سیاسیشرۆڤه‌

شرۆڤەیەک بۆ بڕیاری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان

لە ڕێککەوتی ١٨/٣/٢٠٢٤، مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە بەشداریی لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ناکات، کە بەپێی مەرسوومی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڕیاربوو لە ١٠/٦/٢٠٢٤ لە ژێر چاودێری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوە بچێت. ئەم گوتارە، شرۆڤەی هۆکارەکانی دەرکردنی ئەم بەیاننامەیە دەکات.

 

هۆکارەکان

یەکەم، خولی پێنجەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، نەیتوانی لەسەر یاسای هەڵبژاردن و چۆنییەتی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکان ڕێککەوتنێک لەنێوان لایەنە بەشداربووەکانی ناو پەرلەمان بە تایبەتیش پارتی و یەکێتی دروستبکات، ئەگەرچی دواجار لە دەرئەنجامی نەگەیشتن بە ڕێککەوتن و نەمانی کاتی پێویست لەبەردەم کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، پارتی دیموکرات هەوڵیدا بەپێی زۆرینە ئەم کێشەیە چارەسەر بکات، بەڵام بڕیاری دادگای فیدڕاڵی ئەم هەوڵەشی پەکخست. گرفتی سەرەکی لەسەر پرسی بازنەی هەڵبژاردن، کۆتا و سیستەمی هەڵبژاردن بوو. ئەگەرچی دواجار پارتی بە چوار بازنەیی و شێوازی هەڵبژاردن ڕازیبوو، بەڵام پرسی کۆتا دووبارە گرفتی دروستکرد. دواجار ڕێکنەکەوتن بووە هۆی ئەوەی کە یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان سکاڵا لە دادگای فیدڕاڵی تۆمار بکات. هەر ئەم سکاڵایە بووە هۆی دەستێوەردانی دادگای فیدڕاڵی لە دامەزراوە سیاسی، قانوونی و شەرعی و مەشروعەکانی هەرێمی کوردستان کە خودی یەکێتی لەم دامەزراوانەدا بەشدارە.

بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی لە هەنگاوی یەکەم پەرلەمان و کۆمیسیۆنی هەرێمی کوردستانی هەڵوەشاندەوە، دواتر دادگا خۆی لە بڕیاری کۆتایی لەبارەی پرسەکانی هەڵبژاردن دەدزیەوە تا دواجار لە ٢١/٢/٢٠٢٤، دوایین بڕیاری دەرکرد بە هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتاکان و دابەشکردنی هەرێمی کوردستان بۆ سەر چوار بازنە. ئەوەی کە گرنگە بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان هیچ دامەزراوەیەکی هەرێمی کوردستان ئەرکی بەڕێوەبردن و چاودێری لە ئەستۆ نییە، بەڵکو بەپێی بڕیاری دادگا گشت ئەرکەکان لەلایەن دامەزراوەکانی بەغدا بەڕێوەدەچن. ئەمە یەکەم گورزبوو کە لە سیستەمی فیدڕاڵیی عێراق و قەوارەی فیدڕاڵی هەرێمی کوردستان درا.

