هه‌واڵ

بە درۆن هێرشکرایە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگە

زێدپرێس

 

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هێرشێکی درۆنی بۆ سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگە لە سنوری پیرمام-هەولێر ڕادەگەیەنێت و بەتوندیش ڕەخنە لە حکوومەتی عێراق دەگرێت لە بێدەنگبوون بەرانبەر بەو گرووپە هێرشکەرەکان.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبەیاننامەیەکی تایبەتدا، ئەمڕۆ ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو ٣٠/١٢/٢٠٢٣ کاتژمێر ١١:٤٥ بە ٢ درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرش کرایە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنوری پیرمام-هەولێر.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، هێرشەکە زیانی گیانی نەبووە و تەنیا زیانی ماددی لێ کەوتووەتەوە.

هەورامانی دەڵێ، “ئەم هێرشە تیرۆریستییە لە لایەن هێزێکی لە یاسادەرچوو بە چاوساخی و هاوکاریی جاش و هاوکارەکانیان بۆ سەر بنکەیەکی هێزی پێشمەرگە مەترسیدار و شەڕفرۆشتنە”.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، “ئێمە ئەو لایەنانە و حکوومەتی فیدڕاڵ بە بەرپرس دەزانین بەرانبەر بەم هێرشە ترسنۆکانە، چونکە ئەم گرووپە لە یاسادەرچووانە لە لایەن حکوومەتی فیدڕاڵی بودجە و مووچەیان پێ دەدرێت و چەکدار دەکرێن و بە بەر چاوی حکوومەتی عێراقەوە هاتوچۆ دەکەن و چەک و مووشەک و درۆن دەگوازنەوە و هێرشی تیرۆریستی دەکەنە سەر دامودەزگا فەرمی و سەربازییەکان”.

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێم بەتوندیش ڕەخنە لە حکوومەتی عێراق دەگرێت و دەڵێ “لە کاتێکدا کە حکوومەتی عێراق بێدەنگ و بێتوانایە بەرانبەریان، بەڵام ئازایە لە بڕینی قوتی خەڵکی کوردستان و بە هەمان پارە ئەم گرووپانە پارەدار دەکرێن”.

زیاتر دەڵێ “چاوەڕوانی وەڵام و هەنگاوی کرداری لە بەڕێز سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی فیدڕاڵی دەکەین لە سزادانی ئەم گرووپانە و هەر وەڵامدانەوەیەکیش لە کات و ساتی گونجاودا بە مافی خۆمان دەزانین. داواش لە هەموو دۆست و لایەنەکان دەکەین کە لەو کردارە تیرۆریستییە بێدەنگ نەبن و پشتیوانمان بن بۆ هەر بەرپەرچدانەوەیەک کە بە گونجاوی بزانین”.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...