سیاسی
ئاراستەکان

بەڵگەنامەیەکی مێژوویی؛ هەڵوێستنامەی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی هەرێمی کوردستان

ڕوونکردنەوە؛

مێژووی ئەم یاداشت(هەڵوێستنامە)یە، بۆ سی ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. بەڵگەنامەکە، دۆخێک لە پڕۆسەی سیاسی هەرێمی کوردستان ڕوون دەکاتەوە، کە تیایدا هێز لە دەرەوەی دەسەڵات کار دەکات. ڕوونتر، دەسەڵات بەشێوەیەکی ڕوواڵەتی هەیە، بەڵام لە هێز بەتاڵ کراوەتەوە و خودی هێزەکە لە دەرەوەی دەسەڵات جێگربووە.

ئەزموونێکی حوکمڕانی، کە هاوکێشەی (پەنجا بە پەنجا)، دابەشکردنی دەسەڵات بەشێوەی نیوە بە نیوە لە نێوان هەر دوو هێزی سیاسی باڵادەستی هەرێمی کوردستان؛ پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی  نیشتمانیی کوردستان ڕوون دەکاتەوە.

یاداشتنامەکە، ئاڕاستەی هەردوو بڕیاردەری یەکەمی دوو حزبەکە و باڵادەستی سەر ئاستی هەرێمی کوردستان کراوە و بەڕوونی واقیعی ئامادەیی (هێز) لە دەرەوەی (دەسەڵات) پیشان دەدات و داوای هاتنەناوەوەی هێز بۆ ناو دەسەڵات دەکات و پێی وایە، تا هێز لە دەرەوەی دەسەڵات بێت، قەیران و تەنگژەکان بەردەوام دەبن و چارەسەری دروست نابێت.

زێدپرێس

 

هەڵوێستنامەی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی هەرێمی کوردستان

 

هەڵوێست و داواکاری

بۆ/ بەڕێز کاک مەسعوود بارزانی

بەڕێز مام جەلال تاڵەبانی

 

لەگەڵ سڵاو و ڕێزدا…

گەلی کوردستان سەدان ساڵە بۆ ڕزگاربوون لەژێردەستی و گەیشتن بە ئاوات و ئامانجە پیرۆزەکانی لە خەباتی بێوچاندایە و قوربانی لەسەر قوربانی دەدات. ڕووداوەکانی بەهاری ساڵی ١٩٩١ و ڕاپەڕینە مەزنەکەی جەماوەری شار و شارۆچکەکانی کوردستان هەلومەرجی گونجاویان بۆ هەنگاونان بەرەو ئاسۆی دواڕۆژێکی ڕووناک و دابینکردنی سەرەتای مافە ڕەواکانی گەلەکەمان ڕەخساند.

لە ئەنجامی ئەو ڕاپەڕینە مێژووییە و یەکخستنی خەباتی هاوبەشی پێشمەرگە و جەماوەر و هەڵوێست و کرداری یەکگرتووی لایەنەکانی بەرەی کوردستانی و پشتگیری دۆست و لایەنە ئاشتیخواز و مرۆڤدۆستەکانی جیهان لە داخوازییە ڕەواکانمان و پشتگوێ نەخستنی چارەنووسی گەلەکەمان و کۆچڕەوە دوو ملیۆنییەکەی لەلایەن وڵاتانی نەتەوەیەکگرتووەکان بەگشتی و ئەنجوومەنی ئاسایش بەتایبەتی و بەهاناهاتن و هاوکاریکردنمان بۆ دەربازبوون لەو بارە پڕ مەترسیدارە و گەڕانەوە بۆ سەر خاکی خۆمان بۆ ئەوەی بە ئازادی و ئاسوودەیی بژین.

ئەوە بوو سەرووی هێڵی (٣٦) وەکوو ناوچەیەکی ئارام بۆ نیشتەجێکردن لەژێر چاودێری و پارێزگاری هێزەکانی وڵاتە هاوپەیمانەکان دیاری کرا. ئەمەش بوو بە هاندەرێکی باش بۆ گەڕانەوەی ئەو خەڵکە ئاوارە و دەربەدەر و بێدەرەتانەی سەرسنوورەکان بۆ سەر خاک و شوێن و هەواری خۆیان.

بێگومان ئەمەش بەپێچەوانەی ویست و ئارەزووی ڕژێمی دیکتاتۆری بەغدا بوو. هەروەها ڕاپەڕینە بەردەوامەکانی شارەکانی کوردستان و فشاری جەماوەر و پێشمەرگە، ڕژێمی ناچارکرد بەشی زۆری کوردستان جێبهێڵێت، بۆشایی یاسایی و ئیداری لە کوردستانی ئازاددا دروست ببێت.

