بەڵام هۆکاری ناوخۆیی تورکیا و نێودەوڵەتیش پاڵنەر بوون، کە زیاتر باسیان دەکەین. لەگەڵ ئەمانەشدا تورکیا، پێداچوونەوەی بە دیدی خۆیدا کرد، بە تایبەتی لە قۆناغی پاش ڕیفراندنۆم کە لە عێراقدا دۆستی بەهێزی نییە، بۆیە دەبێت لەگەڵ ئەمری واقیعدا دەست و پەنجەی نەرم بکات. ئەمەش مانای ئەوەبوو کە دەرگای پەیوەندی لەگەڵ هێزێکی وەک حەشدی شەعبیدا بکاتەوە، کە پێشتر هەوڵی ڕکەبەریی دەدا.
لە سەرەتای ئەمساڵدا فالح فەیاز سەردانی ئەنقەرەی کرد. وەک سەرەتای ئەم پەیوەندییە و داننان بە بوونی ئەم هێزە وەک ئەکتەری سەرەکی ناو سیاسەتی عێراقی.
پاشتر لە مانگی سێ کۆنفرانسی ئەنتالیای دیپلۆماسی کرا، کە جاران کۆنفرانسی ئەنتالیای ئاسایش بوو، کە زیاتر لە لایەن پۆلیسی تورکییەوە بەڕێوەدەبردرا. نزیکەی دە ساڵێک لەمەوپێش من جارێک بەشداربووم، ئەو کاتە هێشتا هەموو هێزە نەیارەکان پاکتاو نەکرابوون.
لەو کۆنفرانسەدا قاسم ئەعرەجی و فواد حوسێن بەشداربوون، هەروەها هاکان فیدانیش. ئەوەی جێگای پێکەنین و گریانە هەر سێ کەسایەتییەکە کوردن. هاکان لە باوکێکی کورد و دایکێکی تورک لە ڤارتۆ هاتووەتە دونیاوە. یەکێک لە باشترین کتێبەکان دەربارەی پەیوەندی نێوان کورد و تورک لەو شارەدا لە لایەن Christopher de Bellaigue ەوە نووسراوە بە ناوی Rebel Land: Unraveling the Riddle of History in a Turkish
ئەم کۆبوونەوەی مانگی سێ جیاواز بوو، چونکە هەردوو وڵات هەوڵیاندا کە کۆمەڵێک دەزگا لە پەیوەندییەکەدا دروست بکەن، وەک ناوەندی چاودێری و ئاسایش، لیژنە، گرووپی هاوبەش. ئەمە زەمینەسازی بوو بۆ سەردانەکەی ئەردۆغان کە چەند جارێک دواخرابوو.
کە هەڵبژاردنی ناوخۆیی تورکیا ڕوویدا، پەیوەندی تورکیا لەگەڵ عێراقدا بوو بە ناچاریی. چونکە لە بیست ساڵی ڕابردوودا، پارتی دادوگەشەپێدان، لە سەر دوو تەوەر کاری دەکرد، دین و پارە. وەک هێزێکی دیندار، توانای ئەوەی هەبوو کە پارە بهێنێت بۆ گیرفانی تورکەکان، کە شێت و شەیدای پارەن.
بەڵام پارە دای لە کزی یان پارە بێ بەها بوو، لە ئەنجامی سیاسەتە نائابوورییەکانی ئەردۆغان کە خۆی لێبووبوو بە ئابووریناس. ئەردۆغان ساڵانێکی زۆر جگە لە گۆڵچییەکی فەقێی خەڵکی قاسم پاشا، شارەزای هیچی تر نەبوو.
بۆچی عێراق بوو بە ناچاریی:
کە ئابووری بوو بە تاکە پرسی کۆمەڵگای تورکی، عێراق وەها بینرا تاکە وڵاتی دراوسێی تورکیایە کە دەتوانرێت سوودی ئابووری لێ بە دەست بێت. لە تورکیا ١٦ ملیۆن کەس خانەنشینن، بەهۆی هەڵاوسانەوە، مانگانە تەنیا ٢٥٠ دۆلار داهاتیانە، کە بەشی تێرکردنی سکیان ناکات. بۆیە زۆریان شەوانە بەبێ تێشوو سەردەنێنەوە.
بەڵام تورکیا کە دێتە سەر عێراق، ناتوانێت خۆی لە پرسی ئاسایش بە دوور بگرێت. ئاسایش بۆ تورک دونیابینییە. دونیابینی وەک جەیمس سیر ناوی دەنێت بریتییە لە کۆی ئەو هەڵوێست و بەها و چیرۆک و چاوەڕوانییانە، کە دەوری کەسێک یان کەسانێک دەدەن دەربارەی دونیا، کە لە ئەنجامدا بیر و چالاکیان لە قاڵب دەدات. دونیابینی لە ڕێگای ڕەوشت، دین، فەلسەفە و باوەڕی زانستییەوە دەردەبڕدرێت. کتێبەکەی سیر ناوی Naming the Elephant: Worldview as a Concept.. بەم پێیە تورک ئاسایش بە سەر دونیابینیاندا زاڵبووە، بە تایبەتی فیگەری کورد.
