سیاسیشرۆڤه‌
ئاراستەکان

بۆچی ئێران دەيەوێت حيزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەک بکات؟

لە دوای ڕووداوەکانی شۆڕشی ژینا، ئێران زیاتر لە جاران هەوڵێکی جددی دەدات بۆ چەککردن و دوورخستنەوەی حيزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر سنوورەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بۆ ئەم مەبەستەش فشارێکی زۆر لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات، کە هاوکاری بن لە گەيشتن بەو ئامانجە. ئەمە لە کاتێکدایە کە حيزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نە چالاکی سەربازييان هەیە دژ بە ئیران نە کێشەی گەورەیان بۆ ئێران دروستکردووە. کەواتە هۆکار چييە کە ئێران لەم کاتەدا بەو شێوەیە سوورە لەسەر گورزوەشاندن لە حيزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان؟

بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسيارە، پێويستە لە چەندين ڕەهەندەوە خوێندنەوە بۆ دۆخی ئێران و ناوچەکە و دۆخی کورد بکەين.

 

ڕەهەندی ناوخۆی ئێران

ئاشکرایە ئێران تا ١٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٣ مۆڵەتی داوە بە عیراق و هەرێمی کوردستان کە حيزبەکانی ڕۆژهەڵات چەک بکەن یان دووريان بخەنەوە لە سنوور، یاخود سەرکردەکانيان ڕادەستی ئێران بکەنەوە. ئەگەرنا ئێران خۆی مامەڵە لەگەڵ ئەو کەيسەدا دەکات.

مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ هاوکاتە لەگەڵ ساڵيادی شۆڕشی ژينا، ئێران دەيەوێت لە ڕێگەی پرسی دژایەتی کردنی کورد و “جوداخوازەکانەوە” فۆکۆسی ڕای گشتی ئێرانی بگۆڕێت لە ساڵيادی شۆڕشی ژیناوە بۆ هەڕەشەی کورد لەسەر ئێران. ئەمە وا دەکات هەر جوڵەیەکی جەماوەری لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بۆنەی ساڵيادی شۆڕشی ژیناوە، یەکسان بکرێت بە پشتگيری کردنی حيزبە “جوداخوازەکان”ی ڕۆژهەڵات و هەڕەشەکردن لە یەکێتی خاکی ئێران.

 

ئێران دەيەوێت لە ڕێگەی پرسی دژایەتی کردنی کورد و “جوداخوازەکانەوە” فۆکۆسی ڕای گشتی ئێرانی بگۆڕێت لە ساڵيادی شۆڕشی ژیناوە بۆ هەڕەشەی کورد لەسەر ئێران

 

ئەم گوتارە هەميشە کاريگەری گەورەی هەبووە بەسەر فارس و ئازەرەکان لە شارە گەورەکانی ئێران، کە پشت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەن. بەبێ فارس و ئازەرەکان، ئەستەمە ڕژێمی ئێران بکەوێتە بەردەم مەترسی.

هاوکات ئێران لە قەيرانێکی گەورەی ئابووریدایە، زەمينە ڕەخساوە بۆ خۆپێشاندانی فرەوان دژ بە ڕژێم. هەر وەها ئێران گومان و ترسی زۆرە لەوەی کە ئەمريکا و ئيسرائيل گورزێکی لێبدەن لەم مانگەدا. ئيتر گورزەکە لە ئێران بدرێت لە ناوخۆ، یاخود لە هەژموونی ئێران بدرێت لە سووريا و عێراق.  هەموو ئەم فاکتەرانە وا دەکەن ڕژێمی ئێران پرسێکی وەهمی و هەڕەشەیەکی درۆينە دروست بکات بۆ بەلارێدابردنی ڕای گشتی ئێرانی.

 

حيزبەکانی ڕۆژهەڵات وەک تاکە ئۆپۆزسيۆنی ڕاستەقينە

هەرچەند لاوازی و سستييەکی زۆر لە چالاکی حيزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەدی دەکرێت، بەڵام نکۆڵی لەوە ناکرێت کە لە ئێراندا تاکە ئۆپۆزسيۆن کە خاوەنی چەک و بنکەییەکی جەماوەری فرەوان و ميديا و چالاکی جەماوەری بێت، تەنيا حيزبە کوردييەکانن. نە فارسەکان، نە ئازەر و عەرەب و بەلوچەکان خاوەن ئەو جۆرە ئۆپۆزسيۆنە نين.

ئاشکرایە بەهۆی نەبوونی ئۆپۆزسيۆنێکی ڕاستەقينە لە ناو فارسەکان، ئەوا بەشێکی زۆری فارسەکان گەڕاونەتەوە بۆ پشتگيريکردنی کوڕی شا. بۆ نەتەوەکانی تريش بە هەمان شێوەیە، پەرتەوازەییەکی گەورەیان پێوە ديارە کە حيزبێک یا چەند حيزبێک نييە کۆیان بکاتەوە و ئاڕاستەیان بکات. ئەم پەرتەوازەییە سوودێکی گەورەی هەیە بۆ ڕژێم، کە بە ئاسانی کۆنتڕۆڵيان بکات.

