هه‌واڵ

ساسان عەونی: بە سووربوونی مەسرور بارزانی خەونی پشتێنەی سەوزایی هەولێر کرایە واقیع

 وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایدەگەیەنێت، پشتێنەی سەوزایی ساڵانێك تەنیا وەك پلان لە ناو دۆسیەكانی نەخشەدانان كە جێبەجێكردنی مەحاڵ بوو، بەڵام بە سووربوونی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان خەونەكە بووە واقیع.

 

ئەمڕۆ پێنجشەم ٣٠ی ئۆكتۆبەری ٢٠٢٥، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی لە شاری هەولێر كردەوە و بە چاندنی دار بە شێوەیەكی فراوان دەست بە كارەكانی پڕۆژەکە کرا.

 

ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناعە و دەستپێكردنی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی وتارێكی پێشكەش كرد و گوتی: “پرۆژەی پشتێنەی سەوزایی ساڵانێك تەنیا وەك پلان لە ناو دۆسیەكانی نەخشەدانان وەك خەونێكی دووری بەدینەهاتوو و ئاواتێك بوو كە جێبەجێكردنی مەحاڵ بوو، بەڵام ئەمڕۆ بە ڕێنمایی و سەرپەرشتیی و سووربوونی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ڕواندنی یەكەم داری ئەم پڕۆژەیەوە لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پلانی یەكێك لە دۆسیە گرنگ و لەبیركراوەكانی نەخشەدانان دەبێتە كردار، خەونەكە دەبێتە واقیع”.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پیرۆزبایی لە دانیشتووانی شاری هەولێر و دەوروبەری و گوندەكانی سنوورەكە كرد و ئاماژەی بەوەش كرد كە “پلانەكانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پاككردنەوەی ژینگەی هەولێر تەنیا پڕۆژەی ڕووناكی و هەڵگرتنی هەزاران مۆلیدە و داخستنی پاڵاوگە و دروستكردنی دەیان پارك و باخچەی سەوزایی نییە، بەڵكوو جێبەجێكردنی ئەم پشتێنە سەوزاییەشە كە باوەش بە پایتەختی هەرێمی كوردستان دەكات و ژینگە و هەواكەی پاك ڕادەگرێت”.

 

ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتیشی: پشتێنەی سەوزایی هەولێر پێكهێنەرێكی بنەڕەتی و گرنگ و پێویستی ماستەرپلانی هەولێرە كە ماستەرپلانی (2050) ناسراوە، بەشێكە لە سیاسەتی پلاندانی سەوزایی و ژێرخانی سەوزایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئامانجەكانی چەند بابەتێكی ئەندازیاری و نەخشەدانان و ژینگەیی دوورمەودان، وەكوو سنوورداركردنی فراوانبوونی پانتایی ئاسۆیی شار و پاراستن و پەرەپێدانی ناوچەی گوندەكان و كولتووری تەلارسازیی گوندی كوردی، هێشتنەوەی پانتایی بۆ ڕێگریكردن لە دیاردەی پەرتبوونی ئاوەدانی و زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی بەمەبەستی باشتركردنی ژینگەی شاری هەولێر، بەهێزكردنی فرەچەشنی زیندەگی و بەدیهێنانی چەند بنەمایەك بۆ شارێكی ژینگەدۆست و پەرەپێدانی كشتوكاڵ و ئاژەڵداری و گەشتیاری و چالاكی کاتبەسەربردن.

 

دووری پشتێنەی سەوزایی لە سەنتەری شاری هەولێر نزیكەی 12 كیلۆمەترە و درێژاییەكەی بە سووڕانەوەی بازنەی ناوەوەی نزیكەی 78 كیلۆمەتر و كۆی ڕووبەری پشتێنەكە نزیكەی 66 هەزار و 115 دۆنم دەبێت كە ماستەرپلانێكی تایبەت بە خۆی هەیە و لە هەشت زۆنی سەرەكی پێكدێت و هەر زۆنێك مەبەستی بەكارهێنان و ڕێنمایی و پلانی تایبەت بە خۆی هەیە، جگە لە جۆرەكانی سەوزایی، جۆری دار و نەمام و درەختەكان، پشتێنەی سەوز بەپێی ماستەرپلانەكە 11 پۆندی ئاو و 21 پاركی جۆراوجۆری تێدایە، چەند شوێنێك وەكوو بازاڕی ساخكردنەوەی بەروبوومە كشتوكاڵییە بەرهەمهاتووەكان، سێ دەروازەی سەرەكی و چوار دەروازەی لاوەكی دەبێت، دەروازە سەرەكییەكانیشی بریتین لە دەروازەی بەستۆڕە، باشوور، دەروازەی ڕۆژئاوا، هەروەها چوار پاركی گەورەی حەوانەوەی تێدایە كە ئەو چوار پاركە دەكەونە كەسنەزان، بنەسڵاوە، قۆڕیتان و بەحركە، بەپێی پلان 23 وێستگەی پاس نەخشەیان بۆ كێشراوە كە تەواوی ناوچەی سەوز بە سەنتەری شار دەبەستێتەوە.

 

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دانانی بەردی بناغەی ئەم پڕۆژەیە، دەبێتە وەرچەرخانێكی هەمەلایەنەی ژیان و ژیار لە هەولێر و زیاتر گوتی: “بەردی بناغەی پڕۆژەیەك كە دەچێتە پاڵ دەیان پڕۆژە و دەستكەوت و خزمەت كە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەموو سێكتەرەكانی حوكمڕانی لە نەبوونەوە پلانی بۆ داناون و سەرپەرشتیی جێبەجێكردنی كردوون و ڕۆژانە ئەنجامیان دەبینین، ئەم پڕۆژەیەش دەچێتە پاڵ زیاتر لە 250 دۆنم زەوی كە تەنیا لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا لە هەولێر سەوز كراون و كاریگەریان لەسەر بەرزكردنەوەی ڕێژەی سەوزایی هەبووە.”

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button