دووەم، دادگای فیدڕاڵی لە ڕێککەوتی ٢١/٢/٢٠٢٤ دوو بڕیاری لێکجیاوازی پێکەوە دەرکرد، یەکەمیان تایبەت بوو بە پرسی هەڵبژاردنەکان و دووەمیان تایبەت بوو بە پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان. دادگا بە ئەنقەست ئەم کارەی کرد. دادگا بە ناڕاشکاوانە بە خەڵکی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند کە پشتگیریی لەو لایەن و حزبانە بکەن کە داوای هاتنی ڕاستەوخۆی مووچە لە بەغدا دەکەن، واتە دادگای فیدڕاڵی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی ڕاستەوخۆ بە پرسی مووچەوە گرێدا. هەر لەوێشدا دادگا چەمکی (تەوتین)ی بەکارهێنا بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان. بە وردبوونەوە لە بڕیارەکە دەبینین بڕیارەکە زۆرتر بڕیارێکی سیاسیی بوو تا بڕیارێکی قانوونی یاخود ئیداریی-دارایی. چونکە خودی چەمکی تەوتین لە وڵاتی خاوەن سیستەمی فیدڕاڵی پێناسەکەی جیاوازە لە وڵاتێکی ناوەندگەرا. بەڵام هەنگاوەکانی وەزارەتی دارایی دەرخەری بەرەو ناوەندگەرایی بوونی ئەم پرسەن. هەروەها لەسەر هەمان پرسی مووچە، سکاڵایەک پێشکەش بە دادگای فیدڕاڵی کرا لەبارەی بەرزکردنەوەی پلەی فەرمانبەرانی مەدەنی هەرێمی کوردستان کە لە ساڵی ٢٠١٥وە بە هۆی گرفتە داراییەکان ڕاگیراوە. دادگا دوای سێ دانیشتن لەسەر ئەم پرسە لە ڕێککەوتی ١٧/٣/٢٠٢٤، بڕیاریدا کە ئەم پرسە لە دەسەڵاتی دادگای فیدڕاڵیدا نییە. لێرەدا ئەم پرسیارە سەرهەڵدەدات کە چۆن پرسی مووچە لە دەسەڵاتی دادگای فیدڕاڵیدایە؟ بەڵام پرسی بەرزکردنەوەی پلەی فەرمانبەران لە دەسەڵاتی دادگای فیدڕاڵیدا نییە؟ ئایا هەر دوو بابەت پەیوەندیدار نین بە پرسێکی دارایی و لایەنی پەیوەستیش فەرمانبەران نین؟ هەروەها بۆ دوای سێ دانیشتن بڕیاردرا کە ئەمە لە سەلاحیاتی دادگای فیدڕاڵی نییە؟!

سێیەم، پارتی دیموکراتی کوردستان خوێندنەوەی بۆ ئەم دۆخە کرد کە خەریکە قەوارەی هەرێمی کوردستان هەڵدەوەشێتەوە، چونکە لە بەغدا دەنگۆی تر لە گۆڕێ بوون، بۆ نموونە نابێ هەرێمی کوردستان نوێنەرایەتی دیپلۆماسی هەبێ و ئەم ئەرکە دەبێ لە ئەستۆی حکوومەتی بەغدا بێت. واتە هەنگاوی داهاتووی بەغدا هەڵوەشاندنەوەی نوێنەرایەتییەکانی حکوومەتی هەرێم بوو لە دەرەوە، هەڵبەت ئەگەر پێیکرابا. دوای ئەم پرسە بەغدا دەپڕژایە سەر بابەتی هێزە چەکدارەکان بەتایبەتیش هێزی پێشمەرگە و بە هەمان شێوە بوونی پێشمەرگەی دەخستە چوارچێوەی مەنزومەی بەرگری عێراق. ئەگەرچی لە دەستوری عێراق و لە مادە ٩١ بەندی پێنجەم، هێزی پێشمەرگە بە (حرس اقلیم) ئاماژەی پێدراوە، بەڵام لە ڕووی کردارییەوە بەغدا ئامادەنییە هێزی پێشمەرگە بخاتە چوارچێوەی مەنزومەی بەرگریی عێراق و پێداویستییە دارایی و سەربازییەکانی دابین بکات، بەڵام لە داهاتوودا ئەم کارە دەکات ئەویش لە پێناو هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و تواندنەوەیان لە چوارچێوەی وەزارەتی بەرگری عێراق یاخود لە چوارچێوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی. هەر بۆیەش تەنانەت لە دوای بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بۆ ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی مووچەی کەرتی سەربازیی و ئاسایشی هەرێمی کوردستانی نەناردووە. ئەوەی کە مەترسیدارترین پرس بوو پێش دوایین بڕیاری دادگا سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، داواکردنی دادگای فیدڕاڵی بوو بۆ ژمارەی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان و چۆنییەتی دابەشبوونیان بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردن. لە ڕاستیدا ئەم داواکارییەی دادگا مەبەستی لە پشتەوە بوو، ئەویش ئەوە بوو کە دادگا لەم ڕێگەیەوە دەیویست ژمارەی ڕاستەقینەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بزانێت، تا لە داهاتوودا دەستکاریی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بکات، چونکە داواکردنی ژمارەی دەنگدەران نە لە دەسەڵاتی دادگای فیدڕاڵیدایە نە هیچ پەیوەندی بە سكاڵاکە و بڕیاری دادگاوە هەبوو. کەچی خودی بەغدا تا ئێستا ڕێگرە لە ئەنجامدانی سەرژمێری سەرتاسەری لە عێراق. هەر بۆیەش لە یەک ڕۆژدا دادگای فیدڕاڵی بڕیاری لەسەر هەڵبژاردن و تەوتینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دا.

