سیاسی
ئاراستەکان

ڕێزگرتن لە ئازادییە مەدەنییەکان لە کوردستان و عێراق

ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەبارەی مافی مرۆڤ لە عێراق لە ساڵی ٢٠٢٣دا، ئاماژە بەو ئاستەنگ و دەرفەتانە دەکات کە لە عێراق و هەرێمی کوردستان پێوەست بە ئازادییە مەدەنییەکان، لەناویاندا ئازادی میدیا هەن.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، تایبەت مافی مرۆڤ لە عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٣، پێوەستە بە ڕێزگرتن لە ئازادییە مەدەنییەکانەوە، کە زێدپرێس وەک بەڵگەنامەیەکی گرنگ بە زنجیرە بڵاوی دەکاتەوە (بەشی یەکەمی ڕاپۆرتەکە لێرەدایە). لە خوارەوە بەشی دووەمی ڕاپۆرتەکە خراوەتەڕوو.

 

ڕێزگرتن لە ئازادییە مەدەنییەکان

a. ئازادیی ڕادەربڕین و ئازادیی کارمەندانی ڕاگەیاندن و میدیاکانی تر

دەستوری فیدڕاڵ مافی ئازادیی ڕادەربڕینی زامن کردووە، لەگەڵ ئازادیی کارمەندانی ڕاگەیاندن و میدیاکانی تر، ئەگەرچی ئەمە مەرجدارە بە پێشێل نەکردنی نیزام و ئادابی گشتی و دەرنەبڕینی پاڵپشتیی بۆ حزبی بەعسی قەدەغەکراو. سەرەڕای ئەمە، چالاکوانانی میدیا و چالاکوانانی کۆمەڵایەتی ڕووبەڕووی چەندین جۆری فشار و گێچەڵ بوونەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە، لەئەنجامدا ئاستەنگی سەرەکیی بۆ پیادەکردنی ئازادیی ڕادەربڕین، بریتی بوو لە خود-سانسۆرکردن بەهۆی ترسی ڕاستەقینە لە تۆڵەسەندنەوە لەلایەن حکوومەت، حزبە سیاسییەکان، هێزە ئیتنی و مەزهەبییەکان، میلیشیاکان، گرووپە تیرۆریستی و توندڕەوەکان یان باندە تاوانکارەکان. داکۆکیکارانی ئازادیی ڕادەربڕین دەڵێن لەبەرئەوەی یاسا بەدیاریکراوی پێناسەی ئەو کردانەی نەکردووە کە دەچنە چوارچێوەی پێشێلکردنی نیزام و ئادابی گشتی، دەسەڵاتداران دەتوانن ناڕۆشنیی یاساکە بەکاربهێنن بۆ کپکردنی ئازادی ڕادەربڕین.

ئازادیی ڕادەربڕین: تاکەکەسەکان نەیانتوانیوە بەئاشکرا یان بەڕێگەی تایبەت ڕەخنە لە حکوومەت بگرن بەبێ ترسی تۆڵەسەندنەوە. میلیشیا چەکدارەکان گێچەڵیان بە چالاکوانان و بزووتنەوە سیاسییە نوێیە ڕیفۆرمخوازەکان کردووە، بەشێوەی ئۆلاین یان ڕووبەڕوو، لەڕێگەی وەک بڵاوکردنەوەی زانیاری ساختەی ئۆنلاین، هاککردن و هەڕەشەی تر یان بەکارهێنانی تووندوتیژی جەستەیی بۆ بێدەنگکردنیان و ڕاگرتنی چالاکییەکانیان.

لە مانگی ئاب، ڤۆڵکەر تورک کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافی مرۆڤ، لەمیانەی سەردانێکی فەرمیی بۆ عێراق، نیگەرانیی دەربڕی لە ژمارەیەک کرداری ئەنجامدراو لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە – بۆ نموونە، کردنەوەی دۆسیەی ناوزڕاندن لەدژی ڕۆژنامەوانان و چالاکوانانی کۆمەڵی مەدەنیی – کە “کاریگەری سەختی” هەبووە لەسەر ئازادیی ڕادەربڕین، بەتایبەتی بۆ داکۆکیکارانی ژینگەیی.

گێچەڵی یاسایی لەلایەن حزبە ئیسلامییە ڕادیکاڵەکان و گرووپە میلیشیاکانی هاوپەیمانی ئێران بە بەکارهێنانی دۆسیەی یاسایی هەڵبەستراو لەدژی چالاکوانان، داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەوانان، بۆتە هۆی سنووردارکردنی ئازادیی ڕادەربڕین و بەشداریکردنی مەدەنیی. ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنیی ڕاپۆرتیانداوە لەسەر ئاستی بێوێنەی گێچەڵی یاسایی، بەتایبەتی لەڕێگەی تۆمەتبارکردنی هەڵبەستراوی بەشداریکردن لە چالاکیی تاوانکاریی و سزادانی تەمومژاوی لەسەر “ناڕەزایی” یان “ناوزڕاندن” پاش بڵاوکردنەوەی سەرنج و رەخنە دژی کاربەدەستانی حکوومەت. هەندێک جار ناودەبرێن بە دۆسیەی یاسایی هەڵبەستراو، ساختە یان وەڕسکار، ئەم دۆسیە یاساییانە ماددەی یاسایی تەمومژاوی بەکاردەهێنن و پشتدەبەستن بە شرۆڤەی زۆر کراوەی یاسا. زۆر کەیسی دۆسیەی هەڵبەستراو ناگات بە ڕای گشتی بەهۆی ترسی قوربانییەکان لە زیانپێگەیاندنی زیاتر.

