هه‌واڵ

خانەوادەی مامۆستا جیهان تەها: کچەکەمان تیرۆر کراوە

زێدپرێس

 

خانەوادەی مامۆستا جیهان تەها ڕایدەگەیەنن کچەکەیان تیرۆر کراوە و لایەنی بەرپرس هەوڵی شاردنەوەی ڕاستییەکانی دۆسیەکەی دەدات.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

خانەوادەی مامۆستا جیهان تەها لە ڕێگەی بەیاننامەیەکەوە کە ئاڕاستەی خەڵکی کوردستان، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و دەزگاکانی ڕاگەیاندنیان کردووە، پێداگیری لەسەر ئەوە دەکەن کە کچەکەیان تیرۆر کراوە و ژیانلەدەستدانەکەی ڕەهەندی سیاسی هەیە.

هەر لە بەیاننامەکەدا، ئاماژەیان بەوە کردووە، کە لایەنی بەرپرس لە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی دۆسیەکە، تا ئێستا ڕوونکردنەوەی پێویستی بە خانەوادەی قوربانییەکە نەداوە و بەڵکوو لە هەوڵی بەلاڕێدابردن و شاردنەوەی ڕاستییەکانی دۆسیەکەیە.

 

دەقی بەیاننامەکە:

 

بەیاننامەیەک لە لایەن خانەوادەی مامۆستا جیهان تەها

بۆ

تەواوی خەڵکی کوردستان

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان

تەواوی دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە کوردستان

هەروەک هەموو لایەک ئاگادارن لەبەرواری 26/10/2023  هەواڵی گیان لەدەستدانی  مامۆستا جیهان تەهای دانیشتووی هەولێر لە کوردستانی عێراق بڵاوکرایەوە  بە ڕووداوێکی هاتوچۆی گوماناوی، هاوکات لە فەیسبووکەکەی چەندین پۆستی نامۆ کرابوو کە ئاماژەی بەوە دەکرد کە خۆی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنابێت.

هەر لەسەرەتاوە ئەم ڕووداوە لەلایەن خەڵکی کوردستان،  دەزگاکانی ڕاگەیاندن، ڕۆژنامەنووسان، ئازادیخوازان، چالاکوانان بەکاری تیرۆر لەلایەن دەسەڵاتەوە لێکدرایەوە، ئەمەش لەبەرئەوەی لە ساڵانی ڕابردوو ڕووداوەکانی تیرۆرکردن، گرتن، لێدان و زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووسان و ئازادیخوازان  لە سنوری هەولێر و بادینان بەتایبەت بەردەوام هەبووە. بەجۆرێک کە ئازادی ڕادەربڕین، ڕەخنەگرتن لە دەسەڵات و حکوومەت و بەرپرسان هەروەها چالاکی و خۆپێشاندان بۆ داواکردنی ماف بەهەموو شێوەیەک سنوردار و قەدەغەکراو بووە. بۆ نمونە ڕفاندن و تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان، تیرۆرکردنی وەدات حوسێن، تیرۆرکردنی مامۆستا مەلا هۆشیار ئیسماعیل، زیندانیکردنی شێروان شێروانی، گوهدار زێباری و قارەمان شوکری و تەواوی زیندانیانی تری بادینان. لەم دواییانەش ڕێگریکردن لە چالاکی و خۆپێشاندانی مامۆستایان و وانەبێژان لە سنوری هەولێر، دەستگیرکردنی عەلی ڕەئوف نوێنەرێکی تری وانەبێژان بەچەند هەفتەیەک دوای ڕووداوی تیرۆرکردنەکەی مامۆستا جیهان بەبیانووی ئەوەی بانگەوازی خۆپێشاندانی کردبوو.

ئەمە لەکاتێکدایە کە خۆپێشاندانی وانەبێژان و مامۆستایان لە سنوری سلێمانی و دەوروبەری کە لە ژێر دەسەڵاتی لایەنێکی ترە نزیکەی چوار مانگە بەردەوامی هەیە و هیچ ڕێگریەک لە خەڵک نەکراوە.

شایەنی ئاماژەپێکردنە کە  مامۆستا جیهان تەها کە لە هەولێر دەژی  لەماوەی ڕابردوو لە سێ چاوپێکەوتن دەرکەوتووە کە ڕەخنەی توندی لە دەسەڵات و وەزارەتی پەروەردە گرتووە لە کەمتەرخەمی و بەداوانەچوونی داواکارییەکانی وانەبێژان.

