هه‌واڵ

دادگەی سلێمانی: سامان سەید عەتار دادوەر نییە و سکاڵای لە دژ تۆمار دەکەین

سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، کەسێک بەناوی سامان سەید عەتار کە خۆی وەک دادوەر ناساندووە، دادوەر و ئەو ناوەی بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی بەكارهێناوە و لەو ڕوانگەیەوە سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمار دەکەن.

 

سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی، ئەمڕۆ پێنجشەم، ٢٨ی ئابی ٢٠٢٥ لە ڕوونکردنەوەیەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە هەندێك تەلەفزیۆن و دەزگای میدیایی چاوپێكەوتن و لێدوانی كەسێك بڵاو دەكرێتەوە بەناوی (سامان سەید عەتار) كە گوایە دادوەرە و وەكوو دادوەر لێدوان دەدات، و لە شوێنانی تریش خۆی بە دادوەر ناساندووە و ئەو سیفەتەی بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی بەكارهێناوە.

 

سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی، ئاگاداری هەموو لایەك دەكاتەوە كە “ئەو كەسە دادوەر نییە و سەربە هیچ دامودەزگایەكی دادوەری نییە، نە ئێستا و نە لە ڕابردووش دادوەر نەبووە، بۆیە قبوڵكراو نییە هیچ دەزگایەكی میدیایی وەكوو دادوەر بیناسێنێت”.

 

سامان سەید عەتار، خەڵکی کەرکووکە و لە ساڵی ١٩٨٣ بۆ سلێمانی ئاوارە بوون؛ چەندین ساڵە بەناوی “حاکم سامان سەید عەتار” دەردەکەوێت. کادیری پێشکەوتووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، ساڵی ٢٠١٩ لە ڕێگەی نامەیەکەوە بۆ مەکتەبی سیاسی و مەڵبەندی ٢ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کەرکووک، خۆی بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک پاڵاوت.

لەو سیڤییەی  لە ٢٧ی حوزەیرانی ٢٠١٩ پێشکەشی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کردووە، ئاماژەی بەوە کردووە، کە دادوەرە لە دادگەی نێودەوڵەتی و ئەندامی دادگەی لاهای و بڕوانامەی دکتۆرای هەیە.

 

سەرۆکایەتی دادگەی سلێمانی زیاتر دەڵێ: “ئێمە وەكوو سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی سكاڵای یاسایی لەسەر كەسی ناوهاتوو و هەر كەسێكی هاوشێوە تۆمار دەكەین بەتۆمەتی بەكارهێنانی نازناوی دادوەر بەشێوەیەكی ناڕاست.”

 

سەرچاوەیەکی ئاگەدار بۆ زێدپرێس ئاماژەی بەوە کرد، کە سامان سەید عەتار لە ناکۆکییەکانی ناوخۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، وەک کەسێکی نزیک لە لاهوور شێخ جەنگی سەرۆکی بەرەی گەل دەرکەوتووە و بەدیاریکراویش لەدوای ڕووداوەکانی ٢٢ی ئابدا.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button