بەڵام لە دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاشکرا ديارە ديموکرات و بژاک توانایان هەیە بەشێکی گەورە لە کۆمەڵگا کۆبکەنەوە و ئاڕاستەی بکەن.

 

سەرەڕای ئەوەی حيزبە کوردييەکانی ڕۆژهەڵات بە فەرمی لەگەڵ یەک پارچەیی ئێرانن، بەڵام ئاشکرایە لائەنگرانيان زۆربەی سەربەخۆيخوازن

 

ئەم جۆرە لە ئۆپۆزسيۆنە لەسەر سێ ئاست مەترسيدارە بۆ ئێران: یەکەم، لە کاتی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی، ئەم ئۆپۆزسيۆنە توانای هەیە شەقام ئاڕاستە بکات. دووەم، لە ئەگەری دەستتێوەردانی دەرەکی (ئەمريکا) بۆ گۆڕينی ڕژێم، ئەوا ئەم ئۆپۆزسيۆنە ئامرازی سەرەکی ئەمريکا دەبێت بۆ لێدان لە ڕژێم. سێیەم، ئۆپۆزسيۆنی کوردی، وەک هی فارس و ئازەر نييە، سەرەڕای ئەوەی حيزبە کوردييەکانی ڕۆژهەڵات بە فەرمی لەگەڵ یەک پارچەیی ئێرانن، بەڵام ئاشکرایە لائەنگرانيان زۆربەی سەربەخۆيخوازن. واتە ئەم ئۆپۆزسيۆنە لای ئێران، نەک تەنيا هەڕەشەیە بۆ سەر ڕژێم، بەڵکو هەڕەشەیە بۆ خودی دەوڵەتی ئێران. لێرەوەیە ئێران زۆر مەبەستييەتی ئەم ئۆپۆزسيۆنە لە ناوببات و تەواو لاوازی بکات، چونکە ئەگەر ئێستاش لاواز بێت، ئەوا لە ئايندەدا تاکە هێزە بتوانێت گورز لە ڕژێم بدات.

 

هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان

ئەم ڕەهەندە گرنگترينە، ئێران بە پاساوی حيزبەکانی ڕۆژهەڵات دەيەوێت سنوورەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆنتڕۆڵ بکات لە ڕێگەی ئەوەی کە سوپای عێراق بگەڕێتەوە بۆ ئەو سنوورانە. بە دڵنياییەوە سوپای عێراق تەنيا دەستەواژەیەکی ڕووکەشييە، ئەگەر نا لە ناوەڕۆکدا ئەوا حەشد و سوپای قودسن کە دەبێت ئەو سنوورانە کۆنتڕۆڵ بکەن.

لەم پیلانەدا تورکيا تا ڕادەیەکی زۆر هاوڕایە. تورکياش بە پاساوی پەکەکە دەيەوێت سوپای عێراق بگەڕێتەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکانی باشوور لەگەڵ باکور و ڕۆژئاوای کوردستان. ئەم پيلانانە ئەگەر هەمووی سەرکەوتوو بێت، واتە دروستکردنی ديوارێکی ئەمنی لە نێوان هەر چوار پارچەکەی کوردستان.

 

تورکيا بە پاساوی پەکەکە دەيەوێت سوپای عێراق بگەڕێتەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکانی باشوور لەگەڵ باکور و ڕۆژئاوای کوردستان

 

ئەوەی کە گرنگە بۆ ئێران و تورکيا بريتييە لەوەی بە پاساوی گەڕانەوەی سوپای عێراق بۆ ئەم سنوورانە، بتوانن دەروازەی فیشخاپور و دەروازەی سمێلکا لە دەست کورد دەربهێنن و کۆنتڕۆڵی بکەن. بەمەش ڕۆژئاوای کوردستان سەرەکيترين دەروازە لە دەستدەدات و ناچاری ڕژێمی ئەسەد و ميليشياکانی ئێران دەبێت لە سووريا. هەرێمی کوردستانيش تاکە دەروازەی خۆی لە دەستدەدات کە لە ژێر دەسەڵاتی داگيرکەراندا نييە.

 

یەکێک لە مەبەستەکانی ئێران بۆ گەورەکردنی پرسی حيزبەکانی ڕۆژهەڵات، پرسی کۆنتڕۆڵکردنی هەسەدەیە و دوورخستنەوەیەتی لە ئەمريکا

 

ئیستا تورکيا و ئێران هەردووکيان هاوڕان کە هەسەدە لاواز بکەن و ڕۆژئاوای کوردستان گەمارۆ بدەن. هەر بۆیە هەفتەیەکە چەندين هۆزی عەرەبی لە سووريا بە هاوکاری ڕاستەوخۆی ئێران و تورکيا شەڕیکی سەختیان ڕاگەياندووە دژ بە هەسەدە. ئێران دەيەوێت لە دوو لاوە شەڕی هەسەدە بکات، لە ڕۆژئاوای کوردستان، لە ڕێگەی هۆزە عەرەبييەکان و ميليشيا شيعەکانەوە، هاوکات لە هەرێمی کوردستانەوە بە گرتنی سنووری نێوان باشوور و ڕۆژئاوا. یەکێک لە مەبەستەکانی ئێران بۆ گەورەکردنی پرسی حيزبەکانی ڕۆژهەڵات، پرسی کۆنتڕۆڵکردنی هەسەدەیە و دوورخستنەوەیەتی لە ئەمريکا، لە ڕێگەی دروستکردنی فشار لەسەر سنووری ڕۆژئاڤا و باشوور.

