سیاسیشرۆڤه‌
ئاراستەکان

دەستێوەردان و ستراتیجی ئێران لە عێراق

کار و کردەوەکانی ئێران لە عێراقی دوای-جەنگ دەکرێت لە سیاقێکی فرەوانتری ستراتیجیەتی ئەو وڵاتەدا بۆ ناوچەکە تەماشا بکرێت، کە مەبەست لێی دابینکردن و مانەوەی پێگەی ئێران خۆیەتی. داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە لە ٢٠٠٣، دواتریش، گۆڕینی ڕژێمە سووننەکەی عێراق بە ڕژێمێکی لەخۆگرت،ر بەڵام کۆنتڕۆڵکراو لەلایەن شیعەکانەوە، دەرگایەکی کردەوە بۆ ئێران کە لێیەوە بە ئاسانی بچێتە ژوورەوە و تێوەگلێ لە کاروباری ناوخۆی عێراق. ئەوە بەو مانایە نییە کە دەستوەردانی عێراق لە ٢٠٠٣ دەست پێدەکات، بەڵکو دەمانەوێت ئەوە بڵێین کە لەو ڕۆژەوە ئاسانتر و چڕوپڕتر بووەتەوە، ئەگینا ئێران هەر لە سەردەمی “محەمەد ڕەزا شا”وە دەستوەردانی لە کاروباری ناوخۆی عێراق کردووە. بۆ نموونە، ئێران لە ناوەڕاستی شەستەکانەوە هاوکاری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردی کردووە لە عێراق. لە ١٩٧٤-١٩٧٥ ئەم هاوکارییە زۆر چڕ بووەتەوە. دیارە ئێران ئەوەی بۆ سەرکەوتنی کورد نەکردووە بەڵکو بۆ لاوازکردنی عێراق و فشار خستنەسەری بەمەبەستی چۆکدادان. بەرئەنجامەکانی ئەمەش لە ڕێککەوتنی جەزائیر لە ١٩٧٥ دەرکەوت، کە بۆ پشتکردنی ئێران لە بزووتنەوەی کورد، عێراق ئامادە بوو بەشێک لە خاکی خۆی لە ناوچەی نەفت شاە بدات بە ئێران لەگەڵ نیوەی شەتولعەرەب. لەدوای ڕووخانی شا و دامەزراندنی جمهوری ئیسلامی، ئێران چڕتر لە جاران دەستوەردانی لە کاروباری ناوخۆیی عێراق دەکرد. بۆ نموونە، هاوکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و حزب و لایەنە کوردستانییەکانی دیکەی لە ١٩٧٩ەوە دەستپێکردەوە. لە ١٩٨٦ بەدواوەش یارمەتی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانی دەدا و ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان ئەنجام دەدا. بێجگە لەمانە، ئێران چەک و تەقەمەنی بۆ گرووپ و حزب و لایەن شیعییە ئۆپۆزسیۆنەکانی عێراق دابین دەکرد و لە وڵاتەکە داڵدەی دەدان. (بۆ سەرەتاکانی دەستوەردانی ئێران لە عێراق تەماشای بابەتی “ئێران لە عێراق و سوریا: سەرەتای پەیوەندییەکان و گرنگییە جیۆپۆلەتیکییەکان” بکە.

 

