كه‌لتوورهه‌واڵ
ئاراستەکان

دروستکردنەوەی ڕووخساری ئافرەتێکی نیاندەرتاڵ کە پێش ٧٥ هەزار ساڵ ژیاوە

ئا: شکۆ شێرکۆ

ئەشکەوتی شانەدەر دەبێتە دەروازەیەک بۆ ئەوەی نهێنییەکانی مرۆڤی کۆن ئاشکرا ببن. نوێترین هیوای زانایانی جیهانە بۆ ئەوەی تێگەیشتنێکی باشتریان بۆ شێوەژیانی مرۆڤی نیاندەرتاڵ هەبێت.

بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

لە چوارچێوەی ئەو پڕۆژەیەی کە زانکۆی کامبرێج بە هەماهەنگی لەگەڵ نۆ زانکۆی دیکەی وڵاتانی بەریتانیا، فەرەنسا و دانیمارک بۆ لێکۆڵینەوە لە مێژووی مرۆڤایەتی و بەدیاریکراوی نیاندەرتاڵەکان لە ئەشکەوتی شانەدەر ئەنجامی دەدەن، پاڵپشت بەدۆزینەوەی ئێسکەپەیکەری ئافرەتێکی نیاندەرتاڵ کە لە ئەشکەوتی شانەدەر دۆزراوەتەوە، بۆ یەکەمجار پەردە لەسەر ڕووخسار و سەرێکی دروستکراوی ئافرەتێکی نیاندەرتاڵ لادەدەن، کە ٧٥ هەزار ساڵ لەمەوبەر ژیاوە.

لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو تاکوو ١٩٧٨، دەستەیەک لە شوێنەوارناسان دەستیان بە لێکۆڵینەوە و هەڵکۆڵین کرد لە ئەشکەوتی شانەدەر و ئێسکەپەیکەری ١٠ مرۆڤی نیاندەرتاڵیان دەرهێنا. ئەو دۆزینەوەیە بەهادار بوو بەتایبەت بۆ دیاریکردنی کاتی ژیانی نیاندەرتاڵەکان، هەروەها لەڕێیەوە چەندین گریمانە بۆ شێوەژیانی نیاندەرتاڵەکان کراوە. زانایان ناوی ‘شانەدەر’یان لە هەر نموونەیەک نا، لەپاڵیشی ژمارەی نموونەکە بۆ ئەوەی لەیەکدییان جیا بکەنەوە.

دوای نزیکەی نیو سەدە و بەدیاریکراوی لە ٢٠١٦، لە کاتی هەڵکۆڵینی زیاتری هەمان شوێنی پێشوو بەمەبەستی کۆکردنەوەی خۆڵ و ماددەکانی دەوروبەری ئێسکەپەیکەرەکان، پەراسوویەک، بەشێک لە بڕبڕەیەکی پشت و ئێسکەکانی دەستی ڕاستی مرۆڤێکی دیکە دەدۆزرێتەوە، بەدواشیدا لە ساڵی ٢٠١٨ و ٢٠١٩ ئێسکەپەیکەری نیاندەرتاڵێکی دیکە لە کەمەر بەرەو سەری دەدۆزرێتەوە و ناوی لێدەنرێت ‘شانەدەر زێد،’ گومان دەکرێت ئێسکەپەیکەرەکە تەواوکەری بەشی خوارەوەی ‘شانەدەر ٦’ بێت، کە نیو سەدە پێشووتر هەڵکۆڵرابوو.

ئەو دۆزینەوەیە وا دەکات، زانایانی ئەو چەرخەی ئێستای تەکنەلۆجیا، نموونەی ڕاستەوخۆیان لەبەردەست بێت، بیپشکنن و تاقیکردنەوەی لەسەر ئەنجام بدەن بە بەکارهێنانی نوێترین ئامێری بەردەست، لەبری ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ توێژینەوەکانی ٥٠ بۆ ١٠٠ ساڵ لەمەوبەر.

دەرکەوتووە لە ١٠ نموونە دۆزراوەکەی ئەشکەوتی شانەدەر، پێنجیان لەتەک یەکەوە دانراون، کە ئەوەش گریمانەی ئەوەی دروست کردووە ئەشکەوتی شانەدەر وەک گۆڕستانێک مامەڵەی لەگەڵ کرابێت و نیاندەرتاڵەکان، پێچەوانەی ڕایە باوەکە لەسەریان، زۆر زیاتر لە ئێمەوە نزیک بن و گرنگیان بە مردووی خۆیان دابێت. هەروەها دۆزینەوەی پاشماوەی دەنکەهەڵاڵە لەنزیک ئێسکەپەیکەرەکانەوە گریمانەی ئەوە دەدات کە تەنانەت ڕێوڕەسمیشیان بۆ کردبن و مردووی خۆیان ناشتبێت، بەگرنگییەوە بیریان لە پرسی مردن و ئاکامەکانی دوای مردن کردبێتەوە.

دەرکەوتووە یەکێک لە نموونەکانی شانەدەر پیاوێک بووە، دەستێکی ئیفلیج بووە، کەڕ بووە و زەبرێک بەر سەری کەوتووە، کە بە ئەگەری زۆرەوە کوێری کردووە، سەرەڕای ئەوەش تەمەنێکی پڕ ژیاوە، ئەوەش مانای ئەوە دەدات لە لایەن هاوەڵەکانییەوە بایەخی پێدراوە و نیاندەرتاڵەکان مرۆڤی بەسۆزتر بوون لەوەی بیریان لێ دەکرێتەوە.

هەموو پارچەکانی ‘شانەدەر زێد’ لە زانکۆی کامبریدج بە وردی سی-تی سکانی بۆ کراوە و دواتریش هەوڵدراوە بە وردی ئێسکەکان بەیەک ببەسترێنەوە، تاکوو نموونەیەکی دروستکراوی سێ ڕەهەندی ژنێکی ٤٠ ساڵ بەرەوژووریان بەدەستەوەداوە، کە مەزەندە دەکرێت ٧٥ هەزار ساڵ لەمەوبەر ژیابێت.

شانەدەر دەروازەیەکی نوێیە بەڕووی شوێنەوارناسان بۆ ئەوەی گریمانەکان یەکلایی بکەنەوە و زانیارییەکان سەبارەت بە نیاندەرتاڵەکان، چۆنییەتی نەمانیان و تێکەڵبوونیان لەگەڵ مرۆڤی سەردەم، هەڵبهێنجن. بارکەر، کە پڕۆفیسۆر و شوێنەوارناسە، لە گرنگی هاوکاریی کوردەکان بۆ درێژەدان بە کارەکانیان دەگات و دەڵێت، “ئێمە بەتەواوی پشت بە پاڵپشتییە بەپەرۆشەکەی کوردانی ناوچەکە و دەسەڵاتەکانی شوێنەوارناسی لە کوردستان دەبەستین، کە ئەشکەوتی شانەدەر بۆ هەردووکیان کڕۆکی ناسنامەی کوردەکانە.”

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...