حکوومەت زیاتر بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی کردووە بە ئامانج. لە مانگی کانوونی دووەم، وەزارەتی ناوخۆ ڕێنمایی نوێی دەرکرد بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و سەکۆیەکی دانا کە هاووڵاتیان دەتوانن ڕاپۆرت بدەن لەسەر هەر ناوەڕۆکێک “کە پێشێلی ئادابی گشتی بکات، پەیامی نەرێنیی و نەشیاوی تێدابێت و زیان بگەنێت بە سەقامگیریی کۆمەڵایەتی.” بەپێی ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، لەنێوان مانگەکانی کانوونی دووەم و حوزەیران، دەسەڵاتداران بەلای کەمەوە 20 کەسیان دادگاییکردووە پەیوەست بە ئازادیی ڕادەبڕینەوە.

هێزەکانی ئاسایش، بەگشتی ئەوانەی لەژێر فەرماندەیی وەزارەتی ناوخۆ، ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی یان هێزەکانی حەشدی شەعبین، هەروەها هێزەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان (بەتایبەتی ئاسایش) ئەو خۆپیشاندەر و چالاکوانانەیان دەستگیر و بەنکردووە کە ڕەخنەگری دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەندیی و حکوومەتی هەرێمی کوردستانن، ئەمەش بەپێی گوتەی بەرپرسانی حکوومەت، نوێنەرانی ڕێکخراوە ناحکومییەکان و ڕاپۆرتەکانی ڕاگەیاندنەکان. لە 13 شوبات، ڕوانگەی مافی مرۆڤی عێراقی ڕایگەیاند کە دەسەڵاتدارەکان بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان بە هەڕەمەکیی دەستگیرکردووە لەسەر بڵاوکردنەوەی “ناوەڕۆکی کواڵیتی نزم.” بەپێی ڕاپۆرتەکان، دەسەڵاتەکان بەشێوەیەک مامەڵەیان لەگەڵ ئەم دەستگیرکراوانە کردووە وەک ئەوەی لە کردەکانی “تیرۆریزم” تێوەگلابن و زیانیان گەیاندبێت بە دامەزراوە گشتییەکان یان زیانیان گەیاندبێت بە سامانی گشتی.

پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەولەویەتی دەستگەیشتن دەدەن بەو دەزگایانەی خۆیان یان ئەندامەکانیان خاوەندارێتی یان کۆنتڕۆڵیان دەکەن. دەزگا میدیایایەکانی هەرێمی کوردستان کە پاڵپشتی سیاسیی و دارایی بەهێزیان نییە، ئاماژەیان بە سەختی دەستگەیشتن بە زانیاری یان شوێنەکانی ڕاپۆرت داوە.

تووندویژی و گێچەڵ: ڕۆژنامەنووسان بەردەوامبوون لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە، ترساندن و پەلامار لەلایەن میلیشیاکان یان هێزەکانی ئاسایش. کۆمەڵەی داکۆکیکردن لە ئازادیی ڕاگەیاندن (Press Freedom Advocacy Association) تا کۆتایی مانگی مایس، 345 کەیسی پێشێلکاریی دژی ڕۆژنامەوانان لەسەر ئاستی نیشتمانی تۆمارکردووە، کە زۆرینەی کەیسەکان لە بەغداد و هەولێر بوون. هێزەکانی حکوومەت چەندبارە ڕێگریان کردووە لە ڕاپۆرتدانی ڕۆژنامەوانان بە بیانووی هۆکاری ئاسایش. هەندێک ڕێکخراوی میدیایی ڕاپۆرتیانداوە لەسەر دەستگیرکردن و گێچەڵکردن بە ڕۆژنامەوانان، هەروەها هەوڵەکانی حکوومەت بۆ ڕێگرتن لە ڕووماڵکردنی پرسە سیاسییە هەستیارەکان، لەوانە پرسەکانی ئاسایش، گەندەڵیی و شکستخواردنی حکوومەت لە دابینکردنی خزمەتگوزاری گونجاو.

ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور (Reporters Without Borders (RSF)) نزیکەی 20 دەستگیرکردنی ڕۆژنامەوانیان تۆمارکردووە لە هەرێمی کوردستان لەماوەی ساڵەکەدا. ڕێکخراوی پەیامنێران بۆ مافەکان و پەرەپێدان (Organization of Reporters for Rights and Development) کە بنکەی لە هەولێرە، ڕاپۆرتیداوە لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ساڵەکەدا، 49 پێشێلکاریی ئەنجامدراون لەدژی 99 ڕۆژنامەوان و بلۆگەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان. پەیامنێرانی بێسنوور (RSF) تیشکی خستەسەر زیادبوونی پێشێلکارییەکان لەدژی ڕۆژنامەوانان لە هەرێمی کوردستان، چەند ڕۆژنامەوانێک بەشێوەیەکی نایاسایی دەستگیرکراون و لە ڕۆژی ئازادکردنیان تۆمەتی نوێیان ڕووبەڕوو کراوەتەوە ئەمەش بۆتە هۆی درێژکردنەوەی ماوەی ڕاگرتنیان.

 

لە سەرانسەری وڵات ڕاپۆرت هەبوو لەسەر لێدان، دەستبەسەرکردن و هەڕەشەی کوشتن لەدژی کارمەندانی میدیا، بەتایبەتی لەدژی ئەو ڕۆژنامەوانانەی بۆ دەزگاکانی ئۆپۆزسیۆن و دەزگا ناحزبییەکان کاردەکەن. لە مانگی ئاب، ڕۆژنامەوانێک لە هەڵەبجە ڕاپۆرتیدا کە هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە لەلایەن کەسانێکەوە کە لەو بڕوایەدایە سەربە هەواڵگری ئێرانین، بەهۆی ڕووماڵکردنی دەستوەردانی ئێران لە سیاسەتی هەرێم. لە مانگی ئەیلوول، ڕۆژنامەوانێکی دهۆک ڕاپۆرتیدا کە هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە بەهۆی ڕووماڵکردنی گەندەڵیی حکوومەت لە شارەکە.

 

سانسۆر یان سنووردارکردنی ناوەڕۆک بۆ ئەندامانی ڕاگەیاندن و میدیاکانی تر، لەناویاندا میدیای ئەلیکترۆنی: یاسا، بەرهەمهێنان، هاوردەکردن، بڵاوکردنەوە یان هەڵگرتنی بابەتی نووسراو، کێشراو، فۆتۆگراف یان فیلم قەدەغە دەکات کە پێشێلی ئاکار یان ئادابی گشتی بکات. سزاکان بۆ حوکمدان بریتین لە پێبژاردن و بەندکردن. ترس لە تۆڵەسەندنەوەی توندوتیژ، بەهۆی بڵاوکردنەوەی ڕاستییەکان یان بۆچوونی ڕەخنەیی لە لایەنە سیاسییەکان، ڕێگربووە لە دەربڕینی ئازاد.

چاودێریی و سانسۆری حکوومەتی فیدراڵ، و تاڕادەیەکی کەمتر حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەندێک کات دەستوەردان دەکەن لە کارەکانی میدیا، هەندێک کات ئەمە دەبێتە هۆی داخستنی دەزگا میدیاییەکان، بەربەستکردنی ڕووماڵ، بێبەشکردن لە دەستگەیشتن بە زانیاری گشتی و دەستوەران لە خزمەتگوزاری ئەنتەرنێت. هەندێک دادگای هەرێمی کوردستان لە کەیسەکانی ڕۆژنامەوانان، یاسای سزادانی عێراقی بەکاردەهێنن کە زۆر تووندترە، لەجیاتی یاسای ڕۆژنامەوانی هەرێمی کوردستان، کە پاراستنی زیاتر دابین دەکات بۆ ئازادیی ڕادەربڕین و دەستبەسەرکردنی ڕۆژنامەوان قەدەغە دەکات.

لە کۆتایی ساڵدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان یاسای مافی دەستکەوتنی زانیاری جێبەجێ نەکردووە کە لە ساڵی 2013 دەرچووە. ڕۆژنامەوانان و داکۆکیکارانی ئازادیی ڕۆژنامەگەریی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە دەسەڵاتی دادوەریی بێلایەن نەبووە لە کەیسەکانی ئازادیی ڕۆژنامەگەریی یان لە داوا یاساییەکان لەدژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەهۆی شکستخواردن لە دابینکردنی زانیاری. لە مانگی کانوونی دووەم، دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر داوایەکی یاسایی ڕەتکردەوە کە دەزگای هەواڵی پەرەگراف بەرزی کردبووەوە لەدژی سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر ڕەتکردنەوەیان بۆ دابینکردنی زانیاری لەسەر بودجەی گشتی.