چوارەم، پارتی خوێندنەوەی بۆ ئەم دۆخە کرد کە پێویستە هەڵوێستی جیددی وەربگرێت. چونکە گوشاری لەسەرە هەم لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان هەم لەلایەن بەغدا و هەم لەلایەن تاران. ئەمە لە کاتێکدایە کە پارتی دیموکراتی کوردستان هاوپەیمانی ئەمریکایە و لە دوایین دیداری نێوان وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە واشنتن لە کۆتایی مانگی شوباتی ٢٠٢٤، خودی ئانتۆنی بلینکێن، هەرێمی کوردستانی بە هاوپەیمانی ئەمریکا هەژمارکرد. واتە پارتی لە بەرەی ئێران و بەرەی مقاوەمەی ئیسلامیدا نییە کە ئێستا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر ئەم بەرەیە هەژماردەکرێت. ئەگەر پارتی بچێتە چوارچێوەی ئەم بەرەیە بە ئاسانی هیلالی شیعە تەکمیل دەبێت و ئێران بە ئاسانی لە سنورەکانی پارتی بە سووریا، لەوێشەوە بە باشووری لوبنان، لەوێشەوە بە حەماس و ئیسرائیل دەگات، وڵاتانی ڕۆژئاوایی ئاگاداری ئەم هاوکێشەیە و قورسایی پارتی لە ناوچەکەدان، هەر بۆیەش لە دوای کەمتر لە پێنج کاتژمێر لە دەرکردنی بەیاننامەی مەکتەبی سیاسی پارتی، هەم وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، هەم باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و هەمیش یۆنامی لە عێراق بەیاننامەیان لەسەر دۆخی هەرێمی کوردستان و هەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستان دەربڕی. بەیاننامەکان لە پشتیوانی پارتی دیموکراتی کوردستان بن یاخود لە دژایەتی ئەم حزبە یان بێلایەنییان پاراستبێت، لەم بابەتە ناگۆڕێت کە پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئاست هاوکێشەکانی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە قورسایی خۆی هەیە.

پێنجەم، لە ڕێککەوتی ١١/٣/٢٠٢٤. سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نووسراویکی پێنج خاڵی ئاڕاستەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد، کە کۆمەڵێک خاڵی جێی نیگەرانی تێدابوو، وەک نەهاتنەوەی ٤٠٠ هەزار کارتی بایۆمەتری دەنگدەران کە زۆربەی لە ناوچەی دهۆک و هەولێر بوون، داواکردنی لێکجیاکردنەوەی دەنگەکان بە دەست لە گشت بنکەکانی هەڵبژاردن و بوونی نوێنەری هەرێمی کوردستان بە تەواوی دەسەڵاتەوە لەسەر بنکەی سەرەکی لێکجیاکردنەوەی دەنگەکان بە ئەلیکترۆنی و زیادکردنی کورسییەکانی پارێزگای هەڵەبجە، ئەوەی کە جێگەی تێڕامان بوو پێش ئەوەی کە کۆمیسیۆن وەڵامی ئەم داواکارییانە بداتەوە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەڵامی داواکارییەکانی دایەوە، کە نیگەرانییەکان لە جێگەی خۆی نین بەتایبەتیش سەبارەت بە کورسییەکانی پارێزگای هەڵەبجە. کەواتە دەکرێت ئەم خوێندنەوەیە بۆ ئەم هەڵوێستە بکرێت کە پێشوەخت کۆمەڵێک سیناریۆ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان داڕێژراون.

