هه‌واڵ

سێ وەزیری حکوومەتی عێراق دەستلەکاردەکێشنەوە

زێدپرێس

 

دوابەدوای بڕیاری دادگای فیدڕاڵی، بە هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتی محەمەد حەلبووسی لە ئەنجوومەنی نوێنەران، سێ وەزیری حکوومەتی عێراق دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان پێشکەش دەکەن.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەم، ١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، چەند کەناڵێکی ناوخۆیی عێراق بڵاویان کردەوە، کە هەریەک لە محەمەد تەمیم، وەزیری پلاندانان، خالید بەتال، وەزیری پیشەسازی و ئەحمەد بەدرانی، وەزیری ڕۆشنبیری حکوومەتی عێراق دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەش کردووە.

دەستلەکارکێشانەوەی سێ وەزیرەکە، دوای دوورخستنەوەی محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دێت، کە ئەندامێتییەکەی لەلایەن دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراقەوە هەڵوەشێندرایەوە.

هەر سێ وەزیرەکە لە پشکی پارتی تەقەدوومن، کە لەلایەن حەلبووسییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت.

ئەمڕۆ سێشەم، ١٤ی تشرینی دووەم، دادگای فیدڕاڵی عێراق بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتی محەمەد حەلبووسی لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەرکرد.

بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵی، لەسەر سکاڵایەکی لەیس دلێمی، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بوو. دلێمی، لە شوباتی ساڵی ڕابردوو، حەلبووسی بە ساختەکردنی نووسراو تۆمەتبار کرد و ئاماژەیدا، کە حەلبووسی نووسراوی دەستلەکارکێشانەوەی بە واژۆی خۆی پێ پڕکردووەتەوە، بەو مانایەی کە ناچار بە دەستلەکارکێشانەوەی کردووە. دواتریش، نووسینگەی ڕاگەیاندنی محەمەد حەلبووسی، بڕیاری دوورخستنەوەی لەیس دلێمی لە ڕیزەکانی پارتی تەقەدووم ڕاگەیاند.

محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی بە “سەیر” ناوبرد و ڕایگەیاند “سەرم سوڕماوە لە بڕیارەکەی دادگا و نازانم ئەم بڕیارە لەکوێوە هاتووە”. حەلبووسی گوتیشی کە ڕێکاریی یاسایی لەبەردەگرێت بۆ پاراستنی مافە دەستورییەکانی.

بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی بە بنبڕ هەژمار دەکرێن و شیاوی تانەدان نین.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...