لە 22 مایس، وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێنماییەکی بڵاوکردەوە بۆ ڕێکخستنی دامەزراوە میدیاییەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراق. ڕێنماییەکە ڕێکارەکانی مۆڵەتپێدانی تووندتر کردووە بۆ دامەزراوە میدیاییەکانی هەرێمی کوردستان، ڕسومی مۆڵەتی زیادکردووە و دەسەڵاتی بەخشیوە بە وەزارەت بۆ چاودێرییکردنی ناوەڕۆکە بڵاوکراوەکان و سنووردارکردنی ئەو بابەتانەی دامەزراوەکان دەتوانن پەخشیان بکەن. ئەمە جاری یەکەم بوو وەزارەت کۆنتڕۆڵی خۆی بسەپێنێت بەسەر ئەو شتانەی تاکەکەسان دەتوانن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بیڵێن.

میدیا ناوخۆییەکان چالاک بوون و بۆچوونی هەمەجۆریان دەربڕی، کە بەگشتی ڕەنگدانەوەی بۆچووونە سیاسییەکانی خاوەن دامەزراوەکانن. هاوکات میدیاکان خود-سانسۆریان پەیڕەوکردووە بەمەبەستی پابەندبوون بە بەربەستەکانی حکوومەت لەسەر “پێشێلکردنی ئادابی گشتی” هەروەها لە ترسی تۆڵەسەندنەوەی کەسایەتییە سیاسییەکان، حزبەکان، میلیشیاکان، گرووپە تیرۆریستییەکان، باندە تاوانکارییەکان، بەرپرسانی حکوومەت و کەسە تایبەتەکان. حزبە سیاسییەکان کاریگەریی بەهێز یان کۆنتڕۆڵی تەواویان هەیە لەسەر زۆرینەی چەند سەد بڵاوکراوەی چاپکراوی ڕۆژانە و هەفتانە، لەگەڵ دەیان وێستگەی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆن و سەکۆکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کەسایەتییە کاریگەرەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

یاساکانی ناوزڕاندنی نووسراو/زارەکیی: یاسا ناوزڕاندنی نووسراو و زارەکیی، سوکایەتی بە پیرۆزییەکان، تۆمەتدانەپاڵ و سووکایەتیکردن بە سەرکردەکانی حکوومەتی وەک تاوان هەژمارکردووە. بەرپرسانی دادوەریی، میلیشیاکان و حکوومەت، لە کەیسەکانی ناوزڕاندن، فەرمانی دەستگیکردنیان بەکارهێناوە، بۆ ترساندن، بێدەنگکردن و لەهەندێک دۆخدا بۆ “ناچارکردن”ی چالاکوانان و ڕۆژنامەوانان بە ئاشکراکردنی شوێنی خۆحەشاردانیان. ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ڕاسپاردەیان کرد حکوومەت یاساکە هەمواربکات، وەک دەڵێن بەکاردەهێنرێت بۆ بێدەنگکردنی ناڕەزایی و داواکارییەکان بۆ چاکسازیی. لە 25 ئادار، محەمەد نەعمان دەستگیرا و پاشان ئازادکرا لە کەیسێکی ناوزڕاندنی تۆمارکراو لە تشرینی یەکەمی 2022 لەلایەن سەرۆک وەزیرانەوە. لە کۆتایی ساڵدا نەعمان هێشتا چاوەڕوانی دادگاییکردن بوو. لە 30 مایس، دادگای کەتن لە مووسڵ بڕیاری بێتاوانی دەرکرد بۆ داکۆیکاری مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەوان یاسر ئەلحەمدانی لە تۆمەتەکانی ناوزڕاندن و سوکایەتیکردن بە بەرپرسانی حکوومەت لەمیانەی کارەکەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی.

ڕۆژنامەوانانی هەرێمی کوردستانی عێراق ڕاپۆرتیانداوە لەوەی ترسیان هەیە دەستگربکرێن یان ڕابگیرێن لەسەر ناوزڕاندن ئەگەر ڕووماڵی ڕەخنەیی بکەرە دەسەڵاتدارەکان بکەن. لە مانگی ئەیلوول، دامەزراوە میدیاییەکان ڕاپۆرتیاندا دادگایەکی هەڵەبجە، سەرۆکی ڕێکخراوی هەڵوێست، کە رێکخراوی ناحکومییە و چاودێریی و هەڵسەنگاندن دەکات بۆ کاری دامەزراوە گشتییەکان، بە شەش مانگ بەندکردن سزادا لەسەر ناوزڕاندن، پاش ئەوەی ڕێکخراوەکە ڕاپۆرتیدابوو لەسەر گەندەڵیی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە.

ئاسایشی نیشتمانیی: میلیشیا چەکدارەکانی حەشدی شەعبی چەندبارە هەڕەشەیان کردووە لە جڤاتی سووننە و کەمینەکانی تر بەتۆمەتی تیرۆریزم و بەمەبەستی بێدەنگکردنی ناڕەزایی، بەتایبەتی لەو ناوچانەی میلیشیاکان دەستیانگرتووە بەسەر زەوی و چالاکییە ئابوورییەکانی ناوچەکە و ڕێگرییان کردووە لە گەڕانەوەی ئاوارە سوننەکان.