بەڵام ئەو پیلان و مەرامە چەپەڵەی دوژمن سەری نەگرت. سەرکردایەتی سیاسی بەرەی کوردستانی عێراق یەکسەر هەڵوێستی وەرگرت و بڕیاری دا کە (کارگێڕی بەرە) ئەرکی بەڕێوەبردنی ئیدارەی کوردستان بگرێتە ئەستۆ، جێبەجێیش کرا. پاشان لە کۆتایی ساڵی ١٩٩١دا بڕیاردرا کە لە مانگی ئایاری ١٩٩٢دا هەڵبژاردنی پەرلەمان بکرێت. ئەوەبوو دوای هەڵبژاردن، پەرلەمان پێکهێنرا و لە (٤/٧/١٩٩٢)دا حکوومەتی هەرێم دامەزرا. لەو دەمەوە وەزارەتەکان کەوتنە کار و دامودەزگاکانی حکوومەت ڕەوتی ئاسایی خۆیان گرتەبەر. هەنگاو لەدوای هەنگاو دەنرا بۆ پەیڕەوکردنی یاسا و سەقامگیربوونی ئاسایش و تەبایی، گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوەی کوردستان. ئەمە سەرەڕای ئەو کۆسپ و تەگەرانەی کە ناوبەناو لەملا و لەولاوە دەهاتنە پێش حکوومەت و دامودەزگاکانی. تا وای لێهات لە بەهاری ئەمساڵدا ئومێدمان بەدواڕۆژ پتەوتر بوو. شانازیمان بە ئەزموونە دیموکراتییە بێوێنەکەی خۆمان دەکرد. چاوەڕوانی ئەوەمان کرد وڵاتانی دەرەوە زیاتر بایەخ بە کوردستان بدەن. تەنانەت ڕێگا خۆش دەکرا بۆ ئەوەی دان بە حکوومەتە ساواکەمان بنرێ و پەیوەندی و هاوکاری ڕاستەوخۆی لەگەڵدا بکرێ، بەڵام بەداخەوە لەلایەکی ترەوە پاوانخوازی و ململانێی نائاسایی نێوان هەردوو حزبی فەرمانڕەوا وایکرد هەر لایەنە خۆی پڕچەک و هێزی میلیشیا زیاتر بکات. بەبێ ئەوەی گوێ بدرێتە ڕابردووی ئەو کەسانەی کە دێنە ناو هێزە تایبەتییەکانەوە. بەمەش بوار خۆش کرا بۆ خەڵکانی گێرەشێوێن و هەلپەرست، دەرفەت وەربگرن و ئەوی بیانەوێ و بۆیان بلوێ لە یاساشکاندن و ئاژاوەنانەوە، بیکەن.

دیاردەی دزێوی جەردەیی و ڕێگرتن و پیاوکوشتن و دەستدرێژی بۆ سەر ماڵ و سامانی هاووڵاتییان گەیشتە ئەوپەڕی دژواری. هەروەکوو لە ئەنجامیشدا نەتوانرا یاسای حزبەکان و چەکهەڵگرتن جێبەجێ بکرێت. لە هەمان کاتیشدا بەهۆی پەیڕەوکردنی سیاسەتی (نیوە بە نیوە) لەناو هێزەکانی پێشمەرگە و پۆلیس و ئاسایش، حکوومەتی هەرێم نەبوو بە خاوەن هێزێکی چەکداری خۆی، کە بتوانێت وەکوو پێویست بەرگری لە سنورەکان بکات و یاسا و دەسەڵاتەکانی خۆی بچەسپێنێت و لە کێشە ناوخۆییەکاندا ڕۆڵی چارەسەرکردن ببینێت.

ئەو شەڕە براکوژی و خۆکوژییەی کە لە ئایاری ئەمساڵەوە دەستی پێکرد، ئەوەندە نەما سەرتاسەری کوردستان بگرێتەوە و ببێتە هۆی زیندەبەچاڵکردنی هەموو ئەو ئاوات و ئامانجە پیرۆزانەی کە هەزاران شەهید گیانی خۆیان لەپێناویاندا بەخت کرد. ئێستاش بارودۆخ هێشتا هەر نائارامە و دژوارە و بەردەوامبوونی بەرەو هەڵدێرێکی زۆر سامناک دەمانبات.

بۆیە زۆر بەڕاشکاوی دەڵێین ئەگەر کاروبار بەم جۆرە بڕوات و چارەسەرێکی بنەڕەتی نەدۆزرێتەوە، ئەوا ئاسۆیەکی تاریک و مەترسی لەدەستدانی هەموو ڕەنجی خەبات و دەستکەوتەکانی گەلەکەمان لەئارادایە. ئەمە لەکاتێکدا ڕوودەدات کە ڕژێمی بەغدا خەریکە لە گۆشەگیری دیپلۆماسی دەربچێت و ئەگەری هەڵگرتنی ئابلۆقە (یان سووککردنی) لەسەر عێراق ئێستا لە هەموو بوارە دیپلۆماسییەکاندا باسی لێوە دەکرێت. ئەوە وێڕای مەترسی دەستتێوەردانی دراوسێکانی ترمان لە کاروباری ناوخۆی گەلەکەمان و تێکدانی.

