سیاسیشرۆڤه‌
ئاراستەکان

هێرشەکانی ئیسرائیل و ئێران بۆ سەر یەکتر بە دیزاینی ئەمریکا

بەرەبەریانی ئەمڕۆ ئیسرائیل وەڵامی هێرشەکەی ئێرانی دایەوە، هاوشێوەی وەڵامەکەی ئێران بەبێ زیانی گیانی بوو، زیانە ماددییەکانیش مایەی باسکردن نین. بەڵام جیاوازییەکە ئەوە بوو ئیسرائیل وەک زۆربەی کات، بە پێچەوانەی ئێرانەوە، ڕێکلامی پێشوەخت بۆ چالاکییەکانی ناکات و نایکاتە بابەتی میدیا. ئیسرائیل لەسەر ئاستی فەرمی دەڵێت کۆمێنت و لێدوان نادەین لەسەر ئەو ڕووداوە، بەپێی ئەدەبیاتی دپلۆماسی و سەربازیی ئیسرائیل واتە ئەو هێرشە ئیسرائیل کردوویەتی.

 

دوێنێ هەواڵی ئەوە هەبوو کە نەتانیاهۆ ڕازی بووە بە داواکەی ئەمریکا کە هێرشێکی گەورە نەکاتە سەر ئێران کە ببێتە مایەی ئاڵۆزی دۆخەکە، لەبەرانبەردا ئەمریکا گلۆپی سەوز داگیرسێنێت بۆ سوپای ئیسرائیل بۆ چوونە ناو ڕەفەح لە غەززە. چاوەڕوان دەکرێت سوپای ئیسرائیل بەم نزیکانە پەلاماری ڕەفەح بدات.

بۆ هێرشەکەی ئێران دوو بۆچوونی سەرەکی هەبوون لە ئیسرائیل، یەکەم: وەڵامدانەوەیەکی توند و فرەوان؛ دووەم: وەڵامدانەوەیەکی ڕەمزی بۆ ئەوەی ئەمریکا نیگەران نەبێت. ئێران پێشتر ڕایگەیاند هەر هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کاردانەوەی توندی دەبێت. ئیسرائیلیش ڕایگەیاند هەر دەبێت وەڵامیان هەبێت. بۆیە دیزاینەکەی ئەمریکا بەو شێوەیە بوو؛ ئیسرائیل وەڵامێک بداتەوە، ئێران بتوانێت ڕایبگەیەنێت کە هیچ هێرشێک نەکراوە. ئەمەش ئیسرائیل ڕازی دەکات بەوەی کە وەڵامی داوەتەوە، ئێرانیش تووشی ئیحراجی ناکات و دەتوانێت هێرشەکە بشارێتەوە، یاخود بڵێت هێرشێک بوو شایەنی وەڵامدانەوە نییە. گومان هەیە ئێران بۆ خۆلادان لە فشار و ئیحراجی، ڕایبگەیەنێت کە هێرشەکە لە ئیسرائیلەوە نەکراوە، بەڵکو لەناوخۆ یان لە وڵاتانی دراوسێەوە ئەنجامدراوە، ئەمەش دووبارە هەرێمی کوردستان دەخاتەوە بەردەم مەترسی هێرشێکی ئێرانی.

لە ڕاستیدا چ وەڵامەکەی ئێران بۆ ئیسرائیل و چ بە پێچەوانەوە، هەردووکی بە تەواوی لە ژێر کۆنتڕۆڵ و ئیدارەدانی ئەمریکا کرا. ئەمریکا وەک تاکە سوپەرپاوەری جیهان ئێستا سێ هاوکێشە و ململانێی ئاڵۆز بەڕێوە دەبات:

لە ئەوروپا، جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکڕانیا. لە سەرەتاوە ئەمریکا ستراتیژی ئەوە بوو کێیەڤ نەکەوێت و زیانێکی گەورە لە ڕووسیاش بدات. بەڵام زیانێک نەبێتە مایەی شکاندنی سوپای ڕووسیا و ناچار بێت پەنا بۆ بۆمبی ئەتۆمی ببات. تا ئەمڕۆ لەم ستراتیژەدا سەرکەوتوو بووە.

ململانێی ئیسرائیل و بەرەی ئێران، ستراتیژی ئەمریکا ئەوەیە کە ئیسرائیل بپارێزێت و براوە بێت، گورزی بەهێز لە بەرەی مقاوەمە بدات بەبێ ئەوەی جەنگێکی ئیقلیمی بقەومێت. لەمەشدا تا ئێستا سەرکەوتوو بووە.

