هه‌واڵ

لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران باسی بەرهەمهێنانی وزەی ناووکی کرا

زێدپرێس

بە سەرپەرشتی محەمەد شەیاع سودانى سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئاسایشی نیشتمانی بەڕێوەچوو، لەلایەن وەزیری خوێندنی باڵاوە، باس لە بەرهەمهێنانی وزەی ناووکی کرا بەمەبەستی بەرهەمهێنانی کارەبا.

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم ٣٠ی ئابی ٢٠٢٣، بە سەرپەرشتی محەمەد شەیاع سودانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، بە ئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجوومەنەکە لەناویاندا فەریق ڕوکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئاسایشی نیشتمانی بەڕێوەچوو.

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی پێشمەرگە، لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهاتە ئەمنییەکان و گرنگترین ئاستەنگییەکان و ڕێگاکانی ڕووبەڕووبوونەوەیان تاوتوێ کرا.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، ئەنجوومەنەکە میوانداری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و وەزیری کارەبا و لیژنەی تەکنیکی پرۆژەکانی کەهرۆنەوەوی کرد، کە تیایدا گفتوگۆیان کرد لەبارەی وەبەرهێنانی وزەی ناووکی، بۆ دەستپێکردن بە دروستکردنی کارلێکەری ناوەکی سنووردار بۆ مەبەستی ئاشتیخوازانە و بەرهەمهێنانی وزەی کارەبای خاوێن، کە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی پشتبەستن بە سەرچاوەکانی تری وزە وەک گاز و نەوت و کاریگەری ئەرێنی دەبێت لەسەر سەقامگیری وزەی کارەبا بۆ ماوەیەکی درێژ.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، کە لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، هەڵسەنگاندن بۆ قۆناغی دووەم کرا و دەست کرا بە قۆناغی سێیەم بۆ پلانی گواستنەوەی بەرپرسیارێتی ئەمنی لە وەزارەتی بەرگرییەوە بۆ وەزارەتی ناوخۆ، دوای سەرکەوتنی قۆناغی یەکەم، کە پارێزگاکانی (موسەنا و دیوانیە و واست)ی لەخۆگرتبوو، لە کاتێکدا قۆناغی دووەم پارێزگاکانی (نەجەف و زیقار) لەخۆدەگرێت و چاوەڕوان دەکرێت قۆناغی سێیەم پارێزگاکانی (سەلاحەدین و ئەنبار و نەینەوا) بگرێتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...