هه‌واڵ

سلێمانی؛ قەڵای عوزێری ڕووخێندرا

دوابەدوای بڕیاری دەستگیرکردنی کوێخا دێرین، لەلایەن هێزێکی ئەمنییەوە دەست بەسەر قەڵای عوزێری و ماڵ و موڵکەکانی ناوبراو داگیرا و هاوکات دەست بە ڕووخاندنی قەڵای عوزێری کرا.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ دووشەم، ١٢ی شوباتی ٢٠٢٤، بڕیاری دەستگیرکردنی کوێخا دێرین نەقیبی پێشمەرگە لە هێزەکانی ٧٠ی سەر بە یەکێتی ڕاگەیەندرا. دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان/ سلێمانی لە ڕوونکردنەوەیەکدا، ڕایگەیاند، کێشەکەی کوێخا دێرین پێوەستە بە داواکردنی سەرانە و هەڕەشەکردن لە سەرمایەدارێکی شاری سلێمانی، هەروەها ئەو دوو تۆمەتبارەی بە تۆمەتی تەقەکردن لە ئەحمەد کامیل فەقێ سەرمایەداری شاری سلێمانی دەستگیرکراون، دانیان بەوەداناوە بە فەرمانی کوێخا دێرین تەقەیان لە سەرمایەدارەکە کردووە.

هەر ئەمڕۆ دووشەم، لەلایەن هێزێکی ئەمنییەوە گەمارۆی ماڵ و قەڵاکەی کوێخا دێرین درا، کە بە قەڵای عوزێری دەناسرێت.

قەڵای عوزێری لە سنوری گوندی گورگەدەر هەڵکەوتووە. لە ساڵی ٢٠٢١ەوە بەتایبەت کاری تێدا کراوە و تەواو کراوە. لەگەڵ بونیادنانی قەڵاکە، بە بڕیاری کوێخا دێرین، ناوی گوندی گورگەدەر بە سەرقەڵای عوزێری گۆڕا و دیوەخانی سەرەکی قەڵاکەیش، بە دیوەخانی سەرقەڵای عوزێری نووسرا.

کوێخا دێرین عوزێری، خۆی لە ٢٣ی ئابی ٢٠٢١ لە ڕێگەی هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕایگەیاند، “ئەم قەڵایە دەبێتە چەتر و کۆکەرەوەی ھەموو خزمان و دۆستان و ڕۆڵەکانی عوزێری بەبێ جیاوازی و ئەم دیوەخان و قەڵای عوزێرییەش پێش ئەوەی ھیی خۆم بێت، موڵکی ھەموو ڕیشسپی و کەڵەپیاوانی چوار تایەفەکەمانە ھەم بەسەرۆک تیرەکانی و تاک بەتاکی ڕۆڵەکانی عوزێری بەتیرەکانی (سمایل عوزێری، میراڵەی، گۆمەی و قەرەوەیس) بەبێ جیاوازی ھیچ ڕەنگ و ئایدۆلۆژیایەک”.

دێرین ئەحمەد ناسراو بە کوێخا دێرین عوزێری، پلەی نەقیبی لە یەکەی ٧٠ی هێزی پێشمەرگەی یەکێتی هەیە، زۆرترین وێنە و پۆستە بڵاوکراوەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، دەرکەوتنیەتی لەگەڵ شاڵاو کۆسرەت ڕەسووڵ، کۆسرەت ڕەسووڵ و لیوا ئەیوب یوسف فەرماندەی دەستەی سەرپەرشتیاری لیواکانی سێ و حەوتی تایبەت بە کۆسرەت ڕەسووڵ.

بەگوێرەی بەدواداچوونی زێدپرێس، کوێخا دێرین بەرپرسیارێتییەکەی لە لیوای سێی تایبەت بە کۆسرەت ڕەسووڵ بووە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...