سیاسیشرۆڤه‌

چەپۆكی دایكم‌ و پرسیارەكانی من

وەكوو ئێستا لە بیرمەو تا گڵەبانی چاوانیشم دەكرێت هەر لە بیرم دەمێنێتەوە، كە منداڵ بووم ‌و بە پێوەری كوردەواری بێت دەستی ڕاست‌ و چەپی خۆم نەدەناسی، بەڵام من بەو تەمەنە منداڵییەمەوە پڕبووم لە پرسیار، پرسیاری زۆر ‌و ئاڵۆز ‌و بەردەوام، لە دایكم دەپرسی دایەگیان ئەوە بۆ مانگ تەنیا شەوان دێتە دەرێ‌‌ و بە ڕۆژ دیار نامێنێت؟ دەمگوت دایە ئەوە بۆ ئەستێرەكان تەنیا بەشەو دێنە ئاسمانی گوندەكەمان‌ و بە ڕۆژ نایانبینین؟ ئایا لە خۆر دەترسن‌ و لە ترسی ئەو خۆیان دەشارنەوە؟ لە دایكم دەپرسی دوای نوێژی شێوان خۆر كە لە دەم كەلی شاخ ئاوا دەبێت دەچێتە كوێ‌؟ ئایا خۆریش دایك ‌و باوكی هەیە ‌و ئەویش وەكوو من كە شەو داهات دەگەڕێتەوە ماڵی خۆی؟
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بەڵام هەموو جارێك دوای تەواوبوونی پرسیارەكانم دایكم چەپۆكێكی دەكێشا بەسەرمدا و پێی دەگوتم هەموو ئەوەی تۆ دەیڵێیت كاری خوایە و چیتر ئەو پرسیارانە بكەی سەراوبن هەڵتدەواسم.

بۆیەش، بەداخەوە من ئەو كاتەی سەردەمی منداڵیم وەڵامی هیچ كام لەو پرسیارانەم وەرنەگرتووتەوە ‌و بگرە لای دایكم ‌و باوكم ‌و ئەندامانی خێزانەكەم ‌و خەڵكی ئاوایی وایان وێنای من دەكرد كەوا كەم عەقڵە و مێشكی تێكچووە ‌و هەربینا وەكوو دێوانە دەستی بە كێواندا.

دواتر گەورەبووم ‌و دەیان‌ و سەدان پرسیاری تر لە مێشكمدا چەكەرەیان كرد، ئەگەرچی پرسیارەكانی سەردەمی ئێستا لە ڕووی فۆڕم ‌و ناوەڕۆكەوە ڕەهەندێكی فیكری‌ و فەلسەفییان هەیە، بەڵام خۆ پرسیارەكانی سەردەمی منداڵیشم هەمان تانوپۆ‌ و مۆركی فەلسەفی هەبوو، بەڵام بە زمانێكی سادە و ساكار، پرسیارەكانی ساڵانی دوای ڕاپەڕینی ئاداری 1991 لەهەمبەر ئەو دۆخە سیاسییە ئەوە بوو، پارتی ‌و یەكێتی چۆن جورئەت ‌و بوێری ئەوەیان هەبوو ئەو شەڕە بكەن‌ و پێچەوانەی ویست‌ و ئیرادە و بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستان سیاسەت بكەن‌ و ئەو ڕۆحییەت ‌و حەماسەتە شۆڕشگێڕیی ‌و تاوسەندووە كپ بكەنەوە كە گەلەكەمان لە ڕاپەڕینی ئاداری 1991 گەیاندییە ئەوجی تەحەددا و درەوشانەوە؟ بۆچی لەجیاتی ئەوەی كار بكرێت بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی ڕاپەڕین‌ و بیناكردنی كەلتووری دیموكراسیەت‌ و بەیەكەوەژیانی مەدەنییانەی سیاسی لە نێوان جیاوازییەكان، ئەو دوو حزبە شار‌ و گوند ‌و كوچە و كۆڵان ‌و گرد‌ و یاڵ ‌و بنار و لوتكەی شاخ ‌و بست بە بستی كوردستانیان كردە مەیدانی شەڕگەی یەكتری‌ و هەزاران لاوی ئەم وڵاتە خێر لەخۆنەدیوەیان كردە دەستەچیلە و سووتەمەنی ئاگری ئەم شەڕە؟ دواتر بۆچی هەر لە سایە و سێبەری ئەو دوو حزبە گەندەڵی بە ترسناكترین شێوە خۆی خزاندە نێو كەلتووری سیاسی‌ و ئابووری ‌و ئیداری هەرێمی كوردستان ‌و بەجۆرێك چۆكی لەسەر سنگی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستاندا و بەر سینگی گرت كە هەناسەی لێببڕێ؟ ئایا تێگەیشتنی لەو دۆخە واقیعە بڵێین پارتی ‌و یەكێتی خراپن‌ و تەواو؟ ئایا شەڕی ناوخۆ‌ و سیاسەتی یەكتری قڕكردن ‌و یەكتری كوشتن تەنیا پەیوەندی بە قۆناغی دوای ڕاپەڕینەوە هەیە و بەس؟ ئەی ئەگەر وایە شەڕی نێوان میرەكانی ئەردەلان‌ و سۆران ‌و بادینان‌ و ئێزدیقڕان بەدەستی خۆمان دەچنە كوێی مێژووی سیاسی ئێمە؟

هەر بۆیەش پێم وایە بۆ بەدەستهێنانی وەڵامی پرسیارەكانی سەردەمی منداڵیم‌ و بۆ تێگەیشتن لە یەكێتی ‌و پارتی ‌و ماهییەتی فیكری ‌و سیاسی قۆناغی دوای ڕاپەڕین دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ڕابردوویەكی دوورتر ‌و قووڵتر لەو مێژووە بڕوانین، مێژوویەك‌ و فیكرێك داعش ‌و سەلەفیەتی فیكری لە كوردستان دەكاتە هێزێكی كۆمەڵایەتی كاریگەر ‌و فیكر‌ و ڕێبازی پێشكەوتنخوازی دەخاتە پەراوێزەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button