شیعەکانی عێراق، ئەو زۆرینەیەی کە ساڵانێک بوو داپڵۆسێنرابوون، بە ڕووخانی ڕژێمە عەرەبییە-سووننییەکەی سەدام حوسێن، خۆیان لە پێگەیەکی تەواو جیاوازتردا بینیەوە، زۆر بەرزتر و دەسەڵاتدارتر لەوەی کە پێشتر ئەزموونیان کردبوو. لە بەرئەنجامدا شیعەکانی عێراق مافی زیاتر، ئاستی زیاتری بەشداری سیاسیی و لە هەمووشی گرنگتر کۆتایی پەراوێزخستنی ئابووریی و کۆمەڵایەتییان دەویست. ئێران وەکوو وڵاتێکی زۆرینە شیعە و خۆبەخاوەنزانی شیعەکانی دنیا ئەم دەسەڵاتە نوێیەی شیعەکانی عێراقی بەکارهێنا بۆ هاتنەژوورەوە و ڕاگرتنی هاوسەنگی هێز و کەمکردنەوەی کاریگەریی ئەمریکا و سعودیە لە وڵاتەکەدا. هاوکات، ئێران کەڵکی لەو پەیوەندییە مێژووییەی لەگەڵ گرووپە شیعەکاندا کە پێشتر بارەگایان لە ئێراندا هەبوو، وەک حزبی دەعوە و مەجلیسی ئەعلا، وەرگرت بۆ خشین و خزین بۆ ناو دەسەڵات. ئەمە جگە لەوەی پەیوەندی دروست کرد لەگەڵ ئەو بزووتنەوە نوێیانەی تازە دروست ببوون وەکوو جەیشی مەهدی (لە ٢٠١٤ ناوەکەی گۆڕا بۆ سەرایای سەلام) بە سەرکردایەتی موقتەدا سەدر و میلیشیاکانی دیکە وەک عەسائیبی ئەهلی حەق بە سەرکردایەتی قەیس خەزعەلی و کەتائیبی حزبوڵا بە سەرکردایەتی ئەبو مەهدی موهەندیس (تا کوژرانی لە ٢٠٢٠) و حەرەکەی نوجەبا بە سەرکردایەتی ئەکرەم ئەلکەعبی، کە زۆربەیان دوای ٢٠٠٣ دامەزران. ئەم پەیوەندییە دۆستانەییانە پێگەیەکیان بۆ ئێران دروستکرد کە لەوێوە کاریگەریی لەسەر سیاسەت لە عێراقدا هەبێت.

 

لە ساڵانی داگیرکاریی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە، لە نێوان ٢٠٠٣ بۆ ٢٠١١، ئێران جۆرەها میلیشیا و گرووپی دیکەی شیعیی، بە ئیزافەی ئەوانەی ئاماژەیان پێکرا، دروست و پارەدار کرد. هاوکات، هاوکاری و ئاڕاستەی دەکردن لەناو هێزە سیاسییە شیعییەکاندا تاوەکوو هێرش بکەنە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق. لە هەمان کاتدا، ئێران پشتی ئەو حکوومەتە شیعیەشی دەگرت کە لە بەغدا دەسەڵات بەدەست بوو هەر لە حکوومەتەکانی “نووری مالیکی”وە بگرە تا دەگاتە حکوومەتەکەی محەمەد شیاع سوودانی.

 

بەپێی ڕاپۆرتەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان تاوەکوو نیوەی ساڵی ٢٠٠٧ ئەو میلیشیایانەی ئێران هاوکاری دەکردن، بەرپرس بوون لە ئەنجامدانی نیوەی ئەو هێرشانەی دەکرانە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان. ئەمە لەکاتێکدایە، زۆربەی چاودێران پێیان وابوو کە ئەنجامدەری هێرشەکان قاعیدە و گرووپە تیرۆرستییە سووننەکانن نەک گرووپە شیعەکانی نزیک لە ئێران. لە ٢٠٠٣ەوە، میلیشیا شیعییەکان، لەوانە: جەیشی مەهدی و عەسائیبی ئەهلی حەق و کەتائیبی حزبوڵا و حەرەکەی نوجەبا و چەندانی گرووپی دیکەی بچووک لەلایەن سوپای قودسی پاسداران (ئەم یەکەیەی سوپای پاسداران بەرپرسە لە ئۆپەراسیۆنە نهێنییەکان لە دەرەوەی ئێران) و حزبوڵای لوبنانەوە ڕادەهێنرێن و ڕێکدەخرێن. ئەم بانگەشانە بنەمای لەسەر ئەو شوێنپەنجە و شوێنەوارانە داناوە کە بەو چەکە ئێرانیانەوە بوون کە دژی هێزەکانی هاوپەیمانان لەلایەن میلیشیاکانەوە بەکارهاتبوون. ئەفسەرانی سەربازی ئەمریکا لە عێراق دەڵێن: ئێران بە بەهای ملیۆنان دۆلار چەکی لە چەشنی سەکۆی ڕۆکێت و نارنجۆک داوە بە میلیشیا شیعییەکان لە عێراق. ئامانجی سەرەکی ئێران لەوەدا سەرلێشێواندن و هەراسانکردنی هێزەکانی ئەمریکا بووە بۆ ئەوەی فشاریان لێ بکات عێراق بەجێبهێڵن. ئەم کردارەی ئێران و میلیشیاکانی تا ئێستا هەر بەردەوامە، لە داوی کوشتنی قاسم سلێمانی لە ٢٠٢٠ و شەڕی غەززە لە ٢٠٢٣ چڕتر و خەستر بووەتەوە. بە کورتی، ئامانجی ئێران لێدان بووە لە بەرژەوەندی و ئامانج و سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بە گشتی و لە عێراق بە تایبەتی. کەواتە مادام ئێران هێندە بوێر بێت گرفت بۆ ئامانج و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست بکات، ئەوا دەبێت لەلایەن هەموو هێز و لایەنەکانی ناوچەکە بە هەند وەربگیرێت. ئەوە مانای ملکەچکردن نییە بۆ ئێران، بەڵکو خۆئامادەکردن و پلاندانانە بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو.