لە ئاسیا، ساڵانێکی زۆرە، بە تایبەت لەم چەند ساڵەی دوایی، ململانێی چین و تایوان بە شێوەیەکی سەرکەوتوانە بەڕێوە دەبات؛ نە تایوان سەربەخۆ بێت نە بچێتەوە ژێر دەسەڵاتی چین. هەر یەک لەم ململانێ و هاوکێشانە ئەگەری ئەوەی هەیە لە ساتێکدا لە کۆنتڕۆڵی ئەمریکا دەربچێت و جەنگێکی گەورە و فرەوان هەڵبگیرسێت.

لەم سێ هاوکێشەیەدا ئەمریکا بەرگری لە ئۆکڕانیا و ئیسرائیل و تایوان دەکات، ئۆکڕانیا و تایوان ئەگەر هەیە بکەون و ئەمریکا جەنگ ڕانەگەیەنێت، بەڵام بۆ ئیسرائیل پرسەکە تەواو جیاوازە. هیچ بەرژەوەندی و دۆخ و دەستکەوتێک بۆ ئەمریکا، نابێتە مایەی سازشکردن لەسەر ئیسرائیل. بریجنسکی پێی وابوو سەردەمی دوای ئەمریکا، سەردەمی چین یان دەوڵەتێکی تر نییە، بەڵکو سەردەمی فەوزایە. ئەمریکا تا ئەمڕۆش پۆلیسی جیهانە. لەم هاوکێشانەدا دەردەکەوێت، کە چین و ڕووسیا بە قۆناغ لە دوای هەژموون و کاریگەری ئەمریکان.

ئایا مەلەفی ئیسرائیل و ئێران داخرا؟ لەوانەیە بۆ ماوەیەکی کاتی دابخرێت، تا یەک لاکردنەوەی پرسی ڕەفەح و غەززە. بەڵام ئیسرائیل دەستدەکاتەوە بە هێرشەکانی بۆ سەر ئێران، ئیتر لەناوخۆی ئێران بێت یان لە دەرەوە، چونکە ئەوەی ئیسرائیل ساڵانێکە هەوڵی بۆ دەدا، بەدەستی هێنا. ئەویش پاساوێک بۆ لێدان لە ناوخۆی ئێران. لەوانەیە هاتنەوەی کۆمارییەکان بۆ حوکمی ئەمریکا خاڵێکی وەرچەرخان بێت لە هاوکێشەی ئیسرائیل و ئێران. ئێستا فشارەکانی ئەمریکا گەورەن، دیموکراتەکان تا کاتی هەڵبژاردنەکان نایانەوێت هیچ جەنگێکی گەورەی تر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕووبدات. چونکە ئیسرائیل ڕووبەڕووی مەترسی ببێتەوە، ئەمریکا ناچارە بە زووترین کات جەنگ ڕابگەیەنێت بۆ بەرگریکردن لەو دەوڵەتە.

لە ڕاستیدا لەم هێرشانەی ئیسرائیل و ئێران، ئەوەی گەورەترین زیانی کرد غەززەیە. هەرچەند حەماس دەیگوت ئەو هێرشەی ئێران زۆر سوودی هەبوو بۆ غەززە! بەڵام حەماس وەک باڵێکی پاسداران، هەر دەبێت وا بڵێت. لە ڕاستیدا ئەو دوو هێرشە، کە هیچ ئیسرائیلی و ئێرانییەکی نەکوشت، هیچ باڵەخانە و بارەگا و سەربازگەیەکی گرنگی وێران نەکرد لە هەردوو وڵات، دۆخێکی خوڵقاند کە فشارەکان لەسەر نەتانیاهۆ زۆر کەم ببێتەوە بۆ شەڕەکەی غەززە و گلۆپی سەوزیشی بۆ داگیرسا بۆ ڕەفەح. گوایە نەتانیاهۆ بە ئەمریکای گوتووە ئەگەر دەتانەوێت هێرشێکی گەورە نەکەینە سەر ئێران، کەواتە فشارەکانتان ڕابگرن بۆ هێرشکردنە سەر ڕەفەح!

ڕه‌نج نه‌وزاد

نووسه‌ر و توێژه‌ر

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...