سیاسیشرۆڤه‌كه‌لتوور
ئاراستەکان

ڕۆژنامەگەری كوردی؛ وشەی ڕەسەن و بەرپرسیاری لە هەڵوێست

مێژووی ڕۆژنامەگەری كوردی مێژووی تێكۆشانە بۆ پاراستنی شوناسی نەتەوایەتی و داكۆكیكردن لە نیشتمان و ئەمەش بە ناو و ناوەڕۆكی یەكەمین ڕۆژنامەی كوردی (كوردستان) ساڵی 1898 دیارە.

 

مێژووی ڕۆژنامەگەری كوردی مێژوویەكی نەپساوەی خەباتی بێوچانە، كە شانبەشانی مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانی گەلی كوردستانە و، كتێبێكی كراوەی تۆماركردنی نەبەردییەكانی ئەم گەلە و گیانی بەرەنگاربوونەوەیەتی.

ئەم بنەمایە ڕێرەوەێكی پتەوی بۆ سەرهەڵدان و پەرەسەندنی ڕۆژنامەگەری كوردی بنیادنا، بە جۆرێك بە ڕیتمی ژیانی خەڵك و ئازارەكانی و تێكۆشان بۆ گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی، ئاشنا و تێكەڵ بێت.

هەروەك هەر بەشێكی دیكەی دیاردەكانی ژیان، كە لە گۆڕانكاری بەردەوامدایە، بواری كاری ڕۆژنامەگەری هەردەم لە دەرەوەی ڕەوشێكی چەقبەستوو و وەستاو نەبووە و، بە ڕەچاوكردنی پەرەسەندنەكانی شێواز و ئامرازەکانی ڕاگەیاندن لە سەردەمی گڵۆبالیزم و ژیری دەستكرد و شۆڕشی مەزنی بواری پەیوەندییەكان لە جیهاندا، لەسەرووی هەموویانەوە تایبەتمەندییەكانی كۆمەڵگای كوردستان و شوناس و ئاستی ناكۆكی و ململانێیە ناوخۆییەكان، ئەرك و بەرپرسیاری نوێ دەكەوێتە ئەستۆی بواری ڕۆژنامەگەری و خودی ڕۆژنامەنووسان، كە پێویست دەكات جەخت لەسەر ئەم خاڵانە بكرێتەوە:

ـ وردی و بابەتیبوون لە كاری ڕۆژنامەگەریدا و دڵنیابوون لە ڕوونی و درووستیی زانیارییەكان بەو مەبەستەی بوار بە چەواشەكردن و هەواڵ و زانیاری نەسەلمێنراو نەدرێت.

ـ جەختكردنەوە لەسەر ئازادی ڕا و ڕادەربڕین و دابینكردنی بۆ تاك و گەل.

ـ ڕێزگرتنی بەها كۆمەڵایەتییە ئەرێنییەكان و دژایەتیكردنی بیری ڕەگەزپەرستی و جیاكاری نەتەوەیی و ئایینیی.

ـ داكۆكیكردن لە پرسی ژنان و منداڵان و مافەكانیان.

ـ دووركەوتنەوە لە مشتومڕی كەسی و شەڕی میدیایی لە نێوان ڕۆژنامەنووسان و ڕێگاگرتن لە بەكارهێنانی ئەرك و كار و چالاكییەكانیان بە مەبەستی ململانێی حزبایەتی.

ـ پشتبەستن بە بەڵگەنامەی فەرمی و متمانەپێكراو و سەرچاوەی دروستیی هەواڵ و زانیاری.

ـ دووركەوتنەوە لە وروژاندن لە كاتی ئەنجامدانی كاری ڕۆژنامەنووسیدا، بەتایبەتی لە كاتی ڕووماڵكردنی ڕووداوە هەمە جۆرەكان.

ـ كاركردن بۆ دروستكردنی زمانی دیالۆگ لە نێوان ڕا و بۆچوونە ناكۆكەكان و هاندانی كۆكبوون و گەیشتن بەو خاڵە هاوبەشانەی كە خزمەتی تەبایی و سەقامگیری و لەیەكترنزیكبوونەوە دەكات.

ـ دووركەوتنەوە لە ئارەزووی كەسی لە گواستنەوەی هەواڵ، كە ئاكامەكەی سووكایەتی و تۆقاندنی بەرانبەر بێت و مەبەست لێی شێواندنی دامەزراوەیەكی گشتی یان تایبەتی یان كەسایەتییەكی سیاسی و كۆمەڵایەتی بێت.

ـ ئامادەبوون بۆ داننان بە هەڵە و ڕاستكردنی زانیارییەكان و ڕێزگرتن لە مافی بەرانبەر بۆ ڕوونكردنەوەی زیاتر و وەڵامدانەوە.

ـ ڕیزبەندیكردن لە نێوان گەیاندنی هەواڵ و گەیاندن و دەربڕینی ڕا و بۆچوون سەبارەت بە هەر بابەتێك کە مایەی گفتوگۆ بێت لە نێو كۆمەڵگادا.

