هه‌واڵ

ڕوونکردنەوەیەک لە دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە

دەزگای گشتی ئاسایشی هەرێمی کوردستان/سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، لەسەر داواکردنی سەرانە و پارەوەرگرتن و هەڕەشەکردن لە سەرمایەدارێکی سلێمانی، بڕیاری دەستگیرکردن بۆ کوێخا دێرین دەرکراوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ دووشەم، ١٢ی شوباتی ٢٠٢٤، دەزگای گشتی ئاسایشی هەرێمی کوردستان/سلێمانی لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاند، دوو تۆمەتبار لە دۆسیەی تەقەکردن لە ئەحمەد کامیل فەقێ سەرمایەداری شاری سلێمانی دەستگیرکراون و دانیان بەوەدا ناوە، کە بە فەرمانی کوێخا دێرین کارەکەیان ئەنجامداوە.

دێرین ئەحمەد ناسراو بە کوێخا دێرین عوزێری، پلەى نەقیبی هەیە لە هێزەکانى ٧٠ و دەگوترێت لەلایەن هێزەکەیشییەوە لێژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لەسەر پێکهێنراوە.

لەو ڕوانگەیەوە، وەک لە ڕوونکردنەوەکەی دەزگای ئاسایشدا هاتووە، دادوەر بڕیاری دەستگیرکردنی کوێخا دێرینی دەرکردووە، کە کێشەکەی پێوەستە بە داواکردنی سەرانە و پارەوەرگرتن و هەڕەشەکردن لە سەرمایەدارێکی سلێمانی و زیاتر لەوەیش دادوەر بڕیاری دەستگرتن بەسەر سامانی گوزراوە و نەگوزراوەی داواکراو داوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی زێدپرێس، تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هێزێکی ئەمنی دەوری ماڵەکەی کوێخا دێرینیان داوە و داوای خۆڕادەستکردنی دەکەن.

 

دەقی ڕوونکردنەوەکە:

پاش ئەوەی کاتژمێر 12:10 خولەکی شەوی  29 لەسەر 30ـی 1ـی 2024، لە گۆڕەپانی ئۆتۆمبێلی بەردەم (یانەی کۆمەڵایەتی سلێمانی) تەقە لە هاووڵاتی “ئەحمەد کامیل فەقێ” سەرمایەدار کرا و بەهۆیەوە بریندارکرا، دوای ڕەزامەندی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوە، بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی ووردی هێزەکانمان دەستپێکرد، سەرئەنجام لە رۆژی  30ـی 1ـی 2024، بەپێی مادەی  405  – 31ـی یاسای سزادانی عیراقی، تۆمەتباری سەرەکی و تەقەکەر “ئەحمەد عەبدولرەزاق عەلی” دەستگیرکرا.

‏‎دوای لێکۆڵینەوە تۆمەتبار دانی بە تاوانەکەیدا ناو و دەرکەوت تۆمەتبارێکی دیکە بە ناوی (ئومێد کەمال) هاوکاری کردووە کە هاوپیشەیەتی و هەردووکیان پێشمەرگەن لەلای (دێرین  ئەحمەد  محەمەد) ناسراوە بە (کوێخا دێرین)، بە بڕیاری ناوبراو تاوانەکەیان کردووە.

‏‎پاشان رۆژی 5ـی 2ـی 2024، تۆمەتبار ئومێد کەمال کە هاوکاری کردووە دەستگیرکرا.

‏‎ئێستا، کوێخا دێرین فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکراوە بەپێی مادەی 405  – 31  لە یاسای سزادانی عێراقی، کێشەکەشی لەسەر داواکردنی سەرانە و پارەوەرگرتن و هەڕەشە بووە لە سەرمایەدارێکی سلێمانی .

هەر لەو چوارچێوەیەدا دادوەر بڕیاریدا دەستبگیرێت بەسەر ماڵ و سامانی گوازراوە و نەگوزارەوەی تۆمەتبار (دێرین ئەحمەد) و ڕووخاندنی سەرجەم ئەو ماڵ و شوێنانەی کە بە زیادەڕۆیی کرابوونە سەر موڵکی گشتی.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...