 

پيلانی دەرکردنی ئەمريکا لە سووريا

کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکانی کوردستان بەو شێوەیەی لەسەرەوە باسکرا، بۆ ئێران لە دوو لایەنەوە زۆر گرنگە: یەکەم، پرسی کورد بە تەواوی بە سەربازی و ئەمنی دەکات و کۆنتڕۆڵی دەکات. دووەم، فشارێکە لە ئەمريکا لە ڕۆژئاوای کوردستان. چونکە ڕێگەی سەرەکی بۆ لایەنی لۆجستی ئەمريکا لە ڕۆژئاوای کوردستان و سووريا بريتييە لە دەروازەی سمێلکا و سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاڤا. ئەمەش لەگەڵ ئەو پیلانەی ئێران-سوريا-ڕووسيا بۆ دەرکردنی ئەمريکا لە سووريا و ڕۆژاڤا تەواو یەکدەگرێتەوە، کە ماوەی پێشوو واشنتۆن پۆست ئەم پيلانەی ئاشکرا کرد و بڵاويکردەوە.

 

ڕێگەی سەرەکی بۆ لایەنی لۆجستی ئەمريکا لە ڕۆژئاوای کوردستان و سووريا بريتييە لە دەروازەی سمێلکا و سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاڤا

 

هەژموونی ئێران لە ناوچەکەدا بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە عێراق و سووريا دەبەستێت. یاخود سنووری نێوان عێراق و سووريا. هەژموونی سەرەکی ئەمريکاش لە عێراق و سووريا، زیاتر پشت بە هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان دەبەستێت. بۆیە زیادبوونی هەژموونی ئێران لە هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاڤا، یاخود فشار دروستکردن لەسەر کورد لەم دوو پارچەیەدا، یەکسانە بە دروستکردنی فشار بۆ سەر ئەمريکا.

 

پوختە

فشارەکانی ئێران بۆ چەککردنی حيزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەندين ئامانج و ڕەهەندی ناوخۆیی و ئيقليمی و نێودەوڵەتی هەیە. یەکێک لە ڕەهەندەکانی دژایەتیکردنی ئەمريکایە، هەر بۆیە لە ئەگەری هێرشکردنی ئێران بۆ سەر حيزبەکانی ڕۆژهەڵات لە باشووری کوردستان، ئەگەر حيزبەکانی ڕۆژهەڵات ماوەیەک بتوانن بەرخودان بکەن، ئەوا ئەگەرێکی کراوە هەیە، کە ئەمريکا هاوکاری هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکات. هەمان سيناريۆ لە هەفتەی پێشوو لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕوويدا، کاتێک هۆزە عەرەبييەکان بە هاوکاری ئێران دەستيانکرد بە هێرش کردن بۆ سەر پێگەکانی هەسەدە، لە وەڵامدا هەسەدە بە توندترين شێوە هێزی سەربازی بەکارهێنا و شەڕی ڕاگەياند. تا دوو ڕۆژ ئەمريکا تەماشاکەر بوو، پاشان دەستی کرد بە هاوکاريکردنی هەسەدە لە ڕێگەی درۆن و هێرشی ئاسمانييەوە. ئەم سيناريۆیە دەکرێت وا لە ئێرانيش بکات کە دوودڵ بێت لە هێرش کردنە سەر حيزبەکانی ڕۆژهەڵات لە ترسی ئەوەی ئەگەرێک هەیە ئەمريکا دەستتێوەردان بکات. بۆیە زۆر گرنگە حيزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێش ١٩ی ئەم مانگە شوێنەکانی خۆیان چۆڵ نەکەن و نەکەونە ژێر فشارەکانی ئێران و عێراق و هەتا پارتی و یەکێتییەوە، چونکە ئەگەر هەیە ئێران هێرش نەکات، یاخود لە کاتی هێرشکردندا ئەگەر هەیە ئەمريکا دەستتێوەردان بکات، بە تايبەت ئەگەر ئێران لە ڕێگەی ميليشيا شيعەکانەوە هێرش بکات، ئەو کات ئەمريکا دەستکراوەتر دەبێت بۆ هاوکاريکردنی حيزبەکانی ڕۆژهەڵات. وەک چۆن ئێستا هاوکاری هەسەدە دەکات دژ بە ميليشياکانی ئێران  و هۆزە عەرەبييەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان.

 

ڕه‌نج نه‌وزاد

نووسه‌ر و توێژه‌ر

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...