کەواتە بە کورتی پارتی دیموکراتی کوردستان هەم هەستی بە گەلەکۆمە لەسەر مانەوەی خۆی کرد و هەم لەسەر مانەوەی دەسەڵات و قەوارەی هەرێمی کوردستان بەم شێوەیەی کە هەیە. بۆیە ڕایگەیاند، کە بەشداری لە هەڵبژاردنێک ناکات کە بەگوزارشتی ناو بەیاننامەکەی “بەنایاسایی و نادەستوری و لەسایەی سیستەمێکی سەپێنراودا بەڕێوەبچێت”. ئەو هەڵوێستە کە وەک “بایکۆت”کردنی هەڵبژاردن لەلایەن پارتییەوە پێناسە کراوە، بریتی نییە لە ڕەتکردنەوەی هەڵبژاردن، بەڵکوو دروستکردنی پرسیارە لە سەر شێوازی بەڕێوەبردنەکەی. لەو ڕووەوە، گوزارشتەکەی بارزانی لە دیداری لەگەڵ ئەلینا ڕۆمانسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، لە ٢٠/٣/٢٠٢٤ نەک هەر هەڵوێستی حزبەکە لەبارەی خودی هەڵبژاردنەوە ڕوون دەکاتەوە، بەڵکوو هۆکاری پشت هەڵوێستەوەرگرتنەکەش دەخاتەڕوو، کاتێک دەڵێ: “پارتی بایكۆتی هەڵبژاردنی نەكردووە، بەڵكو لەگەڵ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد و شەفاف و جێگەی دڵنیایی و دوور لە دەستوەردانی دەرەكی و بەرنامەی پێشوەختەیە، كە تێیدا دەنگدەران لە مافی دەنگدان بێبەش نەكرێن و پڕۆسەی دیموكراسی بێ بەها نەكرێت و یاساکانی هەرێم پێشێل نەکرێن”.

هاوکات، پارتی ڕاینەگەیاندووە کە نابێت پڕۆسەی هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، واتە لایەنەکانی تر ئازادن بەشداربن لە هەڵبژاردنەکان. بەڵام لایەنەکانی دیکەیش بەبێ بوونی پارتی دەزانن کە ئەم هەڵبژاردنە سەرناگرێت، بۆیەش تا ئێستا لیستی بەربژێریان ڕادەستی کۆمیسۆن نەکردووە و کۆمیسیۆن ناچار بوو کە بۆ پێنج ڕۆژ ماوەی ڕادەستکردنی لیستی بەربژێرەکان درێژ بکاتەوە.

 

لێکەوتەکان

ئەم هەڵوێستەی پارتی دیموکراتی کوردستان لێکەوتەی خۆی دەبێت:

یەکەم، لە دوای ئەم بەیاننامەیە پارتی چووە گەمەیەکی سفڕییەوە، واتە لایەنەکانی تری هەرێمی کوردستان بەتایبەتیش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ناچارە بە داواکارییەکانی پارتی ڕازی بێت، چونکە لە ڕاستیدا داوا و سکاڵاکەی یەکێتی بوو کە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانی پەکخست و کورسی کۆتایی نەهێشت.

دووەم، بەغدا و چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت ناچارن بە سیاسەتی خۆیان لەبەرانبەر پارتیدا بچنەوە. بەتایبەتیش ئێستا کە لە ناو خودی چوارچێوەی هەماهەنگی لێکترازان ڕوویداوە و نوری مالیکی و هادی عامری لەوە دەترسن کە هەم موقتەدا سەدر بگەڕێتەوە بۆ ناو پڕۆسەی سیاسیی و هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی داهاتووی عێراق و هەمیش محەمەد شیاع سوودانی لیستی تایبەت بە خۆی هەبێت، بەپێی هەندێک لێدوان ئەگەری هەیە سوودانی تا نزیکەی ٨٠ کورسی پەرلەمان دەستەبەر بکات و بەشداری نەکردنیشی لە دوایین هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کە لە ١٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ بەڕێوەچوو، وەک خۆئامادەکردنێک لێکدەدرێتەوە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق. چونکە ئیستا زۆرترین تەرکیزی سوودانی لەسەر نەهێشتنی گەندەڵی و گەیاندنی خزمەتگوزارییەکانە. واتە ئەو دوو داواکارییەی کە شەقامی عێراق داوای دەکات. بە هاتنەوەی موقتەدا سەدر و بەشداری سەربەخۆی محەمەد شیاع سوودانی، لیستی دەوڵەتی قانوونی نوری مالیکی و حەشدی شەعبی هادی عامری تووشی کێشە دەبن.