 

لە دوای ئەوەی پارێزگا سووننییەکانی عێراق کەوتنە دەست داعش لە ٢٠١٤دا، تێوەگلانی ئێران لە عێراق و پاڵپشتییەکانی بۆ حکوومەتە شیعییەکەی و میلیشیا شیعییەکان بەرفرەوانتر بوون و زیاتر دەرکەوتن. ئێران ئەوەی پێی کرا کردی بۆ ئەوەی عێراق و حکوومەتە شیعییە-باڵادەستەکەی لە ڕووخان ڕزگار بکات. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە “ڕاوێژکارە سەربازییە ئێرانییەکان لە مەیدانی جەنگدا ئامادە[بوون] و کاریگەریی زۆریان هە[بوو]” لە یارمەتیدانی عێراقییەکاندا لە دژی داعش. سەرچاوە ئێرانییەکان ئەوەیان پشتڕاستکردووەتەوە کە ئێران ڕاستەوخۆ لە شەڕدا بوو لە دژی داعش و ڕاوێژکارێکی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران لە مەیدانی جەنگدا لە شاری سامەڕا کوژرا. سەرکردەی باڵای سەربازی ئێران، قاسم سلێمانی، کە بەرپرسی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران بوو لە سەروبەندی کەوتنی مووسڵ لە ٢٠١٤ بە بەردەوامی لە عێراقدا کارا بوو. لە پشت پەردەوە قاسم سلێمانی و ئەو ٨٠ هەزار میلیشیایەی لە ژێر فەرمانیدا بوون ڕۆڵێکی گەورەیان گێڕا لە ڕزگارکردنی مووسڵ و ناوچەکانی دیکە لە دەست داعش، ئەمەش تێوەگلانی ئێران لە کاروباری عێراق دا بە زەقی دەردەخات.

 

