هه‌واڵ

یەکگرتووی ئیسلامی داوای لێپرسینەوە لە بەرپرسانی ڕووداوەکانی کەرکووک دەکات

زێدپرێس

 

ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا لەبارەی گرژی و ئاڵۆزییەکانی کەرکووک نیگەرانی دەردەبڕێت و داوا دەکات پێکەوەژیان و گفتوگۆ ببێتە بەردی بناغەی چارەسەری کێشەکانی کەرکووک.

 

دەقی ڕاگەیەنراوەکە:

 

بە ناوی خودای بەخشندەی میهرەبان

ئێمە لە یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بەوپەڕی نیگەرانییەوە سەیری ڕووداوەکانی ئەمڕۆی شاری کەرکووکی خۆشەویست دەکەین کە بەداخەوە بۆتە هۆی شەهیدبوون و برینداربوونی ڕۆڵەکانی کورد.

 

وێڕای ئیدانەکردنی بەکارهێنانی هێزی سەربازی لە دژی هاووڵاتیانی مەدەنی، داواکارین حکوومەتی فیدراڵ و خۆجێیی بەزووترین کات ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ لێپرسینەوە لە بەرپرسانی ڕووداوەکان تا ڕێگری بکرێت لەدووبارەبوونەوەیان.

 

یەکگرتوو هەر لەسەرەتاوە دژ بووە بە ململانێی بچوکی  حیزبی و  قوربانیدانی بەرژەوەندییە گشتییەکان لە پێناو بەرژەوەندییە حیزبی و تایبەتییەکان، ناکرێت سەرەڕای ئەو هەموو باردۆخە سەختانە بارگرانییەکی تر بۆ هاووڵاتیان دروست بکرێت و ڕێگەی دوو شار دابخرێت، بۆیە یەکگرتوو لە پێناو ئارامی شارەکەدا دروشمی (پێکەوەژیان)ی لە کەرکووک بەرزکردۆتەوە ئێستاش داوا دەکات پێکەوەژیان و گفتوگۆ ببێتە بەردی بناغەی چارەسەری کێشەکانی کەرکووک.

 

یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان

ئەنجوومەنی جێبەجێکردن

2/9/2023

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button