هه‌واڵ

سوودانی: بۆ ئەوەی مووچە بنێردرێت گرنگە حکوومەتی هەرێم پابەندی ئەرکەکانی بێت

سەرۆکوەزیرانی عێراق جەخت لەسەر گرنگی پابەندبوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە جێبەجێکردنی ئەرکە داراییەکانی دەکات، بۆ ئەوەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بتوانێت لە ناردنی مووچە بەردەوام بێت.

 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، کە نووسینگەی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردووەتەوە، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران (٢٢ی تەممووزی ٢٠٢٥)، سوودانی هەڵوەستەی لەسەر ڕێککەوتنەکەی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی نەوت و مووچە کردووە.

 

ڕاگەیەندراوەیەکە، دەڵێ: سەرۆکوەزیران ئاماژەی بە جێبەجێکردنی بڕیارنامەی (٥٥٠)ی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کرد کە لە دانیشتنی نائاسایی ڕۆژی ١٧ی تەممووزی ٢٠٢٥ دەرکرا، سەبارەت بە یەکلاکردنەوەی دۆسیەی دارایی و کارگێڕی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

 

“سوودانی ئەو هەوڵانەی بەرز نرخاند، کە بووە هۆی دەرچوونی (بڕیارنامەکە)”، لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە.

 

هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی نووسینگەی سەرۆکوەزیران، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سوودانی “جەختی لە گرنگی پابەندبوونی حکوومەتی هەرێم کردەوە بە جێبەجێکردنی ئەرکە داراییەکانی بەپێی دەستوور و یاسا، بۆ ئەوەی کە لە بەرانبەردا وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بتوانێت لە جێبەجێکردنی ئەرکە داراییەکانی بەردەوام بێت”.

 

ئەمڕۆ سێشەم، وەزارەتی دارایی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بە دەستکردن بە ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کرد، دوای ئەوەی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بڕی ١٢٠ ملیار دینار لە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بۆ سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی عێراق گواستەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button