ستراتیجییەتی ئێران لە عێراق

سیاسەتی دەرەوەی ئێران لە بەرانبەر عێراق لە دوو دەیەی ڕابردوودا دوو دیو و دوو ئامانجی هەبووە: دژە-ئەمریکا و پڕۆ-شیعە. لە داگیرکردنی عێراق لە لایەن ئەمریکاوە لە ٢٠٠٣ بۆ ٢٠١١، واتە تا ئەو کاتەی ئەمریکا هێزە سەربازییەکانی لە عێراق کشاندەوە، ئێران سیاسەتە دژە-ئەمریکاییەکەی لە ڕێگای پلانێکی تاکتیکییەوە جێبەجێ دەکرد، کە پێکهاتبوو لە هێرشکردنە سەر و زیانگەیاندن بە هەموو شێوەیەک بە هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لەڕێگای کۆمەککردن و ئاڕاستەکردنی میلیشیا شیعیەکان ڕاستەوخۆ، هاوکات بەناڕاستەوخۆ یارمەتی هەندێک گرووپی سووننی تیرۆریستی دەکرد. ئامانجەکانی ئێران لەم کار و کردەوە و پڕۆسانەدا ئەمانە بوون: یەکەم، لەنزیکمەودادا ئەوە بوو کە ناسەقامگیریی لە عێراق دروست بکات تاوەکوو ڕێگری بکرێت لەوەی ئەمریکا بە ئامانجە ستراتیجییەکانی بگات لەو وڵاتەدا. دووەم، لەدوورمەدا، تاوەکوو ڕێگری بکات لەوەی ئەمریکا شوێنپێی خۆی لە عێراق قایم بکات یان بنکەی سەربازی دابنێت و ببێتە هەڕەشە لەسەر ئێران. بە مانایەکی دیکە مەبەستەکە ئەوە بوو کە ڕێککەوتننامەی ستراتیجی نێوان ئەمریکا و عێراق، ئەوەی لە ٢٠١٠ەوە تا ئێستا گفتوگۆ و بڕیار و پێداچوونەوەی پێدا دەکرێت، کاریگەریی لەسەر ئێران کەم بێت یان نەبێت، بە شێوەیەکی دیکە ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکەدا لاواز بکات نەک بەهێز. ئامانجی سێیەم ئەوە بوو کە ئەمریکا دوورخاتەوە لەوەی کە بیر لە هێرشی ڕاستەوخۆی سەربازی بۆ سەر ئێران بکاتەوە، بەتایبەتی ئەگەر گفتوگۆی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران شکست بێنێت یاخوود وازی لێبهێنرێت ڕێک وەک ئەوەی دۆناڵد ترەمپ (٢٠١٧-٢٠٢١)، سەرۆکی ئەمریکا، کردی و ئێستاش جۆ بایدن دووبارە دەیەوێت ڕێککەوتنەکەی ٢٠٠٥ دوای پێداچوونەوە واژۆ بکەنەوە. ئامانجی چوارەم گرفت دروستکردن بووە بۆ بەهێزبوونی هەر هێزێکی سووننی لە عێراق کە ڕەنگە مەترسییەکی دوورمەودا بۆ سیستەمە دینی و سیاسییەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران دروست بکات. ئامانجی پێنجەم و کۆتاییش دڵنیابوونەوە بوو لەوەی کە عێراق جارێکی دیکە نەبێتەوە بە مەترسی سەربازیی لەسەر ئێران. بەواتایەکی دیکە، دەسەڵاتدارێکی سووننە نەیەتە سەر حوکم کە مەترسی بۆ ئێران دروست بکات، ڕێک وەک ئەوەی سەدام حوسێن لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو کردی. هەڵبەت دەبێت ئەوەمان لەبیر بێت کە عێراق لە هەشتاکاندا هێرشی کردە سەر ئێران و لە کۆتایی جەنگەکەشدا سوپای عێراق تا ئەندازەیەک شکستی بە سوپای ئێران هێنا و سەرکەوتوو بوو لە شەڕەکەدا.

 

ستراتیجیەتی دووەمی ئێران لەمەڕ عێراق بەو مەبەستە داڕێژرابوو کە ‌هێزە شیعییەکان پڕتوانا و بەهێز و پڕچەک بکرێن، بەتایبەتی لەپەیوەند بە کۆنتڕۆڵکردنی دامەزراوە حکوومییەکان و ئەمنییەکان. بۆ گەیشتن بەم ئامانجە ئێران نەک هەر یارمەتی حکوومەتە هەڵبژێردراوی زۆرینە شیعەی داوە، بەڵکو دەستێوەردانیشی کردووە لە دروستکردن و ئاڕاستەکردنی حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق لە ٢٠٠٣ەوە تا ئێستا. ئێران پەیوەندییە کۆنەکانی لەگەڵ سەرکردە سیاسییە شیعییەکاندا، لە قۆناغی ئۆپۆزسیۆن بووندا، بە چاکی بەکارهێناوە و دەهێنێت بۆ فرەوانکردنی کاریگەرییەکانی لەسەر ئاڕاستە سیاسییەکانی عێراق و ئەو دیوی عێراقیش، لە سووریا و لوبنان.