سێیەم، بڕیارەکەی پارتی دەبێتە هۆی گۆڕانکاریی لە دەستێوەردانی هەرێمایەتی، بە دڵنییاییەوە تورکیا و ئەمریکا دێنە سەرخەت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە. سەرەڕای ئەمەش خودی تارانیش ناچارە کۆمەڵێک سازش بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان بکات بۆ ئەوەی کە دۆخی بەغدا هەر لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئێران بمێنێتەوە. ئەم دەستێوەردان و ناوبژیوانیانە بە سوودی پارتی دیموکراتی کوردستان دەشکێتەوە.

چوارەم، هەرچی تایبەتە بە دادگای باڵای فیدڕاڵی، ئەگەری زۆرە بۆ کەیسەکانی داهاتووی تایبەت بە هەرێمی کوردستان دادگای باڵای فیدڕاڵی بە بڕیارەکانی خۆیدا بچێتەوە. نموونەشی ئەو بەیاننامەیە بوو کە دادگای فیدڕاڵی دەریکرد و وەزارەتی دارایی ناچارکرد کە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت تا ئەو کاتەی کە هەژماری بانکیان دەبێت. سەبارەت بەم بڕیارەشی کە داویەتی، ئەگەر پارتی دیموکراتی کوردستان پێداگربێت لەسەر هەڵوێستی خۆی، دادگای باڵا بەپێی مادەی ٤٥ لە پەیڕەوی ناوخۆی هەموارکراوی ساڵی ٢٠٢١، دەتوانێت بە بڕیارەکەی خۆیدا بچێتەوە، چونکە بڕیارەکە باس لەوە دەکات کە هەر کاتێک بەرژەوەندیی نیشتمانی و دەستووری پێویستی کرد، دادگا دەتوانێت پێداچوونەوە بە بڕیاریک بکات کە پێشتر دەریکردووە.

 

پوختە

بە کورتی ئەم بڕیارەی پارتی دیموکراتی کوردستان، گۆڕانکاریی لە هاوکێشە سیاسییەکان لە ئاستی ناوخۆ و هەریمایەتی دروست دەکات و بەغدا و تاران ناچار دەکات کە گوێ لە داواکارییەکانی پارتی بگرن، لەم نێوەندەدا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە تا ئێستا گەمەکە بەپێی بەرژەوەندییەکانی هەڵدەسوڕا، زیانمەندی یەکەم دەبێت. پارتی دیموکراتی کوردستان ئەم نیگەرانییەی هەبوو کە ئەگەر دادگای فیدڕاڵی بەم شێوەیە بەردەوام بێت تەنانەت ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی حکوومەتی هەریمی کوردستان و ڕادەستکردنی دەسەڵاتەکان بە پارێزگا و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی لێبکەوێتەوە. ئەمەش ئامانجی بەغدای دەپێکا کە لە یاسای بودجەدا ئاماژەی پێداوە کە لە ئەگەری کەوتنەوەی ناکۆکی نێوان هەرێم و بەغدا، دەکرێت مووچەی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بە جیا بنێردرێت. خودی وەزارەتی دارایی عێراقیش لە دوای بڕیاری ٢١/٢/٢٠٢٤ی دادگای فیدڕاڵی، نووسراویكی دەرکرد و ڕایگەیاند کە گشت دەستە و وەزارەتەکانی هەرێمی کوردستان دەتوانن بە جیا لیستی مووچەخۆران بەبێ گەڕانەوە بۆ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕەوانەی بەغدا بکەن. لێرەدایە کە سیستەمی فیدڕاڵی و قەوارەی هەرێمی کوردستان هیچ مانایەکی بۆ نامێنێت.

هیوا مه‌جید خه‌لیل

پسپۆڕ لە گەشەسەندنی سیاسی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button