بەرژەوەندییەکانی گەل و نیشتمان پێناسەی فەرمیان بۆ نەکراوە. دامەزراوە فەرمییەکان وەکوو پێویست ڕێزیان لێ نەگیراوە و بە ئەنقەست هەوڵدراوە بێکاریگەر و بێبەها بکرێن.
لە نەبوونی دەستوور و لەبەر گرنگی و پێویستیش بێت لایەنە سیاسییەکان نەیانتوانیوە بە لایەنی کەمەوە پەیماننامەی نیشتمانی (شەڕەف) لەگەڵ یەکتری واژۆ بکەن و لە پرسە نیشتمانییەکانی هەرێم پێوەی پابەندبن. لەبەر هەموو ئەو هۆکارانە، ئەو هێڵە سورە نیشتمانییە کە دەبێت دیاری بکرێت و یاریکەرە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان نابێت بیبەزێنن دیار و ڕوون نییە، هەر کەس و لایەنێک بە حەز و ویستی خۆی ئەوەی بیەوێت دەیکات و هەر ڕۆژە و بە جۆرێک لەسەر پرسە نیشتمانییەکان دەدوێت.
لیرە، لەو بارودۆخە دژوارەدا ڕۆڵی سەرکردە و کارەکتەرە بە ئەزموونەکانی کایەی حزبی و سیاسی دێتەگۆڕێ، ئاخۆ دەتوانن هەموو لایەنەکان لەسەر مێزێک بۆ گفتوگۆی ڕاشکاوانە و بەرپرسیارانە کۆببنەوە، گەر دڵسۆز و خەمخۆری ڕاستەقینەی خەڵکی قوربانیدەر و خۆڕاگری هەرێمی کوردستان بن دەتوانن ئەم ڕۆڵە مەزن و مێژووییە بگێڕن. هەرێم ئێستا پێویستی بە کەسایەتی سیاسی و یاسایی و ئابووری زانا و لێهاتوو و دڵسۆز و بە ئەزموون هەیە، تاکوو دوور لە بەرژەوەندی تەسکی کەسی و حزبی چارەسەر بۆ گرفت و قەیرانەکان بدۆزنەوە و کوردستان و کوردستانیان لە ئەگەری هەر مەترسییەک بپارێزن.
بەناردنی پەیام و وەڵام و وەڵامکاری بۆ یەکتری، نەک هەر گرفتەکان چارەسەر نابن، بەڵکو کێشەکان قوڵتر و دۆخەکە ئاڵۆزتر دەبێت و سەنگ و پێگەمان لای هاوبەشەکانمان لەئاستی عێراق و لای دراوسێکان و وڵاتانی دەرەوە لاواز دەبێت. لە ناوخۆشدا ئاستی متمانەی هاووڵاتییان بە نیازپاکی و دڵسۆزی و توانای هێزە سیاسییەکان و بەرپرسانی باڵای هەرێم بۆ چارەسەری گرفتەکان لاواز و لاوازتر دەبێت.
بۆیە لەم قۆناغەدا وەکوو بەرپرسیاریەتی مێژوویی، ئەرکی مەسعوود بارزانی وەکوو سەرۆکی بەرەی کوردستانی لە ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١ و یەکەم سەرۆکی هەڵبژێردراوی هەرێم، ئێستایش وەکوو سەرۆکی گەورەترین حزبی سیاسی لە هەرێم لە هەمووان قورسترە. بە ئەگەری زۆر هەندێک لە سەرکردە و کەسایەتی سیاسی ناو هێز و پارتی سیاسی کوردستان چاوەڕوانی دەستپێشخەری و کاری گەورەی لێ دەکەن، بۆ ئەوەی هەمووان لە شاری هەولێری پایتەخت کۆ بکاتەوە و چوارچێوەیەک بۆ کاری هاوبەش بۆ دەربازبوون لەو قۆناغە دیاری بکەن، دڵنیام بۆ یەکگرتوویی لە پێناو خەڵک و نیشتمان گەلی کوردستان لەگەڵیان دەبن و لەگەڵیان شان دەدەنە بەر سەختییەکان و بەسەریدا زاڵ دەبین.
قۆناغی ئەمڕۆمان لە دۆخی شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش سەختترە. وەکوو چۆن سەرۆک بارزانی خۆی سەرکردایەتی شەڕی داعشی گرتە ئەستۆ و لەگەڵ پێشمەرگەکان کوردستانی لەتیرۆریستانیان پاراست، جارێکی دیکە زۆر لە دڵسۆزان و خەمخۆرانی گەل و نیشتمان چاوەڕوانن بەو ئەرکە هەستێت. بەڵام بەر لە هەر هەنگاوێک پێویستە هەموو لایەنەکان ئیتر ڕێگە نەدەن کەسانێک بە گوتاری زبر و نابەرپرسانە یان بە مەدح و سەنای بێمانا لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دۆخەکە ئاڵۆز بکەن.
ئەرکی کەسە مەزنەکان ئەوەیە کە بتوانن یەکگرتوویی دروست بکەن و میللەت لە نەهامەتی و هەڕەشەکان بپارێزێن.
بەپێچەوانەوە، بەردەوامی ئەم دۆخە و ئەو پەرتەوازەییە و هەست نەکردن بە بەرپرسیارێتی نیشتمانی و نەگەڕاندنەوەی متمانە و باشترنەکردنی ژیانی خەڵک، کوردستان بەرەو لەتبوون یان لە ناوچوونی ناوخۆیی دەبات. بە تایبەت کە هەرێم لە دۆخێکی ئابووری زۆر خراپدایە و هەروەها هەڵبژاردنێکی جیاوازتری لە پێشە.
ئێستا کوردستان پێویستی بەو کارەکتەرە سیاسییانە هەیە، کە لە پێناو پاراستنی هەرێم و ژیانی هاووڵاتییان تەنانەت ئامادە بن پێشمەرگەئاسا بەرەو مەرگی سیاسی هەنووکەیی خۆیان بچن، بەڵام یاد و کاری گەورەیان لە هزر و مێژووی گەلەکەیان هەر دەمێنێتەوە.