لەبەرئەم هۆکارانەیە کە لە تاوانی تیرۆرکردنی مامۆستا جیهان تەها دەسەڵاتی کوردی لە سنوری هەولێر و بادینان بەپلەی یەکەم تۆمەتبارە  لەلایەن خانەوادەی مامۆستا جیهان و خەڵکی کوردستان و تەواوی ئازادیخوازانی کورد لەسەرانسەری جیهان.

هەندێ لەو بەڵگانەی کە دەیسەلمێنن کە مامۆستا جیهان تیرۆرکراوە:

  1. جیهان شۆفێرێکی باش نییە لە لێخوڕینی ئۆتۆمبێل و بەتایبەتیش چوون بۆ دەرەوەی شار، بەجۆرێک لە ماوەی ژیانی بەهیچ شێوەیەک بۆ جارێکیش نەچۆتە دەرەوەی شار، کۆتاجار لەگەڵ دایکی چوون بۆ کەرکووک بەتەکسی، چونکە نەیتوانیوە شۆفێری بکات بۆ دەرەوەی شار، و ئەو ڕێگایەی کە جیهان پێیگەیەنراوە، ڕێگایەکی سەخت و دژوار و یەک سایدە، پێچانەوە و شاخ و داخێکی زۆری تێدایە. تەنانەت بەڵگە هەیە بۆ ئەوەی کە پێشتر شوێنی ڕووداوەکە ئامادەکرابێت بۆ ئەنجامدانی ئەو تاوانە.

بۆ بڕیاری خۆکوشتن بۆچی پێویستە مرۆڤ ئەو ڕێگا سەخت و دژوارە بگرێتەبەر کە پێشووتر هەرگیز شۆفێری تێدا نەکردبێت، بۆی  نەڕۆیشتبێت، لەکاتێکدا دەیتوانی هەر لەماڵەکەی خۆی لە هەولێر ئەو کارە ئەنجام بدات یان چەندەها ڕێگەی تری ئاسانتر بەکاربێنێت.

  1. جیهان ئەو ڕۆژە کە تیایدا تیرۆرکراوە زۆر بەئاسایی و بە ڕێکوپێکی بەرنامەی ڕۆژەکەی خۆی کردووە. بۆ نموونە دەوامی خوێندنگا، وەرگرتنی مووچە، بازاڕیکردن، پەیوەندی لەگەڵ کەسوکار و دۆست و هاوڕێ، پێدانی چەندین بەڵێنی یەکتربینین و ئەنجامدانی هەندێ کاری گرنگ و پێویست لە ڕۆژەکانی دواتردا. هەر لەهەمان ڕۆژ کاتژمێر 2:06ی دوانیوەڕۆ پەیوەندی لەگەڵ برایەکەی هەبووە و بەڵێنی جێبەجێکردنی کارێکی پێداوە، دەنگی زۆر ئاسایی دەرکەوتووە، بەڵام لە کاتژمێر 4:10ی عەسر لەگەڵ ئەندامێکی تری خێزانەکەمان دەنگی نووساوە و لەرزینێکی زۆری پێوە دیارە بەجۆرێک کە وا دەردەکەوێت لە ژێر هەڕەشە و فشار قسە دەکات.
  2. بۆ ئۆتۆمبێلێکی هێندە بچووکی مامۆستا جیهان مەحاڵە ئاگرێکی لەو چەشنە کە بە ئەندازەی چوار مەتر بەرزدەبێتەوە هەروەک لەوێنە و ڤیدیۆییەکاندا دەردەکەوێت. هەروەها وەرگەڕانێکی زۆر ئاسایی کە تەنها یەک جار وەرگەڕاوە و تەنانەت وا گومان دەکرێت کە ئۆتۆمبێلەکە هەر بەدەست وەرگەڕابێت و پاشان سووتێنرابێت.
  3. لەهەمووی سەیرتر شوێنی ڕووداوەکەیە کە دەکەوێتە بلە و بارزان، ئێمە و هەموو خەڵکی کوردستان و تەنانەت خەڵکی بیانیش دەزانین کە ئەو ناوچەیە لەلایەن لایەنێکی دەسەڵات کە لەلوتکەکانی حوکمڕانیدان تەواو کۆنتڕۆڵکراوە و کەسوکاریان لەو دەڤەرە ژیان دەکەن.

نەخۆشخانە و دادگا و بنکەی پۆلیس و تەواوی کەلوپەلەکانی مامۆستا جیهان کە پەیوەندی بە ڕووداوەکەوە هەیە هەمووی لەژێر دەسەڵاتی بەرپرسانی ئەو ناوچەیە.

