سیاسیشرۆڤه‌
ئاراستەکان

كوردستان و سەقامگیری سیاسیی پێویست

چەمكی سەقامگیری سیاسی لە فەرهەنگی زانستە سیاسییەكان بە ڕەچاوكردنی پەرەسەندنی ئەو چەمكە بەشێوەیەكی مێژوویی، بە شێوازی جۆراجۆر پێناسەكراوە، بەڵام ئەگەر دەرئەنجامی سەرجەم پێناسە و لێكدانەوەكان سەبارەت بەم چەمكە وەربگرین و، باس لە بابەتی سەقامگیری سیاسی لە ئەزموونی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان لە دوای ڕاپەڕینی ئاداری 1991 تا ئێستا بكەین، ئەوا سەقامگیری سیاسی پێویست لەو نموونەیەدا بریتییە لە بابەتی توانای جێبەجێكردنی هاوسەنگی نێوان بنەماكانی سیستمی سیاسی حوكمڕانی و ژینگەی كۆمەڵایەتی و، توانای ئەو سیستمە لە دابینكردنی نەریتە كەلتووری و كۆمەڵایەتییە سەرەكییەكان و، ئامادەبوونی ئەو سیستمە بۆ  وەدیهێنانی ئامانج و بەرژەوەندی پێكهاتە و چینە كاراكانی كۆمەڵگا و، بوونی توانای ئەو سیستمە سیاسییە لە گرێدانی بەرژەوەندی پێكهاتە فرەییەكانی كۆمەڵگا و دابینكردنی بەشدارییان لە درووستكردنی بریاری سیاسیدا، بە جۆرێك چەمكی چارەنووسی هاوبەشی سەرجەم گەلی كوردستان و شوناسی كوردستانیبوون و هاوسەنگی نێوان ئەو شوناسە و شوناسە لۆكاڵییەكان دابین بكات.

بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

دیاردەی سەقامگیری سیاسی لە ئەزموونی حوكمڕانی هەرێمی كوردستاندا لە سایەی ژینگەیەكی سیاسی و جوگرافی و كۆمەڵایەتی و ئابووری و كەلتووری ناوخۆییدایە، كە نیشانەكانی بریتیین لە لاوازی دامەزراوەی سیاسی و ململانێ لەسەر دەسەڵات و نەبوونی بنیاتنانێكی دەستووری، كە ڕێگا لە پاوانخوازی بگرێت و دامەزراوە سیاسییەكانی حوكمڕانی، سەقامگیری و بەردەوامبوون بە خۆیەوە ببینێت.

بەشێك لە هۆكارەكانی ناسەقامگیری سیاسی بۆ بابەتی گەندەڵی سیاسی و بیركردنەوەی دەستەی حوكمڕان و دەوروبەریان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی خۆیان لە ڕێگای بوونیان و بەكارهێنانی جومگەكانی دەسەڵات دەگەڕێتەوە، ئەم بابەتەش لە ڕەوشێكدایە هێزە نەریتییەكانی ژیانی سیاسی، كە بە شێوەیەكی مێژوویی هەژموونیان بەسەر دابەشبوونی پابەندبوون و هاوسۆزی سیاسی ناوەندە كۆمەڵایەتییەكان هەیە، كار بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانیان لە ڕێگای بەردەوامبوونی ئەو دابەشبوونە دەكەن كە مێژووی دەیان ساڵەی هەیە.

ئەم بابەتە ڕەنگدانەوەیەكی نەرێنی لەسەر دەزگاكانی بەڕێوەبردن هەیە، بە جۆرێك هەژموونی حزب ڕێگای لە توانای ئەو دەزگایانە لە ئەنجامدانی ئەركەكانیان لە بواری ئابووری و كۆمەڵایەتی و سیاسی دەگرێت و، بە شێوازێكی نێگەتیفانە كار لەسەر هەلی گەشەپێدان و كاردانەوەی ڕەفتاری تاك و توێژە كۆمەڵایەتییەكان دەكات و لە كۆتاییشدا دەسەڵاتی جێبەجێكردن بە لاوازی دەردەكەوێت.

