هه‌واڵ

پارێزگای هەولێر: ئاهەنگی سەری ساڵ لە هەولێر ساز ناکرێت

زێدپرێس

 

بە بڕیاری پارێزگای هەولێر، ئەمساڵ هیچ بۆنە و ئاهەنگێکی تایبەت بە سەری ساڵی نوێ لە هەولێر ساز ناکرێت، ئەوەش وەک ڕێزگرتن لە گیانی قوربانییانی هەردوو ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی قەزای حەمدانیە و ئیدارەی سۆران.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ دووشەم، ١٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر و ئامادەبوونی ھەریەک لە ھێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانی پارێزگار و ئەکرەم ئەحمەد، یاریدەدەری پارێزگار، سەبارەت بە ڕێورەسمی کریسمس و شەوی سەری ساڵ و ئامادەکارییەکانی ماڵئاواییکردن لە ٢٠٢٣ و پێشوازیکردن لە ساڵی نوێ، لە دیوانی پارێزگا، کۆبوونەوەیەک لەگەڵ قایمقامی ناوەند و قایمقامی عەنکاوە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی گشتیی گەشتوگوزار و تەندروستی و بەڕێوەبەرانی ھێزەکانی ناوخۆ و زێرەڤانی سازکرا.

بەپێێ ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، پارێزگاری ھەولێر، ئاماژەی بەوەداوە، بەھۆی کارەساتی قەزای حەمدانیە و ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەکی شاری سۆران، کە بەھۆیانەوە ژمارەیەکی زۆر لە ھاووڵاتی گیانیان لە دەستدا و ژمارەیەکی دیکەیش بریندار بوون، بۆ ڕێزلێگرتن لە گیانی قوربانیان و کەسوکاریان، وەک پارێزگای ھەولێر ھیچ ئاھەنگ و بۆنەیەکی فەرمی تایبەت بە سەری ساڵی نوێ ئەنجامنادەن، بەڵام ھاووڵاتییان و ھۆڵەکانی بۆنە و ئاھەنگەکان و ئوتێل و شوێنە گەشتیارییەکان ئازادن لە سازکردنی ئاھەنگ.

ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، لەپێناو پاراستنی سەروماڵی هاونیشتمانییان و گەشتیاران و ڕێگەگرتن لە ھەر ڕووداوێکی نەخوازراو و نایاسایی، ئەرک بەسەر تەواوی ھێزە ئەمنییەکان (پۆلیس، ئاسایش، زێرەڤانی، پۆلیسی فریاکەوتن، چالاکییە مەدەنییەکان، ھاتوچۆ، بەرگریی شارستانی و تیمە تەندروستییەکان) لە سەرجەم شوێنە گشتی و ئەو جێگایانەی کە ھاووڵاتییان و گەشتیاران ڕووی تێدەکەن دابەشکراوە.

لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، دوای گفتوگۆکردن لە بارەی دیاردەی سواڵکردن لە ترافیک و نێو بازاڕ و بەردەم مزگەوتەکان و شوێنە گشتییەکان، جەخت لە “ڕێگەگرتن لەو دیاردە ناشیرین و دزێوی ناو کۆمەڵگە کرایەوە کە کەسانێک خویان پێوە گرتووە”، بۆ ئەو مەبەستەش پارێزگاری ھەولێر قایمقام و لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپاردووە، کە بەپێی یاسا و ڕێسا بەرکارەکان بۆ نەھێشتنی دیاردەی سواڵکردن بە ھاوکاری ھێزەکانی ناوخۆ بەردەوام بن لە دەستگیرکردنی ھەموو ئەو کەسانەی سواڵ دەکەن و ئەوانەشی لە پشتی ئەوانەوەن.

پارێزگاری ھەولێر ھەروەھا لە بارەی ڕێوشوێنە ئەمنییەکان و ڕێگەگرتن لە ئەنجامدانی زێدەڕۆیی و سەرپێچییەکان، جەختی لەلایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە لە ھەفتەی داھاتوودا دوای ئەوەی پشووی سەری ساڵ دەست پێدەکات، نابێت ڕێگە بدرێت و بهێڵدرێت ھیچ کەس و لایەنێک بە قۆستنەوەی ئەو ڕۆژانە و دەرفەت وەرگرتن لە ڕۆژانی پشوو لە سەر موڵکی گشتی زێدەڕۆیی و سەرپێچی ئەنجامبدات، “ھەر کەس و لایەنێک ئەوکارەبکات بە توندترین شوێوە سزابدرێت”، ڕاگەیەندراوەکە وا دەڵێ.

ساڵانە لە ناوەندی ھەولێر، ئاهەنگی فرەوان و فیستیڤاڵی تایبەت بە سەری ساڵ و پێشوازیکردن لە ساڵی نوێ ساز دەکرا، بەڵام ئەمساڵ ئەم چالاکییانە لە ئاستی حکوومەتی خۆجێی هەولێر ئەنجام نادرێن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...