هەولێر؛ کاری نەشیاو لە چەند سەنتەرێکی مەساج دەکرا و داخران
زێدپرێس
لەلایەن لیژنەکانی قایمقامیەتی هەولێرەوە، پێنج کافتریا و سێ سەنتەری مەساج داخران، بەهۆی کاری نەشیاوەوە و لەو چوارچێوەیەشدا ٧ ئافرت و ٢ پیاو دەستگیر کران.
نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر ئاشکرای کرد، شەوی ڕابردوو ٣٠/٣١ی ئابی ٢٠٢٣، لەلایەن لیژنەکانی قایمقامیەت و پۆلیسی شارەوانی لە قایمقامیەت، هەڵمەتێکی چڕ و فرەوان لەناو شاری هەولێر بۆ سەر کافتریا و شوێنەکانی شێلان(مەساج) ئەنجامدراوە و لەو چوارچێوەیەشدا، ٥ کافتریا و ٣ سەنتەری مەساج داخراون، کە کاری نەشیاویان تێدا دەکرا.
قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر، ئاشکرای کرد، لە هەڵمەتەکەدا ٧ ئافرەت و ٢ پیاو دەستگیر کراون، بەهۆی ئەوەی “کاری نەشیاو و دوور لە کەلتوور و عورفی کۆمەڵگا و دوور لە یاسا”یان ئەنجامداوە.
بەگوتەی نەبەز عەبدولواحید، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ گیراوەکان لەلایەن پۆلیسی قایمقامیەت و پۆلیسی نەهێشتنی تاوان کراوەتەوە و ڕەوانەی بەردەم دادوەر کران.
قایمقامی هەولێر، ئاماژەی بەوەش دا، ئەو هەڵمەتە بەردەوام دەبێت لەلایەن لێژنەکانی قایمقامیەتی قەزای ناوەندی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێرەوە.
سەنتەرەکانی مەساج پێکدێن لە:
- سەنتەری سپا زرقا
- سەنتەری شەنگ و شێلان(سپای ڤینۆس)
- سەنتەری مەساجی ئێچ کەی هان