ـ گرنگی بایەخدان بە تایبەتمەندییە هەمەجۆرەكانی بواری كاری ڕۆژنامەگەری، نەك تەنیا لە بواری ئامرازەكان وەك ڕۆژنامە و تیڤی و ڕادیۆ و ئامرازەكانی تۆڕی كۆمەڵایەتی، بەڵكو لە بواری تایبەتمەندییەكانی بابەتەكانی بواری سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و كەلتووری و… هتد، جگە لە تایبەتمەندییەكانی كار و شێوازی نووسین.

ـ ڕووبەڕووبوونەوەی كەناڵ و دەزگا دەمامەكدراوەكان و كاركردن بۆ كەنارخستنیان و ئاشكراكردنی هەواڵی درۆ و بوختان كە بەمەبەستی شێواندنی ڕەوشی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی كوردستان ئەنجام دەدرێن.

ـ وریابوون لەو هەواڵ و بابەتانەی كە نەیارانی گەلی كوردستان لە مەتبەخی سیاسی و هەواڵگری خۆیان لە چوارچێوەی شاڵاوی بێهودەیی گەلەكان و لاوازكردنی گیانی بەرەنگاربوونەوەیدا، دایدەڕێژن.

ـ داكۆكیكردن لە ژیان و گوزەرانی خەڵكی كوردستان و خەڵكی زەحمەتكێش و كرێكاران و جووتیاران و لاوان و خاوەن پێداویستییە تایبەتییەكان.

ـ كاركردنی بە كۆمەڵ بۆ داكۆكیكردن لە مافی سەرجەم ڕۆژنامەنووسان و، دابینكردنی ڕەوشێكی لەبار بۆ كاری ڕۆژنامەنووسانی مێینە بە جۆرێك هیچ شێوازێكی فشاریان لە بواری شوێنی كار و شوێنی چالاكییەكان لە نێو كۆمەڵگادا نەمێنێت.

هەرچەندە ئەم خاڵانەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێكرد دەچێتە ئەركی خودی ڕۆژنامەنووسان و نەریت و ڕەوشتی كاری ڕۆژنامەگەری و، باپەندبوون پێوەی، زەمینەیەكی لەبار و تەندروست بۆ كاری ڕۆژنامەگەری دروست دەكات و بەشێكیش لەو خاڵانە دەچنە بواری ئەركی دەزگاكانی ڕۆژنامەنووسی، بەڵام ئەركی سەرەكی و گرنگ بۆ دابینكردنی زەمینەیەكی لەبار و دروست بۆ كاری ڕۆژنامەگەری بۆ سیاسەتی پەیڕەوكراوی دەسەڵات دەگەڕێتەوە لە قۆناغێكی گواستنەوەی ئاڵۆزدا، كە دیاردەكانی زەوتكردنی ئازادییەكان و ڕێگاگرتن لە واڵابوونیان ماوە و هەنگاوەكانی پێچەوانەش بۆ فرەوانكردنی ئازادی ڕادەربڕین و گەیشتنی زانیاری بۆ تاك و دروستكردنی بەرپرسیاری بەكۆمەڵ بەرانبەر چارەنووسی نیشتمان و دابینكردنی ژیانی شایستە بۆ گەل، خاوە و سەقامگیر نەبووە و، هەردەم ئەو هەنگاوانەش دووچاری مەترسی پێشێلكردن دەبنەوە.

لەو ڕوانگەیەوە و لە ساڵڕۆژی ڕۆژنامەگەری كوردیدا گرنگە جەخت لەسەر گەڵاڵەكردنی قانوونێكی گشتگیر و ڕوون بۆ تەواوی میدیا لە هەرێمی كوردستاندا گەڵاڵە و بڕیار بدرێت، كە بنەماكەی فرەوانكردنی ئازادی ناو كۆمەڵگا و پاراستنی ئازادیی ڕۆژنامەگەری بێت و، ڕێگا لە پێشێلكردنی مافی ڕۆژنامەنووس بگرێت و ژیانیان بپارێزێت و، ئەم هەنگاوەش بە بەشداری كارای خودی ڕۆژنامەنووسان و پسپۆڕانی بواری ڕاگەیاندن ئەنجام دەدرێت و، بەشێك لە پڕۆسەی بنیادنان و گەشەپێدانی كوردستان لە بوارە جۆراجۆرەكاندا دەبێت.

ڕۆژنامەگەری كوردی خاوەن مێژوویەكی پڕشنگدارە، كە جێی شانازی گەلە تێكۆشەرەكەمانە و، بەرپرسیاری ئەمڕۆش لەسەر خودی حكوقمەت و خودی ڕۆژنامەنووسان، پاراستنی ئەو مێژووە پڕ سەروەری و، بەردەوامبوونی وەك زنجیرەیەكی نەپساو، كە نەوەی داهاتووی گەلەكەمان لەو كاروانەدا بەردەوام بن.

كاوه‌ مه‌حموود

سیاسه‌تمه‌دار

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...