 

ئێران کە خۆی وڵاتێکە شیعە تێیدا زاڵە، هەم لە ڕووی دانیشتوان هەم لە ڕووی سیاسییەوە لەو باوەڕەدایە کە تەنیا کاتێک بە ئامانجە ستراتیجییەکانی دەگات ئەگەر هاوپەیمانە شیعەکانی کۆنتڕۆڵی دەسەڵات و دامەزراوەکانی عێراق بکەن. ئیدی لەو ڕێگایەوە، ئێران دەتوانێت دەسەڵاتی خۆی لە عێراقدا بسەپێنێت و باڵادەستی خۆی فرەوان بکات و بیگەیەنێتە سووریا و لوبنان. بەمشێوەیە ستراتیجییەتی ئێران لە عێراق لەسەر سێ کۆڵەکە وەستاوە، ئەوانیش یارمەتیدانی حکوومەتە زۆرینە شیعییەکە، لەگەڵ کۆمەکی میلیشیا شیعییەکان، لەپاڵ ئەوانەش، دروستکردنی کۆمەڵێک تۆڕی وەکیل و هاریکاری ڕێکخراو و ناڕێکخراو، هەر یەکەی بۆ پرسێکی دیاریکراو بەکاردێنێت لەکاتی پێویست، ئەگەرنا سەربەخۆیانە کار دەکەن.

 

عێراق نەک هەر وەک خۆی پڕبایەخە بۆ ئێران، بەڵکو گرنگی ئەم وڵاتە لەپاڵ ئەوەشدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە عێراق دەروازەی گەیشتنی ئێرانە بە سووریا، کە هاوپەیمانێکی دیکەی ئێرانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەوێشەوە ئێران دەتوانێت دەستی کۆمەک و یارمەتی بگەیەنێت بە حزبوڵا، گرنگترین و ستراتیجیترین هاوپەیمانی ئێران لە ١٩٨٢ەوەوە. لە ڕێگای کاریگەرییەکانییەوە لەسەر حکوومەتی عێراق، ئێران دەیەوێت ئەو هاوسەنگی هێزە بپارێزێت لە ئاکامی ڕووخانی سەدام حوسێن بەدەستی هێناوە کە بوو بەهۆی پووکانەوەی سیاسییانەی سووننەکان و هەستانەوەی شیعەکان. ئەم هەستانەوەیەی شیعە وای کردووە زۆربەی سیاسی و چاودێرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگەن بەو باوەڕەی کە هیلالێکی شیعی دروست بووە کە لە ڕۆژهەڵاتەوە لە ئێران دەستپێدەکات و بە عێراق و سووریادا تێدەپەڕێت بەرەو باشووری لوبنان، کە ناوچەی باڵادەستیی حزبوڵایە.

 

سەرەڕای بەرژەوەندی سیاسی و ئەمنی، ئێران بەرژەوەندی ئابووری زۆر گرنگیشی لە عێراقدا هەیە. ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان ئێران و عێراق گەیشتووە بە ١٢ ملیار دۆلار لە ٢٠١٣ و ئەگەری ئەوەش هەیە ئەو بڕە بگاتە ٣٠ ملیار لە ٢٠٢٣. ئێران ڕۆژانە ٨ ملیۆن مەتر سێجا گاز بۆ عێراق دەنێرێت. ئەو گەمارۆ ئابوورییە نێودەوڵەتییانەی خراونەتە سەر ئێران وای کردووە عێراق ببێت بە هاوبەشێکی بازرگانی گرنگ بۆ ئێران. ئێران دەیەوێت عێراق وەکوو بازاڕێک بۆ شمەکەکانی بەکاربێنێت، هاوکات لەڕێگای عێراقیشەوە ئەو کەرەستە و ئامێرانەی دەستکەوێت کە گەمارۆیان خراوەتە سەر.

