ههواڵ
ئەنجوومەنی نوێنەران لێژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لە هێرشەکەی ئێران پێکهێنا
زێدپرێس
لێژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەڕێگەی پێکهێنانی لێژنەیەکی تایبەتەوە، لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر دەکات.
مەریوان قەرەنی ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لێژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە فەرمی لێژنەیەکی لێکۆڵینەوەی بۆ هێرشەکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان پێکهێنا.
لێژنەکە بە سەرۆکایەتیی عەباس زاملی، سەرۆکی لێژنەی ئاسایش و بەرگری و ئەندامێتیی مەریوان قەرەنی خۆی و شەش ئەندامی دیکەی هەمان لێژنەیە و بەگوتەی قەرەنی، لە ئاییندەیەکی زۆر نزیکدا دەست بە لێکۆڵینەوە و سەردانی مەیدانیی ئەو شوینانە دەکەن کە بۆردمان کراون.
مەریوان قەرەنی گوتیشی “جەخت لەوە دەکەینەوە کە هیچ پاساوێک نییە بۆ ئەو هێرشە دڕندانەیەی کراوەتە سەر شاری هەولێر، پێویستە ئێران ڕێز لە سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان بگرێت”.