وەزارەتی دارایی عێراق: دەست بە ناردنی مووچە دەکەین

وەزارەتەکە، کەمێک لەومەبەر (٢٢ی تەممووزی ٢٠٢٥) ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: وەزارەتی دارایی دەست دەکات بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئایاری 2025، و ناردنی شایستە داراییەکان، ئەوەش دوای پابەندبوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دێت بە بڕیارنامەی ژمارە (٥٥٠)ی ئەنجوومەنی وەزیران کە لە دانیشتنی نائاسایی ڕۆژی ١٧ی تەممووزی ٢٠٢٥ دەرکراوە.
وەزارەتی دارایی عێراق هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا، ئاماژەی بە گەیاندنی نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێمی کوردستان بە کۆمپانیای سۆمۆ کردووە، لەپاڵ وەرگرتنی بڕی ١٢٠ ملیار دینار لە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان، کە هەر ئەمڕپ سێشەم لە ڕێگەی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانەوە، خراوەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ.
وەزارەتی دارایی عێراق دووپاتی دەکاتەوە کە بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی ئەرکە یاسایی و دەستوورییەکانی خۆی بەرانبەر بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەرجێک کە حکوومەتی هەرێم بەردەوام بێت لە پابەندبوون بە جێبەجێکردنی یاسای بودجەی فیدڕاڵی، بڕیارەکانی دادگەی فیدڕاڵی و بڕیارەکەی ئەمدواییەی حکوومەتی عێراق.



