هه‌واڵ

نووسینگەی سوودانی ناوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفونییەکەی ڕۆبیۆ و سوودانی دەخاتەڕوو

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ڕاگەیەندراوێکی لەمەڕ پەیوەندییە تەلەفونییەکەی مارک ڕۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ سوودانی خستەڕوو.

 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، سوودانی ئاماژەی بە هێرشەکانی ئەمدواییەی سەر ژێرخانی وزە لە هەرێمی کوردستان، پارێزگاکانی سەلاحەددین و کەرکووک کردووە و وەک “بەئامانجگرتنی ئابووری نیشتمانیی عێراق” لەقەڵەمی داوە. پێداگیری لەوەش کردووە، دەزگا ئەمنییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، بەدوای سەرچاوەکانی هێرشەکاندا دەگەڕێن.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، سوودانی سەرسوڕمانی خۆی دەربڕیوە لەوەی هێرشەکان هاوکاتبوون لەگەڵ واژۆکردنی ڕێککەوتنی نێوان وەزارەتی نەوت و کۆمپانیاکانی ئەمریکا بەمەبەستی بەرهەمهێنان لە چەند کێڵگەیەکی نەوت لە کەرکووک و سەڵاحەدین.

 

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، پشتڕاستی کردووە، کە لە پەیوەندییە تەلەفونییەکەدا، هەڵوەستە لەسەر یاسای حەشدی شەعبی کراوە، کە ئێستا لەبەردەم پەرلەمانی عێراقدایە و لەوبارەیەوە سوودانی گوتوویەتی کە، یاساکە لە چوارچێوەی ئەو چاکسازییە ئەمنییانەدایە کە لەلایەن حکوومەتەوە دەستیپێکردووە و بەشێکە لە بەرنامەی حکوومەت لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەندکراوە، ئەویش پەسەندکردنی یاسای هاوشێوەی بۆ دەزگاکانی دیکە لەناو هێزە چەکدارەکاندا لەخۆگرتووە، وەک دەزگای هەواڵگری و ئەوەش مانای ئەوەیە کە حەشدی شەعبی بەشێکە لە هێزە چەکدارە فەرمییەکانی عێراق.

 

سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوەدا کە “پابەندبوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە گەیاندنی بەرهەمی نەوت و داهاتی نانەوتی بە گەنجینەی فیدڕاڵی، پاڵپشت بە بڕیاری ئەم دواییەی حکوومەت، لە چوارچێوەی دەقەکانی یاسای بودجە، و بڕیاری پێوەندیداری دادگای فیدڕاڵی، یارمەتیدەر دەبێت بۆ چارەسەرکردنی بەربەستە دارایی و یاساییەکانی نێوان حکوومەتی فیدڕاڵی و حکوومەتی هەرێم”.

 

سوودانی، هەروەها، جەختی لەسەر دیدگای ئابووری عێراق کردەوە، گرنگی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆڕی عێراق-تورکییەوە، و وەستاندنی هەموو جۆرەکانی قاچاخچێتی و پراکتیزەکردنی نایاسایی سامانی نەوت”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button