 

کاریگەری ئەکتەرە ناحکوومییەکان: ئەکتەرە ناحکوومییەکان و نمیچە حکوومییەکان، لەناویاندا گرووپە میلیشیاییەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت، گرووپە تیرۆریستەکان و باندەکانی تاوان، هەڕەشەی تووندوتیژییان لە ڕۆژنامەنووسان کردووە بەهۆی ڕووماڵکردنی بابەتە هەستیارەکان.

 

ئازادیی ئینتەرنێت

حکوومەت دەستگەیشتن بە ئینتەرنێتی سنووردار کردووە یان پچڕاندووە و سانسۆری خستۆتە سەر بابەتەکانی سەر ئینتەرنێت، هەروەها ڕاپۆرتی جێگەی متمانە هەبوون لەسەر ئەوەی حکوومەت چاودێریی پەیوەندییە تایبەتەکانی سەر ئینتەرنێت دەکات، بەبێ دەسەڵاتی یاسایی گونجاو. بەربەستەکانی حکوومەت لەسەر دەستگەیشتن بە ئینتەرنێت بە نهێنی ئەنجام دەدران، و حکوومەت ڕایگەیاند دەسەڵاتی یاسایی تەواوی هەیە بۆ چاودێرییکردنی پەیوەندییە تایبەتەکان لەسەر ئینتەرنێت. سەرەڕای بەربەستەکان، کەسایەتییە سیاسییەکان و چالاکوانان ئینتەرنێتیان بەکارهێنا بۆ ڕەخنەگرتن لە سیاسییەکان، بۆ ڕێکخستنی خۆپیشاندانەکان، هەروەها بانگەشەکردن بۆ کاندیدەکان لەڕێگەی سەکۆکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە. میلیشیاکان هاککردن (بۆت) و هەڵمەتی زانیاری چەواشەیان بەکارهێنا بۆ پەلاماردان و ناوزڕاندنی چالاکوانان، بەربژێرە سەربەخۆکانی هەڵبژاردن و کۆمسیۆنی هەڵبژاردن.

بەپێی خانەی ئازادیی (Freedom House)، دەسەڵاتەکانی حکوومەتی فیدڕاڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەستگەیشتن بە ئینتەرنێتیان پچڕاندووە لەکاتی خۆپیشاندانەکان و یاسای لاستیکییان بەکارهێناوە بۆ بەتاوانکردنی هەندێک چالاکیی ئۆنلاین. ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنیی ڕاپۆرتیانداوە حکوومەت و هێزە میلیشیاکان چاودێریی پەڕەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی چالاکوانانیان کردووە و چالاکوانان ڕووبەڕووی گێچەڵ یان دۆسیەی تاوان بوونەتەوە لەسەر بنەمای چالاکیی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان.

لە هەرێمی کوردستان، هەندێک ڕۆژنامەوانی سەربەخۆ گوتیان ئەو گرووپانەی سەربە حزبە سیاسییە سەرەکییەکانن چەواشەکارانە ڕاپۆرتی پۆستەکانیان کردوون لای کارگێڕیی فەیسبووک وەک پێشێلکاریی مافی کۆپیکردن، ئەمەش وەک هەوڵدان بۆ ئەوەی ڕێگرییان لێ بکەن لە بڵاوکردنەوەی زانیاری. هەندێک دامەزراوی میدیایی ڕاپۆرتیانداوە کە ڕووبەڕووی پەلاماری ئەلیکترۆنی بوونەتەوە، لەوانە پێچەوانەکردنەوەی ترافیکی ئۆنلاین (DDoS)، پاش بڵاوکردنەوەی بابەتەکانیان لەسەر گەندەڵیی حکوومەت، کە بانگەشە دەکەن ئەم پەلامارانە بە پاڵپشتی دەوڵەت کراون بە ڕەچاوکردنی کات و پێشکەوتوویی پەلامارەکان.

 

b. ئازادیی گردبوونەوەی ئاشتییانە و پێکهێنانی ڕێکخراو

حکومەت چەندبارە ئازادییەکانی گردبوونەوەی ئاشتییانە و پێکهێنانی ڕێکخراوی سنووردار کردووە.

