شەپۆلێکى باران بارین بەڕێوەیە
ئەمڕۆ سێشەم، ١٣ی شوباتی ٢٠٢٤، بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕایگەیاند، لە ئەنجامى یەکگرتنی هەردوو نزمەپاڵەپەستۆى دەریاى ناوەڕاست و دەریاى سوور لە دواى نیوەڕۆى ڕۆژى چوارشەم شەپۆلێکى باران بارین ڕوو لە سەرجەم ناوچە جیاجیاکان دەکات؛ سەرەتا لە سنوورى پارێزگاى دهۆک دەست پێدەکات، پاشان لە ئێوارەدا ئاستى باران بارین زیاد دەکات بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان و سنوورى پارێزگاى دهۆک، پاشان لە سنوورى پارێزگاى هەولێردا .
هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ڕۆژى پێنجشەم لە کاتەکانى بەرەبەیان لە ئەنجامى زیادبوون و بەهێزبوونى شەپۆلى باران بارین لە تەواوی هەرێمی کوردستان ئاستى باران دەگۆڕێت بۆ بارانى مامناوەند و لێزمەباران، هاوکات لەگەڵ باران بارین شەپۆلێکى هەورە تریشقە و زیادبوونى خێرایی با کە هەندێک کات دەگاتە سەرووى 25کم لە کاتژمێرێکدا.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی، پێشبینی ئەگەرى بەرزبوونەوەى ئاستى ئاو دەکات؛ پێشبینى باران لە ماوەى کاریگەرى ئەم شەپۆلە لەسەرووى 30 ملم لە سەنتەرى پارێزگاکان و ناوچە شاخاوییەکان لە سەرووى 45 ملم .
ئاماژەی بەوەش کردووە، کە لەکاتەکانى ئێوارەى ڕۆژى هەینى کاریگەرى ئەم شەپۆلە لەسەر سنوورى پارێزگاى هەولێر و دهۆک و ناوچە شاخاوییەکانى لاواز دەبێت، بەڵام کاریگەرى لەسەر سنوورى پارێزگاى سلێمانى و کەرکووک و هەڵەبجە و ئیدارەى گەرمیان باران بارین بەردەوامى دەبێت کاریگەرى ئەم شەپۆلە لەکاتەکانى شەوى پێنجشەم لەسەرخۆ لاواز دەبێت .