پارتی و گۆڕان ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە
زێدپرێس
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوە هاوبەشەکە، هەردوو حزبەکە پێداگیربوون لەسەر “بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانیان” و بەتایبەت لە “پاڵپشتیکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەنگاوەکانی لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵ لەپێناو دابینکردنی مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان و شایستە داراییەکان”.
ئەمڕۆ، ٢٤ى ١٠ى ٢٠٢٣، لەبارەگاى پارتى دیموکراتى کوردستان لە پیرمام، کۆبونەوەى هاوبەشى نێوان بزووتنەوەى گۆران و پارتى دیموکراتى کوردستان ئەنجامدرا، بەپێى ڕاگەیەنراوى هاوبەشى نێوانیان، “لە کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی هەستیاری ناوچەکە بە گشتی عێراق و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی گفتوگۆیان لەبارەوە کرا”.
شاندی بزووتنەوەی گۆڕان لە عومەر سەید عەلی، مستەفا سەید قادر، ئاسۆ ڕەحیم، کاردۆ محەممەد، دلێر عەبدولخالق و بەختیار ئەولی و شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان لە فازڵ میرانی، سیداد بارزانی، هۆشیار زێباری، مەحموود محەممەد، جەعفەر ئیمێنکی و پشتیوان سادق پێکهاتبوو.
ڕاگەیەندراوەکە دەڵێ: “هاوکات، هەردوولا کۆک بوون بە کۆکردنەوەی هەموو هێز و تواناکان بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و دانانی ستراتیژیەتی هاوبەشی نیشتمانی هێز و لایەنە سیاسییەکان بۆ هەڵگرتنی بەرپرسارەتی قۆناغەکە”.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا “جەخت لە بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی هەردوولا کرایەوە بە تایبەتی پاڵپشتیکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەنگاوەکانی لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵ لە پێناو دابینکردنی مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان و شایستە داراییەکان لە نێوانیاندا مووچەی مووچەخۆران و باشترکردنی بژێوی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییانی کوردستان”.