندار زێباری، سەبارەت بە هەوڵە پراکتیکییەکانی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان گوتی: حکوومەت هەنگاوی زۆری لەم ڕووەوە ناوە لەوانە توندترکردنی رێوشوێنەکانی دەروازە سنوورییەکان، دەستەبەركردنی ژمارەیەک لە دەرمانسازان لە خاڵە سنوورییەكانی هەرێم بۆ دیاریكردنی ئەو ماددانەی دەبنە هۆی ئالوودەبوون، تاقیگەی کیمیایی پەیوەست بە پشکنینی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان لە بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە کاتی ئێستادا چالاکە، سەگی پۆلیسی تایبەت و ئامێری پشکنینی خێرای ماددە هۆشبەرەکان (سکانر) بۆ هێزە ئەمنییەکان دابین کراوە، هۆشیاری کۆمەڵگا لە مەترسییەکانی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان و زیانەكانی ماددە هۆشبەرەكان لە بەرنامەی پەروەردی گشتی جێبەجێ کراوە کە جەخت لەسەر دەرئەنجامە کۆمەڵایەتی و تەندروستییەکانی ئالوودەبوون دەکەنەوە.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان گوتی: هەماهەنگیمان لەگەڵ نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ماددە هۆشبەرەکان و تاوان (UNODC) لە ئاستێکی بەرزدایە و لەم رووەوە توێژینەوەیەکی وردمان ئەنجامداوە کە تێیدا تیشک خراوەتە سەر بە قاچاخبردنی ماددەی هۆشبەر و شێوازەکانی رووبەڕووبوونەوەی، لەلایەکی دیکەوە حکومەتی کەنەدا پرۆژەیەکی پشتیوانی دارایی راگەیاندووە بۆ هاوکاری کردنی حکومەتی هەرێم و حکومەتی ئیتحادی ئەمەش هەنگاوێکی گرنگ دەبێت بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی حکوومەتی هەرێم لە بوارەکانی دابینکردنی پێداویستی لۆجیستی له ئامێری پێشکەوتووی پشکنین، ئامێرە پزیشکییەکان، بە دیجیتاڵکردنی داتا، بەهێزکردنی خاڵەکانی پشکنین.



