یەکەم، پارتی بایکۆتی نەکردووە. وشەی بایکۆت بە هەڵە لە کوردیدا بەکاردەهێنرێت. پارتی ناڕەزایی دەربڕیوە، هەندێک گلەیی و خواستی هەیە، ئەگەر مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت بەشداریی هەڵبژاردن دەکات. بەو مانایە یانی بڕیاری بەشدارییکردنی نەداوە، چونکە ئەگەر وەها بکات ئەوا خواستەکانی یان داواکانی هیچ مانایەکی نییە.
دووەم، پارتی هەست دەکات کە هەتا بێت زیاتر دەکەوێتە ژێر فشارەوە بۆیە دەبێت هەوڵی ڕێگریی لە فشارەکان بکات. هەوڵەکانی سەرەتای هیچ کاریگەرییەکیان نەبوو، بۆیە بە سوننەی تەدەروج زیادیان دەکات.
سێیەم، دوا بەیاننامەی پارتی، کە لە مەکتەب سیاسییەوە دەرچووە، وەڵامدانەوە و سەنگی زیاتر بوو. تەنانەت وەهایکرد کە یونامی سەرنج بخاتە سەر بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی. ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت یاری پارتی و دادگایە. دادگا چەند گۆڵێکی هەیە، بەڵام پارتی هێشتا بێ گۆڵە.
چوارەم، پارتی هەستدەکات نەک تەنیا دۆخێکی وەهایان دروستکردووە کە دەنگی کەمبکاتەوە، بەڵکو بەرنامە هەیە کە کورسییەکانی بگاتە نزیک سی کورسی و کەمتر. پلانەکەش ئەوەیە هەژموونی لە سەر حکوومەتی هەرێم نەمێنێت، وەک بەشێک لە عێراقێکی ناوەندی نوێ.
پێنجەم، لە هەمووی سەختتر بۆ پارتی ئەو هەستەیە کە وەهای دەبینێت کە یەکێتی سوودمەند دەبێت. لە کەلتووری نامۆدێرنی، نادەوڵەتی، خێڵەکی کوردیدا، دەرەکی سوودمەندبێت هێندەی ئەوە کێشە نییە کە ڕکەبەرە ناوخۆییەکەت سوودمەندبێت. دیارە خەڵکی کوردستان بە گشتی لە سەر ئەم بەزمەن.
شەشەم، نەگوتراوێکی زۆر هەیە لە نێوان پارتی و بەغدادا. پرسی “هەژماری من” پرسێکی سەرەکییە، چ وەک دارایی و چ وەک ئاسایش و چ وەک دەسەڵات.
حەوتەم، ئەگەری هەیە لە ڕۆژانی داهاتوودا جوڵەیەک دروست بێت، دیدار لەگەڵ دادگای فیدڕاڵی بکرێت دەربارەی پێناسەی یاسایی تەوتین.
هەشتەم، سەرکێشییەکی سەخت دەبێت بۆ پارتی بەشداریی هەڵبژاردن نەکات. چونکە بەشدارییی نەکردن، تەنیا بەشداریی نەکردن نییە، بەڵکو ئۆتۆماتیکی دەبێتە ڕێگرییکردن. ئەم هەنگاوە بێزارییەکی زۆری نێودەوڵەتی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.
وێنە گەورە و دوورمەوداکە
کورد دوای سی ساڵ لە حوکمی خۆی لە قۆناغی داڕزاندایە. وەک خەڵکێکی نامۆدێرن توانای نەبوو فێری شێوازی پیادەکردنی مۆدێرن بێت لە دەسەڵاتداریی. کورد توانای نەبوو جیاوازییەکانی پۆلێن بکات، سنوربەندی لە نێوانیادا بکات، بنەما بۆ هاوبەشییەکان دروست بکات. بۆ دروستبوونی ئەمە پێویست بوو ڕۆڵی شەخس و بنەماڵەکان کەمبکاتەوە، ڕۆڵی دەزگا و بونیادی نەرەتیڤێکی هاوبەش پەرەپێبدات. بەڵام ئەوە نەبوو. ئەمریکا زۆر هەوڵیدا و پشتگیربوو، بەڵام بێسوود بوو. تورکیا و ئێران لەگەڵ پەرتی و بنەماڵەیی و ململانێی سنورداردان.
خەڵکی کوردستان کە هەمیشە دەبۆڵێنن، خۆی هۆکار و دروستکەری هەرە سەرەکی دۆخەکەیە، نەک قوربانی.
بە لاوازبوونی ئەمریکا، پەرتبوونی کورد زیاتر دەچەسپێت. لاوازبوون و دژایەتی زیاتر قوڵ دەبێتەوە. دەستوەردانی زیاتر دەبێت. ئێستا عێراق ڕەنگە بتوانێت مووچە بدات کە نرخی نەوت بەرزە، بەڵام لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوتدا ناتوانرێت نزیکەی سیانزە ملیون کەس بژێنرێت.