
هەندرێن شێخ ڕاغب
بە كوردی و بە كورتی ئەم گرێبەستانە هۆكاری بڕینی مووچەن و پێویست بە هەموو ڕاگەیەندراو و شانامە و بالۆرەی نەتەوەیی و خۆ سووركردنەوە نییە.
ئێستا سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان (هەرچەندە سیاسەت زانستێكی زۆر گرنگ و دەوڵەمەندە!)، لەبەردەم دوو ڕێگادان: یەكەم: یان ئەوەتا عێراق بكەنە هاوبەشی ئیمزاكەیان لە گرێبەستەكان و وەك بۆڕی نەوتەكە بەبێ عێراق دەست بۆ گاز و نەوت نەبەن و قەناعەت بە شیعەی عێراق و ئێران بهێنن! كە بەڵێ ئەم گرێبەستانە نانی ئێران نابڕێت و دژی بەرژەوەندی شیعەی دەسەڵاتداری عێراقیش نییە! ئەوكات دڵنیا بن كێشەی مووچە چارەسەر دەبێت و تەوقەی گەرم دەست پێدەكاتەوە.
دووەم: بە ئەمریكا بڵێن قوربان تەبعەن ئێمە دەرەقەتی عالی جەنابت نایەین، جەنابتان هاتن نەوت و گاز و دۆلاری زۆرتان لە سعوودییە و ئیمارات و قەتەر برد و هێشتا لە فڕۆكەكەت بوویت و نەگەیشتبوویەوە واشنتن، بانگهێشتی ئێمەت كرد و نەوت و گازی ئێمەشت برد، چونكە ئێمە دۆلارمان نییە، بەڵام نەوت و گازمان هەیە، ئیدارەی ترەمپ واتە پارەی خۆت بدە و ئێمەش دەتپارێزین.
فەرموون جەنابی ترەمپ قوربان لەسەر ئێوە عێراق مووچەی بڕین، بۆیە ئێوەی ئەمریكی دەبێت بە عەمەلی بێنە ناو بابەتەكە و كێشەكەمان بۆ چارەسەر بكەن. بەڵام ئەگەر گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە و كۆشكی سپی گوتیان: داواكارین بەپێی دەستوور هەرێمی كوردستان و بەغدا كێشەكانیان چارەسەر بكەن، ئەوا دەستی لێ بشۆ؛ مووچە و بودجە ئێوە خۆش. چاوەڕێی گەڕانەوەی پاشەكەوتی مووچە و شەست ڕۆژ مووچەیەك بن. چونكە ئەوەی پێی وایە گرێبەستەكانی نەوت و گاز بۆ بەرژەوەندی مووچەخۆر و هاووڵاتییان و گەنجانی بێكار و خەڵكی بەشمەینەتە، یان گێلە یان گەندەڵە.
هەرێمی كوردستان ناتوانێت نەچێتە واشنتن و گاز و نەوت تەسلیم نەكات و گرێبەست نەكات، بەڵام خۆ دەكرا ڕاشكاوانە بە باڵیۆزخانەی ئەمریكا و ئیدارەی كۆشكی سپی بڵێن، بەڕێزان ئێمە لاریمان نییە، بەڵام مووچەی مانگانەمان لەبەردەستی عێراقە، ئەگەر ئەوان دژی بن، مووچە و بودجەم نامێنێت، بۆیە ئێوە چ گرەنتی ئێمە دەكەن؟