هه‌واڵ

نزیکەی ١٧ هەزار کرێکاری بیانی بەڕێگەی وەزارەتی کارەوە هاتوونەتە کوردستانەوە

زێدپرێس-هەولێر

لەماوەی چوار ساڵی تەمەنی ئەم کابینەیەی حکوومەتدا، نزیکەی ١٧ هەزار کرێکاری بیانی بەڕێگەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییەوە، هاتوونەتە هەرێمی کوردستانەوە. وێڕای بانگەشەکانی سنووردارکردنی هێنانی کرێکاری بیانی و ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ کرێکاری ناوخۆیی، بەڵام ژمارەی کرێکارانی بیانی لە کوردستاندا بەرزتربووەتەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، کە وێنەیەکی دەست زێدپرێس کەوتووە، لە ساڵی یەکەمی دەستبەکاربوونی وەزارەتەکە لە چوارچێوەی کابینەی نوێی حکوومەت (٢٠١٩)، وەزارەتی کار ڤیزای هاتنەناوەوەی بۆ پێنج هەزار و ١٥٠ کرێکاری بیانی دابین کردووە، کە بەمەبەستی کارکردن و بەڕێگەی یاسایی هاتوونەتە هەرێمی کوردستانەوە.

بەپێی راپۆرتەکە، لەماوەی ساڵی دووەمی وەزارەتەکە، سێ هەزار و ٦٨٨ کرێکاری بیانی بەڕێگەی وەزارەتی کارەوە هاتوونەتە کوردستانەوە. هەروەک بەپێی خشتەیەکی تایبەت، کە هاوپێچی ڕاپۆرتەکە کراوە، لە ساڵی ٢٠٢٢یشدا، حەوت هەزار و ١٤٨ کرێکاری بیانی بەمۆڵەتدانی وەزارەتی کار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان.

لە چەند مانگی سەرەتای ئەمساڵیشدا ٩٢٠ کرێکاری بیانی هاتوون، کە سەرجەمیان کرێکاری خزمەتکاری ماڵانن و هیچ کرێکارێکی پڕۆژەکان لەو ماوەیەدا و بەڕێگەی وەزارەتی کارەوە، نەهاتووەتە کوردستانەوە.

بەو پێیە، لەماوەی ئەم کابینەیەی حکوومەتدا، بە دیاریکراوی ١٦ هەزار و ٩٠٦ کرێکاری بیانی بە یاسایی و بەمەبەستی کارکردن هاتوونەتە هەرێمی کوردستانەوە.

هێشتا ڕوون نییە، کە ئامارەکە ئەو کرێکارانەیش دەگرێتەوە کە لە پڕۆژەکانی نەوت و پڕۆژەکانی دیکەدا کاردەکەن یان نا. جگە لەوەی ژمارەی ئەو کرێکارانەیش لەخۆناگرێت کە بە نایاسایی و لە دەرەوەی مەرج و ڕێنماییەکان هاتوونەتە کوردستانەوە.

ساڵی ڕابردوو، لەسەر پێشنیازی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا، کە لە هەر پڕۆژەیەکدا دەبێت ٧٥٪ی کرێکاران ناوخۆیی بن و تەنیا ڕێگە بە کارکردنی ٢٥٪ی کرێکارانی بیانی دەدرێت. ئەوەش وەک پاڵپشتییەک بۆ ڕەخساندنی هەلی کار بۆ کرێکارانی ناوخۆ.

کرێکارانی بیانی بەگشتی لەڕێگەی کۆمپانیاکانی هێنانی دەستی کارەوە، دەهێنرێنە هەرێمی کوردستانەوە. ساڵی ٢٠١٥، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ڕاپۆرتێکی لەمەڕ کرێکارانی بیانی لە هەرێمی کوردستان بڵاو کردەوە و ئاشکرای کرد، ١٥١ کۆمپانیای هێنانی کرێکاری بیانی لە کوردستاندا تۆمار کراون، بەڵام ٣٩ لە کۆمپانیاکان بەهۆی سەرپێچی یاساییەوە ڕاگیراون و تەنیا ١١٢ کۆمپانیا لەو بوارەدا کاردەکەن؛ لە هەولێر ٦٠ کۆمپانیا، سلێمانی ٢٩ کۆمپانیا، دهۆک ٢١ کۆمپانیا، گەرمیان یەک کۆمپانیا و کۆمپانیایەکی دیکەیش لە زاخۆ کاردەکات.

ئەوکات دەستەی مافی مرۆڤ پاڵپشت بە داتاکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ڕوونی کردبووەوە، لەماوەی ساڵی ٢٠٠٧ تا ٢٠١٥، بەدیاریکراوی ١٨ هەزار و نۆ کرێکاری بیانی هاتوونەتە کوردستانەوە. لەو ژمارەیەشدا بەڕێژەی ٥٢٪ی کرێکارانی بیانی خزمەتکاری ماڵان و ڕێژەی ٤٨٪یان ئەو کرێکارانەن کە لە پڕۆژەکاندا کاردەکەن.

بەراورد بە ئاماری هاتنی کرێکارانی بیانی لەماوەی ٢٠٠٧ تا ٢٠١٥، کە نۆ ساڵ دەکات و لەو نۆ ساڵەدا ١٨ هەزار کرێکار هاتوونەتە هەرێمی کوردستانەوە، لەو چەند ساڵەی ڕابردوودا و وێڕای بانگەشەکانی سنووردارکردنی هێنانی کرێکاری بیانی و ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ کرێکاری خۆماڵی، بەڵام بە پێچەوانەوە ژمارەی کرێکارە بیانییەکان لە کوردستان بەرەو هەڵکشان چووە، لەکاتێکدا لەماوەی چوار ساڵدا بەنزیکەی ١٧ هەزار کرێکاری بیانی تۆمار کراوە، ئەوە، ئەگەر بەراورد بکرێت بە ١٨ هەزار کرێکاری بیانی لەماوەی نۆ ساڵدا.

پێشتر، بەرپرسانی وەزارەتی کار بڵاویان کردووەتەوە، کە بە خەمڵاندن نزیکەی ١٠٠ هەزار کرێکاری بیانی لە هەرێمی کوردستاندا کاردەکەن، بەڵام بەڕێژەی تەنیا ٤٪یان لەڕێگەی وەزارەتی کارەوە هاتوون.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...