هه‌واڵ

عێراق ژمارەیەک ئاژانسی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوی کوردستانی قەدەغە کرد

زێدپرێس

 

بە بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق، کارکردنی ژمارەیەک ئاژانسی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوی کوردستانی و عێراقی قەدەغە دەکرێت، لەپاڵ وەرگرتنی هەر هاوکارییەکی ماددی بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بەگوێرەی نووسراوێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکوومەتی عێراق، کە بریکاری وەزیر بۆ کاروباری توێژینەوەی زانستی واژۆی لەسەر کردووە و ئاڕاستەی تەواوی زانکۆ حکومی و تایبەتەکانی عێراق کراوە، کارکردنی ژمارەی ئاژانسی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی لە عێراق قەدەغە کراوە.

نووسراوەکە، ئاماژە بە بڕیاری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ٢٠ی تەمووزی ٢٠٢٣ و نووسراوی وەزیری پلاندانانی عێراق لە ١٠ی ئابی ٢٠٢٣ دەکات، لەسەر ڕاگرتنی هەر کار و مامەڵەیەک لەگەڵ ئەو ئاژانس و ڕێکخراوانە.

هەر لە نووسراوەکەدا، بەدیاریکراوی ئاماژە بە ڕێکخراوەکانی (سەنتەری میدیای سەربەخۆ لە هەرێمی کوردستان، ڕێکخراوی پەرەپێدانی ئافرەتان، ڕێکخراوی ئێمە، ڕێکخراوی عێراق کوین، ڕێکخراوی HIVOSی هۆڵەندی، کۆمەڵەی ئەمەلی عێراقی، ڕێکخراوی ئازادی ئافرەتان، ڕێکخراوی ئافرەتان لەپێناو ئاشتی، دەزگای مەسارات بۆ پەرەپێدانی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن، ڕێکخراوی UPPی ئیتاڵی و ڕێکخراوی UNFPAی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان کراوە.

هەر لەهەمان نووسراودا، ئاماژە بە ڕاگرتنی هەر پاڵپشتییەکی ماددی لە ڕێگەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە کراوە، کە بە ڕاستەوخۆ یان بە شێوەی ناڕاستەوخۆ و لە ڕێگەی ڕێکخراوەکانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەوە بێت.

هەرچەند لە نووسراوەکەدا هۆکاری ڕێگری لە کارکردنی دامەزراوە فەرمییەکان لەگەڵ ئەو ئاژانس و ڕێکخراوانە ئاماژەی بۆ نەکراوە، بەڵام وا دەردەکەوێت، بەهۆی کارکردنی ئاژانس و ڕێکخراوەکان بێت لەسەر پرسی ئافرەتان و بەدیاریکراویش چەمکی جێندەر کە لەماوەی ڕابردوودا، لەژێر کاریگەری ناوەندە ئایینییەکانی شیعە، حکوومەتی عێراق بڕیاری قەدەغەکردنی بەکارهێنان و کارکردن لەسەر چەمکەکەی کرد و ئەو ئاڕاستەی کارکردنەیش لە عێراقەوە گەیەندرایە هەرێمی کوردستان و لەلایەن حکوومەتی هەرێم و فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی هەرێمی کوردستانەوە بە فەرمی سەپێندرا.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...