لێژنەی لێکۆڵینەوە: کەتایبی حزبوڵڵا هێرشە قێزەونەکەی کەرخی ئەنجامداوە

سەباح نەعمان گوتەبێژی فەرمی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ڕاگەیەندراوێکی لەمەڕ ئەنجامەکانی لێژنەی لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی سەر بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی کەرخ ڕاگەیاند، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک لە کەسانی مەدەنی و ئەندامانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بوونە قوربانی.
بەگوێرەی ئەنجامەکانی ئەو لێژنەیەی کە بە فەرمانی محەمەد شیاع سوودانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە پێکهاتبوو، گرووپێکی سەر بە حەشدی شەعبی “کەتایبی حزبوڵڵا” هێرشەکەی ئەنجامداوە.
لە ٢٧ی تەممووزی ٢٠٢٥، گرووپێکی چەکدار هەڵیانکوتایە سەر بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی کەرخ لە بەغدای پایتەختی عێراق، کە گوتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە “هێرشە قێزەونەکە” پێناسەی کردووە، لەکاتێکدا دەستەی کارگێڕی بەڕێوەبەرایەتییەکە لە کۆبوونەوەدا بوون، کاتێکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بەدەنگ دەستەی کارگێڕی بەڕێوەبەرایەتییەکەوە چوون، گرووپە چەکدارەکە پەلاماریاندان و لە ئەنجامی دروستبوونی شەڕ و پێکدادانی چەکداری، ژمارەیەک کەسی مەدەنی و ئەندامانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ گیانیان لەدەستدا و بریندار بوون.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ئەو چەکدارانەی هێرشەکەیان ئەنجامداوە، ئەندامانی کەتایبی حزبوڵڵای سەر بە حەشدی شەعبیین، بەدیاریکراوی ئەندامانی لیواکانی ٤٥ و ٤٦ی هێزەکانی حەشدی شەعبی.
گوتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێ، هێرشەکە بەبێ فەرمان و ڕەزامەندی و بە پێچەوانەی ڕێکارە سەربازییە فەرمییەکان ئەنجامدراوە و بەڕێوەبەری دوورخراوەی کشتوکاڵی کەرخ، ئەیاد کازم عەلی، لەم ڕووداوانەدا تێوەگلاوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا زیاتر هاتووە: لێکۆڵینەوەکان، فەرمانە کارگێڕییەکان، بەڵگەنامە فەرمییەکان و دۆسیەی کارگێڕی کەسیی ئەیاد کازم عەلی، بەشداریکردنی لە هەماهەنگی پێشوەختە لەگەڵ هێزە چەکدارەکەدا سەلماندووە. هەروەها ناوبراو، تێوەگلاوە لە گەندەڵی کارگێڕی و خۆدزینەوە و ساختەکردنی چەند بەڵگەنامە و بڕوانامەیەکی فەرمی و لە ساختەکردنی گرێبەستدا، کە بووەتە هۆی دەستبەسەرداگرتنی زەوییە کشتوکاڵییەکان لەلایەن کەسانێکەوە کە خاوەنی زەوییەکان نەبوون.
بۆ لێژنەی لێکۆڵینەوە دەرکەوتووە کە “کەموکوڕی لە پێکهاتەی فەرماندەیی و کۆنترۆڵکردنی هێزەکانی حەشدی شەعبیدا هەبووە” و لەو چوارچێوەیەشدا، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان ڕاسپاردەکانی لیژنەی لێکۆڵینەوەی پەسەند کردووە، لەناویاندا:
- دوورخستنەوەی فەرماندەکانی لیوای ٤٥ و ٤٦ی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە پێگەکانیان.
- پێکهێنانی ئەنجوومەنی لێکۆڵینەوە لە دژی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی جەزیرەی حەشدی شەعبی بەهۆی کەمتەرخەمی لە ئەرکی فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵدا.
- ڕادەستکردنی سەرجەم ئەو کەسانەی دەستیان لە ڕووداوەکەدا هەبووە بە دەسەڵاتی دادوەری.
- لێپرسینەوە لەو کەسانەی کە نەیانتوانیوە ڕێوشوێنی یاسایی و ئەمنی خێرا بگرنەبەر، بەپێی ئەو بەرپرسیارێتیانەی کە پێیان سپێردراوە.
- جەختکردنەوە لەسەر پێویستی چارەسەرکردنی هەر حاڵەتێکی پابەندنەبوون بە دیسپلینییەکان و ڕێکارەکانی جووڵە لەلایەن هەندێک لە پێکهاتەکانی هێزەکانی حەشدی شەعبی.