بەڕێزان…

ئێمە کە پێمان دەڵێن بەرزترین دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە وڵاتدا، کەچی تەنانەت دەسەڵاتی تەواومان بەسەر پایتەختی هەرێمیشدا نییە، چونکە سێ جۆر حوکمڕانی (یان زیاتر) ئێستاکە لە کوردستاندا هەیە. پارێزگاکان و بەڕێوەبەرە گشتی و لێپرسراوانی تر و دامودەزگاکانی حکوومەت لە دهۆک و سلێمانی و کەرکووک پەیوەندیان بە ئێمەوە نەماوە. دەیان بڕیاری نایاسایی لەو شوێنانەدا دراون و چەندین گۆڕانکاری دوور لە بەرژەوەندی گشتی کراون.

ئێمە لە سەرەتای دامەزراندنی کابینەکەمانەوە هەر وەفدێکی بیانی و دەرەوەمان بینیبێت، ئەوا داوامان لێ کردوون کە وڵاتەکانیان دان بە ئیرادە و فەرمانڕەواییەکەی ئێمە دابنێن، کەچی دوای دوو ساڵ تازە بۆمان دەرکەوت کە دەبێ داوا لە ئێوەی بەڕێز و هەردوو مەکتەبی سیاسی بەڕێزی یەکێتی و پارتی بکەین تاکوو دان بە حکوومەت بنێن و ئیعترافی پێبکەن ئەوجا ڕوون لە هەندەران بکەین و لە دەرگای خەڵکی بیانی بدەین.

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەوپەڕی دڵسۆزی و هەستکردن بە بەرپرسیاری نیشتمانی و نەتەوەییەوە داواتان لێ دەکات سنوورێک بۆ ئەم بارە ئاڵۆزە پڕ مەترسییە دابنێن، بایەخ بە حکوومەتی هەرێم بدەن و دانی پیادا بنێن و ڕێز لە بوون و دەسەڵاتی بگرن. با لە حکوومەتێکی ڕوواڵەتی (شکلی) بێتواناوە، ببێتە ڕاستییەکی خاوەن دەسەڵات، تا دەستکەوتی نەتەوەکەمان بەدەستی خۆمان لە دەست نەدەین.

ئەم ئەرکە گرنگ و مێژووییە ئەمڕۆ لە ئەستۆی ئێوەی بەڕێزدایە، هەروەها هەریەکە لە ئەندامانی ئەم کابینەیەش (چ بە تاک و چ بە کۆمەڵ) بەرپرسیار دەبین بەرانبەر بە گەل و نیشتمان و مێژوو. بۆیە هەموومان پێکەوە بڕیارمان داوە ئەم پێشنیاز و داواکارییانەتان پێشکەش بکەین و ئەگەر لەماوەی (٧) ڕۆژی داهاتوودا ئەنجامێکی نەبوو، ئەوا ناچارین هەڵوێستێکی یەکگرتوو وەربگرین و ئەو بەرپرسیارە مێژووییە لە ئەستۆی خۆماندا بکەینەوە، چونکە بەپێچەوانەوە لەم بارودۆخەدا ناتوانین ئەرک و فەرمانەکانی خۆمان وەکوو پێویست جێبەجێ بکەین.

 

پێشنیاز و داواکارییەکانمان:

