هه‌واڵ

مەکتەبی سیاسی پارتی: بڕیارەکانی دادگەی فیدڕاڵی پێچەوانەی دەستوورن

مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی پێچەوانەی ڕۆحی دەستوور و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانن.

 

ئەمڕۆ پێنجشەم، ٢٢ی شوباتی ٢٠٢٤، مەکتەبی سیاسی پارتی ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی دوایین بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵیی عێراق لەمەڕ یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بڵاوکردەوە.

مەکتەبی سیاسی پارتی، بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی بە پێچەوانەی ناوەڕۆکی دەستوور و پڕەنسیپی فیدڕاڵی و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لەقەڵەم دەدات و داکۆکی و پشتیوانیش لە مافی پێکهاتەکان دەردەبڕێت.

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

سەبارەت بە دوایین پەرەسەندنەكانی ئەم دواییەی عێراق و ناوچەكە، مەكتەبی سیاسیی پارتیمان ڕۆژی پێنجشەممە 22ی شوباتی 2024 بە سەرپەرشتیی سەرۆك بارزانی كۆبوویەوە. یەكێك لە تەوەرەكانی كۆبوونەوە، تاوتوێكردنی بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی بوو كە لە ڕۆژی چوارشەممە 21ی شوباتی 2024 دەرچوون.

ئەم بڕیارانە پێچەوانەی ڕۆحی دەستوور و مافە دەستووریەكانی هەرێمی كوردستان و بنەماكانی فیدڕاڵی و پڕەنسیپی لێكجیاكردنەوەی دەسەڵاتەكانن كە لە دەستووری عێراقدا جێگیر كراون.

 

لەسەر ئەم تەوەرە، مەكتەبی سیاسیی پارتیمان جەخت لەم خاڵانە دەكاتەوە:

  1. داكۆكیكردن لە مافی پێكهاتەكان و پشتیوانیكردنیان لە بەشداریی و هاوبەشییان لە دامەزراوە دەستوورییەكان.
  2. پارتیمان پشتیوانیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكات تا وەكو لەگەڵ حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق گفتوگۆكانی لەسەر شایستە داراییەكانی هەرێم لە چوارچێوەی دەستوور، بەردەوام بێت.
  3. بڕیاری پەیوەست بە یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەڵبژاردن و گۆڕینی بەشێك لە بڕگەكانی، پێچەوانەی دەستوور و سروشتی لێكجیایی دەسەڵاتەكانە.

 

مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان

22ی شوباتی 2024

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...