هه‌واڵ

ئاسایش: ئیسلام کەشانی لەسەر کاری ڕۆژنامەوانی دەستگیرنەکراوە

زێدپرێس

نووسینگەی زاخۆی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەگوێرەی بەدواداچوونەکانیان لەگەڵ ئاسایشی دەڤەرەکە، پێیان ڕاگەیەنراوە، کە کادیر و میدیاکارەکەی یەکگرتووی ئیسلامی لەسەر کاری ڕۆژنامەوانی دەستگیر نەکراوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەم ٢٤ی ئابی ٢٠٢٣، نووسینگەی زاخۆی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی دەستگیرکردنی ئیسلام کەشانی بڵاوکردەوە.

ئیسلام کەشانی کارگێڕی مەڵبەندی زاخۆ و بەرپرسی نووسینگەی زاخۆی کەناڵی سپێدەی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانە، کە بەیانی ئەمڕۆ لەلایەن کەناڵەکە و بەرپرسی مەڵبەندی ١٣ی حزبەکەیەوە ڕاگەیەنرا، ناوبراو لەلایەن هێزێکی ئاسایشەوە ڕفێنراوە.

سەندیکای رۆژنامەنووسان لە ڕوونکردنەوەکەیدا باس لەوە دەکات، کاتژمێر ٩:٤٥ خوولەکی بەیانی ئەمڕۆ، ڕۆژانامەوان ئیسلام عەلی عەبدی ناسراو بە ئیسلام کەشانی، پێشکەشکار لە کەناڵی خابیر لە زاخۆ، لەلایەن ئاسایشەوە دەستبەسەر کرا.

سەندیکای ڕۆژنامەنووسان ئاماژەی بەوە کردووە، پاش ئەوەی پەیوەندییان بە ئاسایشی زاخۆوە کرد، بۆ زانینی هۆکاری دەستگیرکردنی ناوبراو، ئەوان لای خۆیانەوە باسیان لەوە کرد، کە دەستگیرکردنی کەشانی، لەسەر کێشەی ڕۆژنامەوانی نییە و لە چەند کاتژمێری داهاتوودا هۆکارەکەی ڕوون دەبێتەوە.

زیاتر دەڵێ، لای خۆیانەوە پەیوەندییان بە بەڕێوەبەری کەناڵی خابیرەوە کردووە و ئاگاداریان کردوونەتەوە، چاوەڕوانی ڕوونکردنەوەی ئاسایش بکەن بۆ دەستنیشانکردنی هۆکاری دەستگیرکردنەکەی.

هەر ئەمڕۆ، تۆڕی میدیایی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئیسلام کەشانی لە کاتژمێر ٩:٤٥ خوولەکی بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەم، بەمەبەستی چوون بۆ کاری میدیایی خۆی لە نووسینگەی کەناڵی ئاسمانی سپێدە و دەزگای خابیر، لە ماڵ دەرچووە و پێش ئەوەی بگاتە شوێنی فەرمی کارەکەی، “هێزێکی ئاسایش دەیگرن و دەیڕفێن”.

لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە، “ئەم هەنگاوەی ئاسایشی زاخۆ پێچەوانەی یاسای ڕۆژنامەگەری کوردستان ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧ە، کە لەو یاسایەدا هاتووە: گرتنی ڕۆژنامەنووسان دەبێ بە بڕیاری دادوەر و بە ئاگاداری  سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان بێت” .

زیاتر دەڵێ “ڕفاندنی بەم شێوازە، ئەوەندەی تر ئەزموونی حوکمڕانی هەڕێم دەخاتە ژێر پرسیارەوە .”

لە کۆتایی ڕوونکردنەوەکەشدا دەڵێ “تۆڕی میدیایی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، بە توندی ئیدانەی ئەم کردارە نابەرپرسانەیە دەکات و ڕایدەگەیەنێت کە سەلامەتی گیانی ڕۆژنامەنووس ئیسلام کەشانی لە ئەستۆی دەزگای ئاسایشی  و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆیە و داواکارین بە زووترین کات ئازاد بکرێت” .

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...