 

ئازادیی گردبوونەوەی ئاشتییانە

دەستوری فیدڕاڵ ئازادیی دابینکردووە بۆ گردبوونەوە و خۆپیشاندانی ئاشتییانە کە “بە یاسا ڕێکخراوە” و حکوومەت بەگشتی ڕێزی لەم مافە گرتووە. ڕێنماییەکان مەرجیان داناوە بۆ ڕێکخەرانی ناڕەزایی، حەوت ڕۆژ پێش خۆپیشاندان، داوای مۆڵەت بکەن و زانیاری ورد پێشکەش بکەن لەسەر داواکاران، هۆکاری خۆپیشاندانەکە و بەشداران. ڕێنماییەکان هەموو جۆرە “دروشم، ئاماژە و بابەتێکی چاپکراو و وێنە و نیگار” قەدەغە دەکات کە “تایەفەگەریی، ڕەگەزپەرستیی یان جیاکاریی” تێدا بێت لەدژی هاووڵاتییان. هاوکات ڕێنماییەکان هەر شتێک قەدەغە دەکات کە دژی دەستور یان یاسا بێت، هاندەر بێت بۆ تووندوتیژی، کینە یان کوشتن، یان سوکایەتی بێت بە ئیسلام، “ئەخلاق، ئاداب، ئایین، گرووپە پیرۆزەکان، یان پێکهاتەکانی عێراق بەگشتی.” دەسەڵاتەکان بەگشتی بەپێی ڕێنماییەکان مۆڵەت دەدەن. لە هەرێمی کوردستانی عێراق هیچ نموونەیەک نەبوو لەسەر تووندوتیژی لەدژی خۆپیشاندەران.

چەندین  خۆپیشاندان، لەوانە خۆپیشاندانی خۆڕسک، ئەنجامدراون تەنانەت کاتێک دەسەڵاتەکان مۆڵەتیان نەداوە، لەکاتێکدا کە خۆپیشاندەران پێداگری دەکەن دەستور تەنیا داوایان لێدەکات حکوومەت ئاگاداربکەنەوە، نەک داوای مۆڵەت بکەن. لەبەرئەوەی دەسەڵاتەکان بەگشتی تەنیا وەڵامی زارەکەیی دەدەنەوە بۆ داواکارییەکانی خۆپیشاندان، سەخت بوو تۆماری حکوومەت دۆکیومێنت بکرێت سەبارەت بە بەخشین یان ڕەتکردنەوەی مۆڵەتەکانی خۆپیشاندان.

لە 2 ئەیلوول، هێزەکانی ئاسایشی عێراق تەقەمەنی زیندوویان بەکارهێنا بۆ بڵاوەپێکردنی ئاپۆڕایەکی خۆپیشاندەرانی کورد کە داوایان دەکرد ئەو ڕێگە خێرایە بکرێتەوە کە ئەندامانی حەشدی شەعبی دایانخاستبوو بۆ ڕێگرتن لە گەڕانەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بنکەکانیان لە کەرکووک. هێزەکانی ئاسایشی عێراق چوار خۆپیشاندەری کوردیان کوشت و دەیانی تریان بریندارکرد و 30 کەسیان دەستگیرکرد، کە دواتر ئازادکران پاش لۆبیکردنی حزبە کوردییەکان بۆ ئازادکردنیان. سەرۆک وەزیران بەڵێنیدا لێپرسینەوە لەوانە بکرێت کە بەرپرسیارن لە تووندوتیژییەکە و سەرکۆنەی پێکدادانی تووندوتیژی کرد. لە کۆتایی ساڵدا، ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکەی حکوومەت هێشتا بڵاونەکراوەتەوە و هیچ یەکێک لەوانەی تێوەگلاون بەفەرمیی تۆمەتبار نەکراون.

 

ئازادیی  پێکهێنانی ڕێکخراو

دەستوری فیدڕاڵ مافی داوە بۆ پێکهێنان و پەیوەندیکردن بە ڕێکخراوەکان و حزبە سیاسییەکان، لەگەڵ چەند ئاوارتەیەکی یاسایی، وەک قەدەغەکردنی دەربڕینی پاڵپشتیی بۆ حزبی بەعس یان “پڕەنسیپەکانی زایۆنیزم” یان ئیسرائیل. لە چوارچێوەی ئەم پێوەرانە، حکوومەت بەگشتی ڕێزی لەم مافە گرتووە.

ڕێکخراوە ناحکوومییە تۆمارکراوەکان لە فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکانی حکوومەتی فیدڕاڵ لە بەغداد، پێویستە لە فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق دووبارە خۆیان تۆماربکەن بۆ ئەوەی بتوانن لە هەرێمی کوردستان کاربکەن، هەروەها ئەو ڕێکخراوە ناحکوومییانەی لە هەرێمی کوردستانی عێراق تۆمارکراون، پێویستە لای فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی حکوومەتی فیدڕاڵ خۆیان تۆماربکەن، بۆ ئەوەی بتوانن لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان کاربکەن.

لە مانگی ئاب، فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کۆمەڵێک گۆڕانکاری کردووە لە ڕێکارەکانی تۆمارکردن و نوێکردنەوەی مۆڵەت، پاش ئەوەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان سکاڵایان کردووە کە ڕێکارەکان زۆر بارگرانن. بەڵام ڕێکخراوە ناحکوومییەکان ڕاپۆرتیاندا کە هیچ بەرەوپێشچوونێکی بەرچاو بەدینەهاتووە پاش ئەو ڕاگەیاندنە.