قەیرانی ئابووری هۆكارێكی دیكەی ناسەقامگیری سیاسییە لە هەرێمی كوردستاندا، ئەمەش لە دیاردەكانی بەرزبوونەوەی نرخ و كەمبوونی كرێی و كێشەی مووچە و لاوازی دەسەڵاتی حوكمڕان لە دابینكردنی پێداویستییەكانی بواری پەیداكردنی هەلی كار و خزمەتگوزاری تەندروستی و دابینكردنی ژیانی شیاو بۆ هاووڵاتی دەبینرێتەوە، هۆكاری سەرەكی ئەم بابەتەش بۆ سیاسەتی ئابووری پەیڕەوكراو و ئاڕاستەی بەتایبەتكردنی سەرجەم چالاكی ئابووری دەگەڕێتەوە.

جگە لە هۆكارە ناوخۆییەكانی ناسەقامگیری سیاسی، لە ئەزموونی حوكمڕانی هەرێمی كوردستاندا هۆكارە دەرەكییەكان، بەتایبەتی ئەو هۆكارانەی پەیوەندییان بە پڕۆسەی سیاسی عێڕاق و هەڵوێستی دەوڵەتی قوڵ و سیستمی تایفەگەری و جێبەجێنەكردنی دەستوور و فەرامۆشكردنی فیدڕاڵی لە پڕۆسەی حوكمڕانی و خولیای گەڕانەوە بۆ ناوەندی ڕەها و، هەڵوێستی نەیاربوونی جەمسەرە هەرێمایەتییەكان بەتایبەتی ئێران و توركیا، ڕۆڵی نەرێنی لە دروستكردنی ناسەقامگیری سیاسی لە كوردستانی باشووردا بینیوە و، دابەشبوونی لایەنە سیاسییە نەریتییەكانی حوكم لە كوردستاندا و، نەبوونی هەڵوێستی یەکگرتووی كوردستانی لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو هۆكارە دەرەكییانە، هۆكارێكی دیكەی وروژاندنی ناسەقامگیری سیاسی و مەترسی لەسەر ئاسایشی كۆمەڵایەتی ناوخۆییە.

بەشێكی دیكەی پەیوەند بە هۆكارە دەرەكییەكان بریتییە لە هەڵەبوونی خوێندنەوەی دیاردە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەكان و كاركردن بۆ لاساییكردنەوەی و، نموونەی ئەمەش لە لاساییكردنەوەی دیاردەی بەهاری عەرەبی لە لایەن هێزی سیاسی كوردستانی دەركەوت لەكاتێكدا پێداویستییەكان و هۆكارەكانی گەڵاڵە نەبوون.

بابەتی سەقامگیری سیاسی لە میانەی ئەزموونی پڕۆسەی سیاسی لە كوردستاندا پێویستی بە توێژینەوەی نەك تاكە حزبێك، بەڵكو توێژینەوەیەكی بە كۆمەڵی حزبە سیاسییەكانی كوردستان و ئاكادیمیستەكان و ڕێكخراوە مەدەنییەكان و سەنتەرەكانی بواری هزری سیاسی هەیە، ئەم بابەتە پێویستی بە میتۆدێكی ڕەخنەگرانە بۆ ئەزموونی حوكمڕانی كوردستان هەیە، بەو مەبەستەی زەمینەی لەبار بۆ چارەسەركردنی قەیرانە سیاسییەكان و هەنگاونان بۆ گەشەسەندنی ئابووری و ئاشتی كۆمەڵایەتی دابینبكرێت، و پڕۆسەی گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی بە ڕێچكەی دیموكراسی و ئاڵوگۆڕكردنی دەسەڵات و بنیاتنانی شوناسی كوردستانیبوون و بە ڕێگای دابینكردنی ڕێسا و میكانیزمەكانی ڕێكخستنی ململانێیەكاندا بڕوات.