  1. ئێمە ئاگادارین و بەڵگەشمان هەیە کە لایەنی دەسەڵات بە بیانووی لێکۆڵینەوە چەندین جار هاتوونەتە نێو ئەکاونتی فەیسبووکی جیهان و تەواوی بەرنامەکانی تری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی مامۆستا جیهان لە ژێر دەسەڵاتی ئەوانە و بەکاریان هێناوە. دەڵێن کە مۆبایلەکەی سووتاوە بەبێ نیشاندانی مۆبایلەکە بە ئێمە، بەو پێیە ئێمە تەنانەت گومانمان هەیە لەوەی کە کۆتا پۆستەکانی فەیسبووک لە ئەکاونتی مامۆستا جیهان لەلایەن خۆیەوە بڵاوکرابێتەوە.
  2. تەنانەت بەخاکسپاردنی تەرمی مامۆستا جیهان بەبێ ئامادەبوونی خانەوادەکەی بە بەرنامە و پلان کراوە و پەلەکردنێکی زۆری تێدا کراوە، دەشگوترێت کە مامۆستا جیهان دەستێکی شکاوە، هەروەها هیچ ڕاپۆرتێکی پزیشکیش لەو بارەیەوە نیشانی خانەوادەکەی نەدراوە.
  3. بەرگری شارستانی سۆران (حریق) سەرەتا ڕایانگەیاند کە ئەم ڕووداوە لە دوو ژن و پیاوێک پێکهاتوون، بەڵام دواتر هەواڵەکەیان گۆڕی بۆ یەک کەس، کە ئەویش مامۆستا جیهانە، هاوکات دەیان پەیجی تریش هەمان هەواڵیان بڵاوکردەوە کە قوربانیانی ئەو ڕووداوە لەیەک کەس زیاترە.
  4. بەو پێیەی مامۆستا جیهان خاوەن کەسایەتییەکی زۆر بەهێزە و هیوابەخشە، خاوەن کۆمەڵێک هیوا و ئاواتی خۆی بووە. هەروەها هەمیشە هانی کچان و ژنان و قوتابییەکانی داوە کە بێهیوانەبن و کۆڵ نەدەن لەژیان. لەهەمان کات خاوەنی دوو منداڵی جوانە بەناوەکانی باران و بیرهات و کە گرنگییەکی زۆری پێدەدان و زۆر پەیوەست بوو پێیانەوە.

لەبەرئەوە ئەگەری خۆکوشتن زۆر دوورە لە کەسایەتی مامۆستا جیهان.

  1. مامۆستا جیهان زانیویەتی کە هەموو خانەوادەکەی تکتی تەیارەیان بڕیوە و دەگەڕێنەوە بۆ کوردستان و برایەکیشی ژن دێنێت، و خۆیشی بەپێی خۆی چووە بۆ خوازبێنی ئەو برایەی و دڵی خۆش بووە بەم هەواڵە و ئامادەکاری کردووە بۆ ئەو ڕۆژانە و بە خوشکەکانی گوتووە کە هەموومان پێکەوە جلکی کوردی لە ڕۆژی ئاهەنگەکە دەپۆشین.
  2. کەمتەرخەمی و خەمساردی لایەنی دەسەڵات، گرنگی نەدان و بەدەمەوچوونی پێویست بە کەیسەکە و پێنەدانی هیچ ڕوونکردنەوەیەک بە خەڵکی کوردستان لەبارەی ئەو تۆمەتانەی کە ئاڕاستەیان دەکرا، هەروەها کۆنتڕۆڵکردن و بچووکردنەوە و بە ئاساییکردنی ڕووداوەکە لەگەڵ خانەوادەی مامۆستا جیهان دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە دەشێت ئەم تاوانە لەلایەن خۆیانەوە ئەنجام درابێت.

ئێمە وەک  خانەوادەی مامۆستا جیهان کە لە یانزە ئەندام پێکهاتووین لە ئەمریکا دەژین و خاوەنی ڕەگەزنامەی ئەمریکین مافی ئەوەمان هەیە کە بەدواداچوون بکەین بۆ کەیسی تاکە کچەکەمان مامۆستا جیهان کە لە شاری هەولێر لە  کوردستانی عێراق دەژیا، و ئەم کەیسە پەیوەندییەکی بەهێزی بە سیاسەتەوە هەیە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...