بەپێی ڕاپۆرتەکانی رێکخراوە ناحکوومییەکان، دەسەڵاتەکان دەتوانن بڕیاربدەن لە پەیکەری ناوخۆیی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان و هەندێک کات تەنانەت لە هەڵبژاردنی ناوی ڕێکخراو. نوێنەری یەکێک لە ڕێکخراوە ناحکوومییەکان ڕاپۆرتیداوە کە فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان لە بەغداد شەش مانگی پێچوو بۆ بەڕێکردنی کارەکانی تۆمارکردن و پەسەندکردنی ناوی ڕێکخراوەکەیان. بەرپرسانی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان بە ڕێکخراوە ناحکوومییەکەیان ڕاگەیاندووە کە وڵات “بەهرەمەندە بە دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ” و پرسیاریان کردووە لە “پێداویستی و سوودی” تۆمارکردنی ڕێکخراوێک کە بایەخ بەم پرسانە دەدات. رێکخراوی تری ناحکومیی راپۆرتیانداوە دەربارەی ئاستەنگی هاوشێوە، بەتایبەتی ئەگەر ناوی ڕێکخراوەکە ئاماژە بێت بۆ مافەکانی مرۆڤ یان دیموکراسی، هەروەها هەندێک تۆمارکردن زیاتر لە یەک ساڵ دەخایەنێت.

 

c. ئازادیی ئایین

بڕوانە ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوە (ئازادیی ئایینی نێودەوڵەتی) لەم لینکە:

https://www.state.gov/religiousfreedomreport/.

 

d. ئازادیی جووڵە

  1. Freedom of Movement

دەستوری فیدڕاڵ و یاسا، دان دەنێن بە مافی هاووڵاتییان بۆ ئازادیی جووڵەی ناوخۆیی، گەشتی دەرەوە، کۆچکردن و گەڕانەوە. بەڵام حکوومەت بەشێوەیەکی ناتەبا ئەم مافانە جێبەجێ دەکات. یاسا و نەریت بەگشتی ڕێز لە ئازادیی جووڵەی ئافرەت ناگرن. هاوکات، دەسەڵاتەکان بەشێوەیەکی ڕۆتینیی ئاستەنگیان دروستکردووە بۆ جووڵەی ئاوارە ناوخۆییەکان لە سەرانسەری وڵات.

 

جووڵەی ناو وڵات: یاسا ڕێگەدەدات بە هێزەکانی ئاسایش جووڵەی ناو وڵات سنووردار بکەن، هەروەها ڕێوشوێنی تری ئاسایشیی و سەربازیی پەیڕەو بکەن وەک کاردانەوە بەرانبەر هەڕەشە و پەلاماری ئاسایشیی. چەندین راپۆرت هەبوون لەسەر هێزەکانی حکومەت، لەناویاندا هێزەکانی ئاسایشی عێراق و هێزەکانی حەشدی شەعبی، کە گوڵبژێرانە ڕێنماییەکانیان جێبەجێکردووە، لەوانە بە پاڵنەری ئیتنیکیی و مەزهەبی، و بۆ مەبەستی پارە بەزۆرسەندنی تاوانکارانە (أبتزاز)، هەروەها داواکردنی مۆڵەتی نیشتەجێبون بۆ سنووردارکردنی هاتنی خەڵک بۆ ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵیان.

چەندین ڕێکخراوی ناحکوومیی نێودەوڵەتی ڕاپۆرتیانداوە کە یەکەکانی حەشدی شەعبی ڕێگریان کردووە لە کەسانی مەدەنیی، لەوانە عەرەبی سووننە و ئەندامانی پێکهاتە ئیتنیکیی و ئاینییەکان، لە گەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان پاش سەرکەوتنی هێزەکانی حکوومەت بەسەر داعشدا.

لە مانگی ئەیلوول،  هێزەکانی حەشدی شەعبی چەندین بەربەستیان دانا لەسەر ڕێگەی نێوان کەرکووک و هەولێر بۆ ڕێگرتن لە کردنەوەی بنکەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک و ڕێگرتن لە جووڵەی ئازادی هاووڵاتییان لە ناوچەکەدا. دەسەڵاتدارانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جووڵەیان سنووردار کرد لە هەندیک ناوچەی دیاریکراو بۆ ئەو کەسانەی نیشتەجێی ئەو ناوچانە نین. پێویستە کەسانی نیشتەجێ و نانیشتەجێ لە بنکەی ئاسایشی خۆجێیی خۆیان تۆماربکەن. هاووڵاتییانی هەموو پێشینە ئیتنیکیی و ئایینییەکان، لەناویاندا کورد، کاتێک لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە دەچنە هەرێمی کوردستان، دەبێت بە خاڵەکانی پشکنیندا تێپەڕن و پشکنیی بۆ خۆیان و ئۆتۆمبیلەکانیان بکرێت. حکوومەتی فیدڕاڵ ئاستەنگی هاوشێوەی سەپاندووە بەسەر ئاوارە ناوخۆییەکانی خەڵکی پارێزگای نەینەوا و ناوچە جێناکۆکەکان. لە مانگی ئاب، لە ڕاپرسییەکی درەو میدیا لەگەڵ 910 عەرەبی عێراقی، 83 لەسەد ڕاپۆرتیاندا کە ئەزموونی “خراپ” یان “زۆر خراپ”یان هەبووە لە خاڵەکانی پشکنینی ئاسایشی هەرێمی کوردستانی عێراق.