لە هەلومەرجی ئەمڕۆی كوردستاندا، كە فشاری جۆراجۆر لەسەر قەوارەی هەریمی كوردستان لە پەرەسەندایە و، ناسەقامگیری سیاسی بە ڕەوشی كوردستان بەتەواوی دیارە، گرنگە ئاڕاستەی مامەڵەكردن لەگەڵ قەیرانی سیاسی ناوخۆیی و ئەم ناسەقامگیرییەی، كە ڕەهەندی جیاوازی گرتووەتەوە، ئەم ڕێچكانەی خوارەوە بەهەند وەربگرێت:

ـ دابینكردنی سەقامگیری دامەزراوە سیاسییەكان و، كاركردنیان و پاراستنی شەرعیەتی یاساییان و، قەدەغەكردنی پەنابردنە بەر توندوتیژی و، جەختكردنەوە لەسەر چەمكی ئاڵوگۆڕكردنی ئاشتییانەی دەسەڵات.

ـ چارەسەركردنی دیاردەی دوو زۆنی و جەختكردنەوە لەسەر بوونی دەستوورێكی مەدەنی بۆ هەرێمی كوردستان، كە بنەمایە بۆ پاراستنی شەرعیەتی دەسەڵاتداری هەرێم و، چەكێكە لە ڕووبەڕووبوونەوەی فشاری ناوەندێتی، كە لەلایەن بەغداوە و بە پشتگیری دەوڵەتە هەرێمایەتییەكان ئەنجام دەدرێت و، لە ڕێگای ئەو دەستورەشەوە پڕەنسیپی جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری مسۆگەر بكرێت.

ـ دانانی میكانیزمەكانی دیموكراسی هەماهەنگی كوردستانی و، بەشداری سیاسیی خەڵك، نەك تەنیا لە دەنگدان و هەڵبژاردن، بەڵكو لە سەرجەم پڕۆسەی سیاسیی حوكمڕانی لە ڕێگای دابینكردنی ماف و ئازادییەكانی گەل و، دابینكردنی ئازادی بیروڕا و دەربڕین بۆ تاك و، نەهێشتنی كۆسپ لەبەردەم چالاكی حزب و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و، گەڕانەوە بۆ ڕای گشتی خەڵك و كەسانی پسپۆڕ لە بابەتە ئاڵۆز و چارەنووسسازەكاندا.

ـ پێداچوونەوە بە سیاسەتی ئابووری و، كاركردن بۆ پڕۆسەی گەشەپێدانی بە ئیرادەیەكی سەربەخۆ، كە ببێتە هۆكاری زیادبوونی داهاتی هاووڵاتی و پەیداكردنی هەلی كار و دابینكردنی كاڵا بە نرخی گونجاو و، باشكردنی خزمەتگوزاری لە بواری تەندروستی و خوێندن و ڕۆشنبیری گشتی.

ـ جەختكردنەوە لەسەر یەكبوونی نیشتمانی و، یەكسانی مافی سەرجەم نەتەوەكانی كوردستان و چارەنووسی هاوبەشی كوردستانی و، دروستكردنی ڕایەڵەی هەماهەنگی بەردەوام و بنەماكانی بۆچوونی كۆكراوەی هاوبەش سەبارەت بە مامەڵەكردن لەگەڵ ئاڵنگارییەكان.

ـ نەهێشتنی گەندەڵی  سیاسی و ئیداری و ئابووری، بەتایبەتی لە بواری وەزیفەی گشتی و جێبەجێكردنی یاسادا.

ـ بنیاتنانی متمانەی سیاسی گەل بە دەسەڵات، كە لە ڕێگای پەیڕەوكردنی سەرجەم ئەو خاڵانەی لەسەرەوەدا ئاماژەمان پێكرد دێتەكایەوە و، لە كۆتاییشدا بوژانەوەی ئابووری هەمووەكی و گەشەپێدانی ئابووری جێبەجێ دەبێت.

ئەمڕۆ باشووری كوردستان لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستی بە دابینكردنی سەقامگیری سیاسی هەیە وەك تەنیا ڕێگایەك بۆ ڕێگاگرتن لە پەرتەوازەیی و توندوتیژی و بەرهەمهێنانەوەی كۆنی سواو، كە ئاكامەكەی بەفیڕۆدانی وزەكان و سامانی گشتی و دۆڕاندنی ڕەوتی مەدەنیەت و ڕۆشنفیكری و عەقڵانیەتە.

كاوه‌ مه‌حموود

سیاسه‌تمه‌دار

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button