  • پەیڕەوکردنی هەموو ئەو یاسایانەی کە لە ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردستانەوە دەرچوون و جێبەجێکردنی بڕیاری ٢٥/٧/١٩٩٤ی ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردستان و یاداشتنامەکەی ڕۆژی ١٥/٨/١٩٩٤ وەفی پەرلەمان بۆ میحوەرەکانی قەڵادزێ و سلێمانی کە لە هۆڵی پەرلەماندا ئاڕاستەی هەردوو ئێوەی بەڕێز کرا.
  • لە سەرتاسەری کوردستانی ئازادکراودا شەڕی براکوژی و خۆکوژی ڕابگیرێت و بەپەلە هێزەکان لێک دووربخرێنەوە و ئاژاوەگێڕ و سەرپێچیکەران بەپێی یاسا سزا بدرێن.
  • بنکە و بارەگاکانی گشت هێزە چەکدار و تایبەتەکان لە شار و شارۆچکەکان دوور بخرێنەوە، بۆ هەر یەکەیان شوێنی پێویست و گونجاو دیاری بکرێت.
  • بڕیارنامەی ئاساییکردنەوەی گشتی و سەرتاسەری لەسەر هەموو ئاستەکاندا و لە گشت ناوچەکانی کوردستان جێبەجێ بکرێت.
  • پەلە بکرێت لەوەی کە بارودۆخ لە گشت فەرمانگە و دامودەزگاکانی حکوومەت لە سەرانسەری کوردستاندا ئاسایی بکرێتەوە و هەموو فەرمانبەر و مامۆستا و کارمەندانی بەزۆر ئاوارەکراو و هەڵاتووەکان یان دوورخراوە و دەرکراو لەسەر کارەکانیان، بۆ شوێنی پێشووی خۆیان بگەڕێنەوە.
  • هەموو ئەو کەلوپەل و شتومەکانەی دەستیان بەسەرداگیراوە، یان بردراون، بدرێنەوە بە خاوەنەکانیان.
  • هەموو ئەو گۆڕانکاری و فەرمان و بڕیارە نادروست و نایاساییانە هەڵبوەشێندرێنەوە، کە لە سەرەتای ئایاری ئەمساڵەدا دەرکراون.
  • داهاتەکانی هەرێم لە گومرگ و سەرچاوەکانی تری داهات پێویستە بچێتە خەزێنە و لەژێر دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێم دابێت.
  • هەموو دەسەڵاتێکی یاسایی و ئیداری و سیاسی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بگەڕێتەوە. بۆ ئەوەی ئەویش وەکوو پێویست بتوانێت بەرانبەر بە ئەرک و دەسەڵاتەکانی بەرپرسیار بێت.
  • پڕەنسیپ و بنەمای (پەنجا بە پەنجا)ی کە تاکوو ئێستا بەو شێوە دزێوە جێبەجێ دەکرێت، بۆتە هۆی ئیفلیجبوونی کاروباری وەزارەت و دامودەزگاکانی حکوومەت، هەروەها یەکسانکردنی دەسەڵات و ئەرکی وەزیر و بریکاری وەزارەت نامۆیە و یاسایی نییە. بۆیە چیتر پیادە نەکرێت. پەیڕەوکردنی یاسای وەزارەتەکان وەکوو چۆن هەن.
  • پشتگیری تەواو لە پڕۆژەی ڕێککەوتننامەی پاریس دەکەین کە لە نێوان نوێنەرانی هەردوو حزب ئامادە کراوە و داواکارین کە بەزووترین کات لەلایەن هەردوو بەڕێزتانەوە ئیمزا بکرێت.
  • ڕاگەیاندن لەلایەن (ڵێژنەی باڵای ئاساییکردنەوەی بارودۆخی کوردستان)ەوە کۆنتڕۆڵ بکرێت و شەڕی ڕاگەیاندن و دروستکردن و بڵاوکردنەوەی ناووناتۆرە و دروشمی نابەجێ دژی یەکتری قەدەغە بکرێت و سەرپێچیکەران سزا بدرێن.
  • بۆ چاکتر بەگەڕخستنی لێژنەی باڵای ئاساییکردنەوەی بارودۆخی کوردستان، جێبەجێکردنی فەرمان و بڕیارەکانی، پێویستە نوێنەرانی حکوومەتی هەرێمی تێدابێت. ئەگەرچی دەبوو ئەم لێژنەیە هەر لە بنەڕەتدا لەژێر سەرپەرشتی ئەنجوومەنی وەزیراندا بێت.
  • هەنگاونانی پێویست بۆ نەهێشتنی میلیشیاتی تایبەت بە حزبەکان و جێبەجێکردنی یاسای چەکهەڵگرتن و بانگکردنی (موالید) بۆ دامەزراندنی بنەمای لەشکری پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێم.
  • بۆ باشتر بەڕێوەبردنی کاروباری هەرێمی کوردستان، پێشنیاز دەکەین هەردوو ئێوەی بەڕێز، یەکێکتان ببنە سەرۆکی پەرلەمان و ئەوی تر هیی حکوومەت، یان هەردوو پێکەوە لەگەڵ سەرۆکی دادگای تەمیز، دەستەی سەرۆکایەتی هەرێم پێک بهێنن.
  • بەستنی کۆبوونەوەیەک لەگەڵ هەردوو ئێوەی بەڕێز، بە ئامادەبوونی بەڕێز سەرۆکی پەرلەمان و بەڕێزان ئەندامانی مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی، لە دیوانی ئەنجوومەنی وەزیراندا، لە ڕۆژی یەکشەم ڕێککەوتی ٢٨/٨/١٩٩٤ بۆ ڕاگەیاندنی ئەم هەڵوێست و داواکارییانەمان و ئاگادارکردنەوەشمان لە دوابڕیاری جەنابتان.

 

لەگەڵ ڕێزماندا

٢٥/٨/١٩٩٤

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...