مەسرور بارزانی: پێزانینێکی زۆرم بۆ خۆڕاگری و پشوودرێژیی خەڵکی کوردستان هەیە

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: “دوای ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پێناو بەرژەوەندی و کەمکردنی فشار لە سەر خەڵکی کوردستان، هەموو نەرمییەکی نواند و پابەندییەکانی خۆی بە تەواوی جێبەجێ کرد و دوای هەوڵ و گفتوگۆیەکی زۆر، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدڕاڵیش، ڕەزامەندی لەسەر لەیەکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فیدڕاڵ دا”.
زیاتر گوتی: “پێشوازیی لەو هەنگاوە دەکەین و چاوەڕوانین حکوومەتی فیدڕاڵ، مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت”.
پەیامەکەی مەسرور بارزانی، دوای کۆبوونەوە نائاساییەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دێت، کە تێیدا ڕەزامەندی لەسەر ناوەڕۆکی ئەو خاڵانە دا، کە هەردوو حکوومەت لەسەری ڕێککەوتبوون.
مەسرور بارزانی، لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا دەڵێ: “پێزانینێکی زۆرم بۆ خۆڕاگری و پشوودرێژیی خەڵکی کوردستان هەیە، هەروەها سوپاسی ماندووبوونی هەموو کەس و لایەنێکیش دەکەم کە هەوڵیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە داوە و بەردەوام هاوکار و پاڵپشتمان بوون”.
“هیوادارم مووچە و شایستە داراییەکان، کە مافێکی ڕەوای خەڵکی کوردستانە، چیتر تێکەڵی هیچ کێشە و ناکۆکییەک نەکرێت و لە چوارچێوەی دەستوور و بە ڕێزگرتن لە ڕێککەوتنەکان، کێشەکانمان چارەسەر بکەین”، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وای گوت.
لە کۆتایی پەیامەکەشیدا دەڵێ: “دەبێ کۆتاییش بەو هێرشانە بێت کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و بە تایبەتیش کێڵگە نەوتییەکان. هیوادارین حکوومەتی فیدڕاڵ، هاوکار بێت لە دۆزینەوری ئەو تێکدەرانە و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی لە دژیان”.


