هه‌واڵ

وەزارەتی ئەوقاف بە ڕێنمایی بەرەنگاری سیحر و جادوو دەبێتەوە

زێدپرێس

 

وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێنماییەکی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی سیحر و جادوو دەردەکات و بەگوێرەی ڕێنماییەکەیش نوشتە و جادوو و دەرکردنی جنۆکە قەدەغەن.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێنمایی ژمارە ١ی ساڵی ٢٠٢٣ دەرکرد، کە تایبەتە بە بەرەنگاربوونەوەی سیحر و جادوو لە هەرێمی کوردستاندا.

ڕێنماییەکە بە نووسراوی ژمارە ٥٣٣٢ی ڕێککەوتی ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ ئاڕاستەی ڕۆژنامەی وەقائعی کوردستان کراوە، بەمەبەستی بڵاوکردنەوە و لە پەراوێزیشدا بۆ گشت بەڕێوەبەرایەتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان گشتێندراوە.

ڕێنماییەکە لە پێنج ماددەی سەرەکی پێکهاتووە. لە ماددەی یەکەمدا، پێداگیری لەسەر ئەوە دەکات، کە بەکارهێنانی ڕێگاکانی فێڵکردن و هەڵگرتنی نازناوی ساختە و نادروست وەک “شێخ و مەلا و قەشە و بانگخواز و پزیشکی ئایینی و هاوشێوەکانی” بە بەکارهێنانی پەرتووکە ئایینییەکان و بەمەبەستی بەدەستهێنانی پارە و سوودمەندبوون قەدەغەیە.

هەروەها، ڕێنماییەکە، “درووستکردنی نوشتە و جادووکردن و دەرکردنی جنۆکە” و لەپاڵ ئەوانەشدا “فرۆشتنی گیا دەرمان و خۆراک و خواردنەوە وەک ئاو و گوڵاو و هەنگوین و ڕەشکە و پێداویستی تر بەناوی چارەسەری پزیشکی ئایینی” قەدەغە کردووە.

لە ماددەی دووەمی ڕێنماییەکەدا، فەرمانبەرانی سەربە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی و خۆبەخشەکانی، پابەندکردووە بە پیادەکردنی ناوەڕۆکی ڕێنماییەکە و بە پێچەوانەوە بەرپرسیاردەبن و ڕێکاری کارگێڕی و سزاییان لەبەرانبەر دەگیرێتەبەر.

لە ماددەی سێیەمیشدا هاتووە، کە پێویستە هەموو ڕێکخراوەکانی ناحکوومی ئایینی مۆڵەتپێدراو پابەندی ڕێنماییەکە بن و بە پێچەوانەوە دەڵێ، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی و فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکەن.

ئەو ڕێنماییەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدا دێت، دیاردەی درووستکردنی نوشتە و جادوو و لە بەرانبەردا “دەرکردنی جنۆکە” لە هەرێمی کوردستاندا بە تەواوەتی تەشەنەی سەندووە و لەماوەی ڕابردووشدا دەیان کەس بەتۆمەتی سیحر و جادوو لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی دەستگیرکراون.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکانی ئاسایش و لایەنە پەیوەندیدارەکان کە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ ئەو کەسانەدا کردووە، بۆیان دەرکەوتووە، ئەوان کەسانێکی دەستخەڕۆکەربوون و بەناوی نوشتە و جادووکردنەوە بەتایبەت ئیستغلالی ئافرەتانیان کردووە و هەڵیانخەڵەتاندوون و ناچار بە کاری نەشیاویان کردوون.

 

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...