 

هۆکارێکی دیکە لە پشت ڕۆڵگێڕانی ئێران لە عێراقدا ئەوەیە کە لە سەردەمی جەنگی عێراق-ئێران، عێراق ببووە شوێنی داڵدەدانی چەندان هێزی نەیاری ئێران، بۆ نموونە، موجاهیدینی خەلقی ئێران. لەسەروبەندی ڕووخانی ڕژێمەکەی سەدام حوسێندا موجاهیدین نزیکەی ٣٤٠٠ چەکداری هەبوو، کە لە نزیک سنووری ئێران لە “کەمپی ئەشرەف” نیشتەجێ بوون. ئێران هەوڵیداوە ئەم گرووپە لەلایەن عێراقەوە کۆتایی پێبهێنرێت و گەر بکرێت ئەندامەکانی تەسلیمی ئێران بکرێن. کاتێک کەمپەکە  لەژێر سەرپەرشتی هێزەکانی ئەمریکادا بوو تا ٢٠٠٩، داواکاری لەو جۆرە ڕەت دەکرانەوە. بەڵام کاتێک حکوومەتەکەی مالکی کە شیعە تێیدا باڵادەست بوون، ئیدی گرووپەکەیان ناچار کرد عێراق جێبهێڵێت. فشارەکانی ئێران بوو بەهۆی ئەوەی چەند هێرشێک بکرێتە سەر کەمپەکە لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە کە هێرشێکیان لە ٢٠٠٩ و یەکێکی دیکە لە ٢٠١١ ڕوویدا؛ لەو دوو هێرشەدا، سەدان ئەندامی موجاهیدین کوژران یان بریندار بوون. لەژێر فشاردا ئەندامەکانی ڕێکخراوەکە لە کۆتاییدا دەستیان کرد بە چۆڵکردنی کەمپەکە و زۆرینەیان ڕوویان لە ئەوروپا کرد. ئەوە ئەو ئامانجەیە کە ئێران لە ڕێی هاوپەیمانە شیعیەکانییەوە دەیویست پێی بگات و پێی گەیشت. ئەم دەستکەوتە ستراتیجیانە ئەو تێزەی ئەم توێژینەوە دەسەلمێنێت کە ئێران هێزێکی هەرێمییە و ڕۆڵێکی کاریگەر لە کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگێڕێت، وەک شەڕکردن دژی داعش و دەستێوەردان لە کاروباری عێراق و سووریا و لوبنان و بەحرەین و سعودیە و یەمەن.

 

کاتێک داعش ڕووبەرێکی زۆری لە خاکی عێراق داگیرکرد و هەڕەشەی لە بەغدا کرد، حەسەن ڕۆحانی سەرۆکی ئەوکاتی ئێران، ڕایگەیاند کە ئێران ئەوەی لەدەستی بێت دەیکات بۆ ئەوەی شوێنە پیرۆزەکانی شیعە لە هەڕەشەکانی داعش بپارێزێت. ڕۆحانی ناوی شوێنە پیرۆزەکانی وەک کەربەلا و نەجەف و کازمییە و سامەڕای هێنا و پاشان هۆشیاریدا بە “زلهێزەکان و خزمەتکارەکانیان لەگەڵ تیرۆریستەکان کە ئێران هەموو شتێک دەکات بۆ پاراستنی ئەو شوێنانە”. هەرزوو دوای داگیرکارییەکانی داعش، ئێران قاسم سلێمانی فەرماندەی سوپای قودسی نارد بۆ عێراق بۆ هاوکاری حکوومەتەکەی لە دژی داعش. ئەو پرسیارەی لێرەدا دێتە پێشەوە ئەوەیە: داخۆ عێراق بۆچی ئەوەندە گرنگە بۆ ئێران؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە مرۆڤ دەبێت هەڵسەنگاندن بۆ پێگەی جوگرافی و سیاسی عێراق بۆ ئێران بکات لەگەڵ وردبوونەوە لە دابەشبوونی دیمۆگرافی دانیشتوانی عێراق.

