قوباد تاڵەبانی: بە ئامانجگرتنی هاووڵاتییانی مەدەنی تاوانی جەنگە

ئەمڕۆ سێشەم، ٧ی نیسانی ٢٠٢٦، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی پێوەست بە شەهیدبوونی دوو هاوسەرەکەی سنووری پارێزگای هەولێر بڵاوکردەوە، کە لە ئەنجامی هێرشێکی درۆنیدا لەناو ماڵەکەیاندا شەهید بوون.
لەو پەیامەیدا، قوباد تاڵەبانی دەڵێ: “بە ئامانجگرتنی هاووڵاتییانی مەدەنی تاوانی جەنگە و زۆر بە توندی شەرمەزاری دەکەین” و زیاتر گوتوویەتی: “لە دڵەوە پرسە و هاوخەمی قووڵی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری هەردوو شەهیدەکەی شەوی رابردووی گوندى زهرگهزهويى سهر به پارێزگاى ههولێر دەکەین”.
کاتژمێر ١٢:١٥ خوولەکی شەوی ڕابردوو، لە ئەنجامی هێرشێکی درۆنی، دوو هاوسەر بەناوەکانی مووسا ئەنوەر تەمەن ٣٩ ساڵ و موژدە ئەسعەد تەمەن ٣٥ ساڵ لەناو ماڵەکەیاندا شەهید بوون.
دژە تیرۆری کوردستان دوای ڕووداوەکە ئاشکرای کرد، ئەو درۆنەی هێرشەکەی پێ ئەنجامدراوە، لە ئێرانەوە ئاڕاستە کراوە.
لە دەستپێکی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی هێرشێکی قورس و بەرفرەوانی درۆنی و مووشەکی بووەتەوە و لەو چوارچێوەیەشدا زیاتر لە ٦٠٠ هێرشی درۆنی و مووشەکی بۆ سەر شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە و ١٦ هاووڵاتیی مەدەنییش لە ئەنجامی هێرشەکاندا شەهید بوون.
هێرشەکان لەلایەن گرووپە میلیشیا عێراقییەکانی سەر بە ئێران و خودی ئێرانەوە ئەنجام دەدرێن.



