هه‌واڵ

یەکێتی بۆ پارتی: ئێوە جگە لە سامانی هەرێم مووچەی مامۆستا و پارووی دەمی منداڵانیشتان دزیوە

مەڵبەندی سێی یەکێتی بەتوندی وەڵامی لقی دووی پارتی دەداتەوە و دەڵێ، “ئێوە هەولێرتان بەتانك و تۆپی حەرەس جمهوری بەعس داگیرکرد” و پارتی بە تاڵانکردنی ژێرخان و سەرخانی کوردستان تۆمەتبار دەکات.

 

ئەمڕۆ سێشەم، ١٣ی ئازاری ٢٠٢٤، مەڵبەندی سێی یەکێتی لە هەولێر، لە ڕاگەیەندراوێکدا وەڵامێکی ڕاگەیەندراوەکەی لقی دووی پارتی لە هەولێر دایەوە.

مەڵبەندی سێی یەکێتی، لە ڕاگەیەندراوەکەدا دەڵێ: “ئێوە هەولێرتان بەتانك و تۆپی حەرەس جمهوری بەعس داگیرکرد و دوای ساڵێکیش، بەچوونە پاڵ جەندرمەی تورك درێژەتان بەم داگیرکردنەدا”.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، پارتی تۆمەتبار دەکات بە “تاڵانکردن”ی سەرخان و ژێرخانی هەرێمی کوردستان و دەڵێ: “چۆن ڕووتان دێ تۆمەتی دزی و جەردەیی ئاڕاستەی بەرانبەرەکەتان بکەن؟ ئێوە جگە لە سامانی هەرێم، مووچەی مامۆستا و پارووی دەمی منداڵانیشتان دزیوە”.

ئەو ڕاگەیەندراوەی مەڵبەندی سێی یەکێتی، لە وەڵامی ڕاگەیەندراوێکی لقی دووی پارتی دێت، کە دوێنێ دووشەم، ١٢ی ئازاری ٢٠٢٤، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ گوتەیەکی شاڵاو کۆسرەت ڕەسووڵ کە لەبارەی هەولێرەوە گوتبووی “ڕۆژێک دادێ وەریدەگرینەوە”، ڕایگەیاند: “هیچ هێزێک ناتوانێ هەولێر بگەڕێنیتەوە سەردەمی وێرانەیی و مافیاگەرایی”.

لقی دووی پارتی هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا ماوەی حوکمڕانی یەکێتی لە هەولێر بە سەردەمی “دزی، تاڵانی، تیرۆر و سەرانەوەرگرتن و حوکمی قەرەقووش” ناودەبات و دەڵێ: “خەیاڵتان خاوە و دەبێ هەر بەو ئاواتەوە سەربنێنەوە و خەونە نەزۆکەکانیشتان وەک خەونی ئەوانەی پێشخۆتان دەبەنە قەبرەوە”.

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی مەڵبەندی سێی یەکێتی:

 

بەکورتی بۆ لقی دوو

هەرچەندە نەماندەویست بەم مانگی پیرۆزەی ڕەمەزان، بەوەڵامدانەوەی تۆقیوەکانی لقی دووی پارتی، سەری خەڵکی هەولێر بیەشێنین .

بەڵام وەبیرتان دێنینەوە، ئێوە هەولێرتان بەتانك و تۆپی حەرەس جمهوری بەعس داگیرکرد و دوای ساڵێکیش، بەچوونە پاڵ جەندرمەی تورك درێژەتان بەم داگیرکردنەدا .

ئێوە بە چییەوە دەنازن، هەموو خەڵکی کوردستان دەزانێ کە هەولێر و دهۆکتان کردووە بەزیندانی ئازادیخوازان و سەرخان و ژێرخانی کوردستانیشتان تاڵانکردووە و لەڕێگەی باج و سەرانەش دزی لەگیرفانی هاووڵاتییانیش دەکەن .

چۆن ڕووتان دێ تۆمەتی دزی و جەردەیی ئاڕاستەی بەرانبەرەکەتان بکەن؟ ئێوە جگە لە سامانی هەرێم، مووچەی مامۆستا و پارووی دەمی منداڵانیشتان دزیوە.

بەڵێ وەری دەگرینەوە …

بەڵام بەڵام بەتانك و تۆپی داگیرکەران نا .

بەڵکو بەدەنگی خەڵکی ڕەسەنی هەولێر و بەقانوون و بەدادگە لێتان وەردەگرینەوە .

خۆ تێگەیشتن؟

ئەگەر هەر تێنەگەیشتن، ئەوا لە 2024/6/10 زۆر باش تێتاندەگەیەنین.

 

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

مەڵبەندی 3ی هەولێر

13/3/2024

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...