بابەکر زێباری: تا کۆتایی ئەمساڵ سەرجەم هێزی پێشمەرگە یەکدەخرێت

بابەکر زێباری، ڕاوێژکاری سەربازی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاندووە: “ھاوپەیمانانان بەردەوام لەگەڵ ھێزی پێشمەرگە و لە ھەموو ھەنگاوەکان ھاوکار و پاڵپشتی ھێزی پێشمەرگەن و پەیوەندی و ھەماھەنگی زۆر باش ھەیە لە نێوانیان و لە سەرەتای کاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە ھاوپەیمانان لەگەڵ ھێزی پێشمەرگە دان و ھاوکاریان دەکەن و ھیچ کاتێک لێیان دانەبڕاون و بەردەوام ھاوکار و پاڵپشتن وەکوو چۆن گرنگی بەھێزی خۆیان دەدەن بەھەمان شێوەش گرنگی بەھێزی پێشمەرگە دەدەن”.
بابەکر زێباری گوتیشی: “بەشێکی زۆری پێداویستی سەربازی بۆ ھێزی پێشمەرگە لەلایەن ھاوپەیمانان بۆ ھێزی پێشمەرگە دابین دەکرێت و بڕیارە دوای تەواوبوونی یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە و تەواوبوونی ١١ فیرقەی ھێزی پێشمەرگە کە بەردەوام کاری تێدا دەکرێت و بڕیارە تا کۆتایی ئەمساڵ تەواو بکرێت دواتر سیستەمی بەرگریش بۆ ھێزی پێشمەرگە دابین بکرێت”.
زیاتر گوتی: “بۆیە ئێستا یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە لە قۆناغی کۆتاییدایە و ئەمەش وای کردووە ھاوپەیمانان پێی دڵخۆش بن و ھاوکاری زیاتری ھێزی پێشمەرگە بکەن، چونکە لە ھەرێمی کوردستان یەک ھێزی پێشمەرگە و ئەویش لەژێر فەرمان و چەتری وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەبێت”.