ئەمەش وەهای کرد کە تورکیا بانگەشەی هێرشێکی گەورە و پرۆژەی ئابووری گەورە پێکەوە گرێبدات. هەندێک لە کۆمێنتنووسە تورکەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هێرشەکە و پڕۆژە ئابوورییەکان بە تایبەتی پڕۆژەی گەشە، پەیوەندییان پێکەوە هەیە. ڕەجەپ سۆیلۆ، کە زۆر نزیکی ئاک پارتییە و لە میدل ئیست ئای دەنووسێت کە بڵاوکراوەیەکی قەتەرییە لە خزمەتی تورکیادا. لە ڕاستیدا هەر پاش دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە ڕەجەبم پرسی ئایا هێرشە سەربازییەکە دەبێت، ئەو گوتی هەڵبژاردنەکان زیاتر ئەردۆغان سور دەکات.
بەڵام هەڵبژاردنەکان سەرئێشەی زۆری بۆ ئەردۆغان دروستکرد، لە سەرووی هەموویانەوە، هەڵکشانی پارتی ڕەفاهی تازە، کە کوڕەکەی نەجمەدین ئەربەکان سەرکردایەتی دەکات. ئەردۆغان لە شەڕەکەی غەزە بە دوای ئەوەدا گەڕا کە دارەکە لە ناوەڕاستدا بگرێت و سوود لە دۆخەکە ببینێت، بەڵام لە ئەنجامدا دەنگدەران لێی ناڕازی بوون و ئێستا دۆخەکەی بە ئاستێک گەیاند کە ئەردۆغان ئابلۆقەی تەواو بخاتە سەر ئیسرائیل، بە تایبەتی پاش دواخستن یان هەڵوەشانەوەی سەردانەکەی کۆشکی سپی.
ئابووری و ئاسایش: براوە براوە یان دۆڕان دۆڕان.
پڕۆژەی گەشە بۆ تورکەکان مانای نوێی پەیداکردووە. ئەم مانا نوێیەش بریتییە لە دروستبوونی هەستێک کە هەوڵێک هەیە تورکیا پەراوێزبخرێت. ساڵی پار کاتێک ئەمریکا هانی پڕۆژەیەکی دا کە هیند و کەنداو و ئیسرائیل و ئەوروپا پێکەوە دەبەستێت، تورکیا سەدای مێژوو لە گوێیدا دەنگی دایەوە، بە تایبەتی کاتێک لە سەدەی نۆزدە، کە کەناڵی سوێس کرایەوە، بووە هۆی ئەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی زیانی ئابووری زۆری بەرکەوێت و هاوکاربێت لە داڕمانی. تورکەکان ئەم پڕۆژەی هیند-ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوروپا بەو جۆرە دەبینن.
ئەمەش وەهایکردووە کە تورکیا فشار بکات بۆ دروستکردنی ڕێگای گەشە، کە زیاتر هەوڵە بۆ گەیاندنی تورکیا بە کەنداو، نەک ئاسیا بە ئەوروپا.
لە ڕاستیدا هەتا ئێستا ئەم پڕۆژەیە هەڵسەنگاندنی زناستی بۆ نەکرابوو، ڕۆژانی ڕابردوو عێراق کۆمپانیای ئۆلیڤەر وایمانی بەکرێ گرت بۆ دیزانی پڕۆژەکە. پاش کارەکانی ئەم کۆمپانیایە دەزانین چی دەگوزەرێت جودا لە فشە زۆرەکانی ڕاوێژکارە زۆر زۆر بەتاڵەکانی سوودانی.
ئێستا ئەگەری چی هەیە؟
یەک، ئێران ماوەیەک بێدەنگ بوو، بەڵام ڕۆژانی ڕابردوو دانایی فەڕ و بەرپرسێکی تر سەردانی کوردستان و عێراقیان کرد و گوێی هەمووانیان ڕاکێشا لەو بارەوە.
دوو، هێرشە درۆنییەکەی کۆرمۆر وەبیری هەمووانی هێنایەوە کە دۆخەکە شامی شەریف نییە.
سێ، دەنگۆی ئەوە هەیە کە تورکیا لەگەڵ کورددا دانوستان دەست پێبکاتەوە.
چوار، تورکیا دەیەوێت چەک بە عێراق بفرۆشێت، پڕۆژەی ئاوی عێراق لە ڕێگای کۆمپانیاکانیەوە دروست بکرێن، هەروەها ڕێگای گەشە، لەگەڵ زۆر پڕۆژەی تردا. بەڵام ڕەنگە ماخولای ئاسایش هەمووی لێ تێکبدات.