 

یەکەم، زۆرینەی دانیشتوانی عێراق ڕێک وەک ئێران موسڵمانی شیعەن. هەروەها عێراق شوێنی زۆر لە مەزارگە پیرۆزەکانی شیعەی تێدایە، لەوانە: ئیمام عەلی لە نەجەف، ئیمام حوسێن لە کەربەلا، ئیمام کازم لە بەغدا، ئیمام هادی و ئیمام عەسکەری لە سامەڕا. ئەم شوێنانە بۆ هەموو شیعەی جیهان گرنگن، بەڵام بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران ئەم شوێنانە دڵی مێژووی شیعەن. لەوەش زیاتر، ئێران سنوورێکی هاوبەش بە عێراقی دەبەستێتەوە کە درێژییەکەی ١٤٥٨ کیلۆمەترە. لە حوزەیرانی ٢٠١٤ داعش شاری جەلەولای داگیرکرد کە تەنیا ٢٥ کیلۆمەتر لە سنووری ئێرانەوە دوورە. ئێران وەڵامی ئەم هەڕەشەیەی داعشی بەوە دایەوە کە هاوکاری عێراق و سوپا لاوازەکەی زیاتر بکات بۆ ڕێگریکردن لەوەی کە داعش ببێتە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی ئێران. بێجگە لەمانە، ئێران دەیەوێت یەکپارچەیی خاکی عێراق بپارێزێت. ئێران لە هەڵوەشانەوەی عێراق زۆر دەترسێت، چونکە  دانیشتوانی ئێرانیش، هاوشێوەی عێراق، دابەشی چەندین گرووپی نەتەوەیی و مەزهەبیین. ئێران زیاتر لەوە دەترسێت ئەگەر داعش یان هەر گرووپێکی دیکەی سووننی-قەومی نەوەستێنرێن ئەوە حکوومەتە شیعییەکەی عێراق بە یەکێکی سووننە جێگەی پڕ دەکرێتەوە. لەپاڵ ئەوانەش، ئێران هەوڵی جددیش دەدات ئەو هەوڵانە شکست پێبێنێت کە لەلایەن عێراقییەکان و ئەمریکییەکانەوە دەدرێن بۆ دروستکردنی سوپایەکی پرۆفێشناڵی نامەزهەبی بۆ عێراق. ئێران ئامانجی ئەوەیە کە هێزێکی سەربازی هاوتەریب بە سوپای عێراق، هاوشێوەی سوپای پاسدارانی ئێران، لەو میلیشیایانەی کە دامەزراون بنیادبنێت. بەوشێوەیەش زاڵبوون بەسەر کاروباری ناوخۆی عێراق و دەستگرتن بەسەر ئاڕاستەکانی ئەو وڵاتەدا ئاسانتر دەبێت بۆ ئێران.

 

لە تشرینی دووەمی ٢٠١٦ ئەنجوومەنی یاسادانانی عێراق پێگەی حەشدی شەعبیان بەیاسایی کرد، بەوەی کە بە فەرمی تێکەڵ، یان کران بە بەشێک لە سوپای عێراق، بەڵام بەشێکی سەربەخۆ. کاتێک دەڵێین سەربەخۆ، مەبەستمان ئەوەیە کە مەرج نییە ئەو هێزانە، یان لانیکەم بەشێک لەو هێزانە، پابەندنین بە فەرمانەکانی سەرۆکوەزیران وەک فەرماندەی باڵای هێزە چەکدارەکان. ئەمە ڕێک لە ٧ ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ دەرکەوت، کاتێک هەندێک لەو میلیشیایانە بە درۆن ڕاستەوخۆ هێرشیان کردە سەر ماڵی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی عێراق. دواتریش کازمی و حکوومەتەکەی نەیانتوانی هیچ هەڵوێستێک بنوێنن سەرەڕای ئەوەی کە کازمی بە زاری خۆی گوتی ئەو دەزانێت ئەوانەی کە هێرشەکەیان ئەنجامداوە کێن!

