هه‌واڵ

لە هەولێر دەستبەسەر ٥١ کیلۆگرام کریستاڵدا گیرا

زێدپرێس

 

بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، ئاشکرای کرد، لە چالاکییەکدا دەستیان بەسەر بڕی ٥١ کیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا گرتووە و هەروەها ٣ تۆمەتباریش گیراون.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ یەکشەم ٢٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ئاشکرای کرد، لە ڕێککەوتی ٢٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٣ دوای وەرگرتنی فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاساییش لەسەر تۆڕێکی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر، بەڕێوەبەرایەتییەکەیان بەهاوکاری بەڕێوەبەرایەتی بەداواداچون و چاودێری لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش، توانیویانە دەست بەسەر بڕی ٥١ کیلۆگرام لە ماددەی هۆشبەر لە جۆری کریستال بگرن و هەر لەم چالاکییەشدا ٣ تۆمەتبار دەستگیرکران، کە ماوەیەکی زۆرە کاری بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەرەوە دەکەن.

بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، تۆمەتباران پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.

بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان ڕوونی کردووەتەوە، ئەو بڕە ماددەیەی کە لەم چالاکییەدا دەستی بەسەرداگیراوە، بایی زیاتر لە ١٠٠ هەزار جار بەکارهێنانە، کە بەهۆیەوە چەندین کێشەی خێزانی لێدەکەوتەوە و ژمارەیەکی زۆر لە تاوانی جۆراوجۆری لەناو کۆمەڵگادا پێ ئەنجام دەدرا.

زیاتر دەڵێ “بە هەموو ئەو کەسانە ڕادەگەیەنین، کە کاری بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەرەوە دەکەن، دڵنیایان دەکەینەوە کە بەڕێوەبەرایەتییەکەمان لە هەوڵ و شەونخونییەکانی بەردەوام دەبێت بۆ دەستگیرکردن و بنبڕکردیان، ئەوەی ماوەتەوە لەگەڵیاندا تەنیا کاتە”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...