هه‌واڵ

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران ڕاگەیەنرا

زێدپرێس

 

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ چوارشەم ٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٣ بڵاوکردەوە، کە ئەمە دەقەکەیەتی:

 

ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات شایستە داراییەکانی هەرێم بەو ژمارانەی لە خشتەکانی بودجەدا هاتوون، بۆ هەرێم خەرج بکات

* پێویستە بەغدا مانگانە شایستە داراییەکانی هەريم بە پێی بودجە کە یەک ترلیۆن و375 ملیار دینارە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت کە 906 ملیار دیناری تەرخانکراوی مووچەیە، بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێم بتوانێت مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بدات.

* ئەنجومەنی وەزیران، پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدانی ڕووداوەکانی کەرکووک دەربڕی و بە توندی سەرکۆنەی ئەو توندوتیژیەی کرد کە بەرامبەر هاووڵاتییانی سیڤلی کەرکووک کرا.

 

ئەمڕۆ چوارشەممە 2023/9/6 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران بە ناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدانی ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی کەرکووک دەربڕی و هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ بریندارەکان خواست. لە هەمانکاتدا ئەنجوومەنی وەزیران بە توندی سەرکۆنەی ئەو توندوتیژییەی کرد کە بەرانبەر هاووڵاتییانی سیڤلی کەرکووک کرا کە بە شێوەیەکی زۆر ئاشتییانە خۆپێشاندانیان کرد و ناڕەزاییان بەرانبەر ئەو ستەمەی لە هاووڵاتییانی کوردی کەرکووک دەکرێت نیشاندا، بەڵام بەداخەوە بە تەقەکردن و خوێنڕشتن وەڵامیان درایەوە.

ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە حکوومەتی فیدڕاڵ و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات، کە ئەوانەی چەکیان بەکارهێناوە بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی خۆپیشاندەران و بوونە هۆی شەهیدکردنی هاووڵاتییانی سیڤیل لە کەرکووک، پێویستە بە زووترین کات ڕێکاریی یاسایی و قەزاییان لەبەرانبەردا بگیرێتەبەر و بدرێن بە دادگا تا بە سزای خۆیان بگەن.

پاشان گفتوگۆ لەبارەی دوا پێشهاتەکانی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی فیدراڵ بۆ ساڵی دارایی 2023 کرا، دواتر ئەنجامی گفتوگۆی شاندی دانوستانی هەرێمی کوردستان لە دواکۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی حکوومەتی فیدراڵ لە بەغدا لەبارەی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، لەلایەن ئەندامانی شاندەکە خرایە ڕوو.

سەرۆک وەزیران بە ناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، سوپاس و پێزانینی ئاراستەی شاندی حکوومەتی هەرێم کرد کە بە باشترین شێوە و بە داتا و زانیاری وردەوە و پشتبەست بە بەڵگە دەستووریی و قانوونییەکان، داکۆکیان لە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە. ئەوەش دووپاتکرایەوە کە حکوومەتی هەرێم خۆی بە بەرپرسیار دەزانێ بۆ هەر هەوڵێک کە پێویست بێت بۆ دابینکردنی مووچە و شایستەکانی هەرێم، کە جێگەی داخ و نیگەرانیمانە بەهۆی خەرجنەکردنیی شایستەکانی هەرێـم لەلایەن بەغدا، مووچەخۆران دوو مانگە مووچەیان دواکەوتووە، لە کاتێکدا هەرێم هەرچی پێویست بووە و هەر پابەندییەک بەرانبەر حکوومەتی فیدراڵ هەبێت لە چوارچێوەی یاسای بودجە و دەستوور جێبەجێی کردووە.

ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە لەبەرانبەر پابەندییەکانی هەرێم، پێویستە کۆی گشتی شایستەی داراییەکانی بۆ خەرج بکرێت کە بە گوێرەی خشتەکانی بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023 دەکاتە بڕی 16 تریلیۆن و 498 ملیار دینار، کە مانگانە بە گوێرەی ژمارەکانی بودجە دەکاتە یەک ترلیۆن و 375 ملیار دینار، بەڵام ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی خۆی لە ڕۆژی 2023/9/3 لە دەرەوەی خشتەکانی بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێم، بریاریدا کە بە شێوازی قەرز، تەنیا بڕی 500 ملیار دینار لە مانگەکانی 9، 10 ،11 خەرج بکرێت, لە کاتێکدا لە دوای مانگی 6 ەوە ، هیچ بڕە پارەیەک بۆ مووچەی مانگەکانی 7 و 8 خەرج نەکراوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەر لەگەڵ کەوتنەبواری جێبەجێکردنی یاسای بودجەی عێراق لە 2023/6/25، هەرێم پابەندییەکانی خۆی بە گوێرەی یاسای بودجە جێبەجێ کردووە.

ئەنجوومەنی وەزیران لە بەر ڕۆشنایی ئەو ڕاستییانەدا، داوا دەکات ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق چاوخشاندنەوەی پێویست و دادپەروەرانە بە بڕیارەکەیدا بکاتەوە و شایستە داراییەکانی هەرێم بەو ژمارانەی لە خشتەکانی بودجە هاتوون بۆ هەرێم خەرج بکات، بە تایبەتیش تەرخانکراوەکانی مووچە کە مانگانە 906 ملیار دینارە تا هەرێمی کوردستانیش بتوانێت مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بدات، هاوشانی مووچەخۆرانی سەرتاسەری عیراق کە مانگانە بەبێ دواکەوتن بۆیان خەرج دەکرێت، بۆیە پێویستە بە هەمان پێوەر، تەرخانکراوەکانی مووچەی هەرێم لە ناو بودجەی عێراق وەک خۆی خەرج بکرێت و بەشێوەیەکی جیاواز و نادادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ هەرێم نەکرێت، بەڵکو بەپێی دەستوور و چوارچێوەی بنەمای یەکسانی لەبەرانبەر جێبەجێکردنی یاساکان ڕەفتاری لەگەڵ بکرێت.

لە هەمانکاتدا ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێم دەکات کە یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بن لە داکۆکیکردن لە ماف و دەسەڵات و شایستە دەستوورییەکانی هەرێم. بۆ ئەم مەبەستەش، پێشنیازی سازدانی کۆبوونەوەیەکی فراوانی هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێم کرا بۆ خستنەڕووی ڕاستییەکان. هەروەها ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە هێز و لایەنە سیاسییە سەرەکییەکانی پێکهێنەری حکوومەتی عێراق دەکاتەوە، کە شایستەکانی هەرێم وەک لە خشتەکانی بودجەدا هاتووە، خەرج بکرێت و پابەند بن بە مینهاجی وەزاریی و ڕێککەوتنە سیاسییەکانی پێکهێنانی حکوومەت و لەو چوارچێوەیەشدا، مامەڵە لەگەڵ ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بکەن.

ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەکات، کە پشتیوانی هەرێمی کوردستان بن لە بەدەستهێنانی مافە دەستووریی و شایستە داراییەکانی بەپێی دەستوور و ڕێککەوتنەکان و ڕێگە نەدەن چیتر مافەکانی خەڵکی کوردستان بە ناڕەوا پێشێل بکرێن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button