 

لەوانەش گرنگتر، ڕاستە ئێران بە نیگەرانییەوە لە سەرهەڵدانی داعشی دەڕوانی، بەڵام داعش ئەو دەرفەتەی ڕەخساند بۆ ئێران کە نیشانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بدات کە ئەو هێزێکی گرنگە لە ناوچەکە و دەبێت وەک ئەوە دانی پێدابنرێت و مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. لە گۆشەنیگای ئێرانەوە بەشداری ئەو لە ڕێگریکردن و تێکشکاندنی داعشدا پێگەی ئێران بەهێزتر دەکات لە دانوستانە ئەتۆمییەکاندا لەگەڵ ڕۆژئاوا. مرۆڤ دەتوانێت ئەمە بە ئاسانی ببینێت لەو ڕێککەوتنەدا کە لە تەمووزی ٢٠١٥ لەنێوان ئێران و بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا و ڕووسیا و چیندا واژۆکرا، کە بە ڕێککەوتنی پێنج کۆ یەک ناسراوە. دیارە دواتر کاتێک دۆناڵد ترەمپ هاتە سەر حوکم لە ئەمریکا ڕێککەوتنەکەی هەڵوەشاندەوە، ئێستا ئیدارەی نوێی ئەمریکا جارێکی دیکە لە گفتوگۆدان، بەڵام تا ئێستا لە نیسانی ٢٠٢٤ هێشتا ڕێککەوتنەکە دووبارە واژۆ نەکراوەتەوە.

 

لە بنچینەدا ڕێک وەک ئەوەی حەسەن ڕۆحانی ڕوونی کردەوە، ئێران “سەقامگیری و ئاسایشی عێراق وەک هیی خۆی تەماشا دەکات.” بەرژەوەندییەکانی ئێران لە عێراق لق و پۆپی زۆرە، بۆیە سیاسەتە ستراتیجیەکانی ئێران لەو وڵاتەدا پاڵنەر و هاندەری جیاوازیان هەیە و هەندێجار دژبەیەکن. بۆ نموونە، لەلایەکەوە ئێران دەیەوێت عێراق ناسەقامگیر بکات بۆ ئەوەی هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ شوێن پێ قایمکردن لاواز بکات؛ لەلایەکی ترەوە ئێران هەموو شتێکی کردووە بۆ ئەوەی وا بکات شیعە دەسەڵاتدار بکات و لە حکوومەتدا زاڵیان بکات و مەزارە پیرۆزەکانی شیعەش بپارێزێت. ئەم دووڕیانە سیاسییە ئەستەمە، واتە دژایەتیکردنی ئەمریکا لەلایەک و هێشتنەوەی شیعەکان لە دەسەڵاتدا لەلایەکی دیکە، وای کردووە ئێران زۆر بەقووڵی ڕۆبچێتە ناو قەیرانی ئێستای سووریا و عێراق. ئەم بارودۆخە سیاسییانە دەبێت لەبەرچاو بگیرێن و ڕەچاو بکرێن.

 

سەرچاوەکان

Kimberly Kagan, “Iran‌s Proxy War against the United States and the Iraqi Government,” The Institute for the Study of War, Iraqi Report, May 2006–August 2007.

Sudarsan Raghavan, “Iran said to support Shiite Militias in Iraq”. The Washington Post, August 15, 2006.

Tim Lister, “Battle for Tikrit: Despite billions in aid, Iraqi army relies on militia, and Iran”. CNN News, Nov 3, 2015, http://edition.cnn.com/2015/03/11/middleeast/listeriraq-iran/.

Al-Monitor, “Iran military adviser killed in Iraq”, December 9, 2014.

Al-Monitor, “Iran-Iraq trade reached $12 billion in 2013”, تەموزy 1, 2014.

Iraqi Economic Center, “Iran exports 8 million cubic meters of gas per day to Iraq,” تەموزy 29, 2017, http://en.economiciraq.com/2017/07/29/iran-exports-8-million-cubicmeters-of-gas-per-day-to-iraq/.

Agence France-Presse, “Iran will do everything to protect Iraq shrines: Hassan Rouhani,” حوزەیران 18, 2014, http://tribune.com.pk/story/723618/iran-will-do-everything-toprotect-iraq-shrines-hassan-rouhani/ .

شێرکۆ کرمانج

نووسەر و لێکۆڵەر

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button