یاسا و نەریت بەگشتی نەیانتوانیوە ڕێزبگرن لە ئازادیی جووڵەی ئافرەتان. دەشێت ئافرەت مافی نەفەقەی هاوسەریی لەدەستبدات ئەگەر “ناڕەوا” داواکاری مێردەکەی ڕەتکردەوە بۆ گواستنەوە بۆ ناو ماڵەکەی، یان جێهێشتنی ماڵ بەبێ مۆڵەت، و “بەبێ هۆکارێکی مەشروع”، یان ڕازینەبوون بە گەشتکردن لەگەڵ مێردەکەی “بەبێ پاساوێکی مەشروع”. یاسای هەرێـمی کوردستانی عێراق دەقی کردووە کە پیاو لێپرسینەوەی لێکدەێت ئەگەر بەرپرسیارێتییەکانی هاوسەریی لەئەستۆنەگرت، وەک جێهێشتنی ماڵی هاوسەریی. هاوکات ئافرەت پێویستی بە مۆڵەتی کەسێکی نزیکی نێرینە هەیە بۆ دەرهێنانی بەڵگەنامەکانی باری شارستانیی، کە پێویستن بۆ دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکان، بەشەخۆراک، چاودێریی تەندروستی، کار، پەروەردە و خانووبەرە.

دەسەڵاتەکان بەشێوەیەکی ڕۆتینیی جووڵەی ئاوارە ناوخۆییەکانیان سنووردار کردووە لە سەرانسەری وڵات. ئەو خێزانە عەرەبە سوننانەی لە ساڵی 2017 ئاوارەبوون بۆ کەمپەکانی ڕۆژئاوای مووسڵ، ڕێگریان لێکراوە لە گەڕانەوە بۆ ناوچە ڕەسەنەکانی خۆیان بەهۆی نەبوونی بەڵگەنامەی فەرمیی؛ ناکارایی هەماهەنگیی لەنێوان حکوومەتی فیدڕاڵ، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتە خۆجێیەکان بۆ لابردنی بەربەستە یاساییەکان و بونیاتنانەوەی خانووە وێرانبووەکان؛ هەروەها ڕەتکردنەوە لەلایەن کۆمەڵگە خۆجێییەکانەوە. هاوکات، چەندین ناوچەی وڵات کە لە کۆنتڕۆڵی داعش ئازادکران، لەوانە مووسڵ و ناوچەی شەنگال، هێشتا ئەزموونی سنووردارکردنی جووڵە دەکەن بەهۆی ژمارەی لەڕادەبەدەری خاڵەکانی پشکنینی هێزەکانی حەشدی شەعبی، ترساندنەکانی هێزەکانی ئاسایشی عێراق و کردارەکانی هێزەکانی تری حکوومەت و میلیشیا چەکدارەکان پەیوەست بە قاچاخچێتی. بەهۆی نەبوونی هەماهەنگیی نێوان دامەزراوەکانی حکوومەتی فیدڕاڵ، زۆرجار دەسەڵاتە خۆجێییەکان داننانێن بە مۆڵەتی گەڕانەوەی ئاوارەکان و پابەندنابن بە فەرمانەکانی حکوومەتی ناوەندیی بۆ ڕێخۆشکردن بۆ گەڕانەوەی شکۆمەندانە.

گەشتی دەرەوە: حکوومەت داوای مۆڵەتی دەرچوون دەکات لەو هاووڵاتییانەی تەمەنیان لەخوار 18 ساڵانە و وڵات بەجێدەهێڵن، بەڵام ئەم مەرجە بەردەوام پەیڕەو ناکرێت.

 

e. پاراستنی پەنابەران

کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR) مەزەندەی کردووە زیاتر لە 297.000 پەنابەر لە عێراق دەژین، لەناویاندا زیاتر لە 268.000 پەنابەری سووری. عێراق دەوڵەتی لایەن نییە لە پەیماننامەی پەنابەرانی 1951 یان  پڕۆتۆکۆڵی 1967 پەیوەست بە باری پەنابەران. باری پەنابەران و مامەڵەکردن لەگەڵ پەنابەران بەڕێوەدەبرێت بەپێی یاسای پەنابەری سیاسیی ژمارە (51)ی ساڵی 1971، کە تەنیا داندەنێت بە پەنابەرانی سیاسیی و ئەوەی ناودەبرێت بە پەنابەری سەربازیی، هەروەها یاساکە نەیتوانیوە پاراستنی کاریگەر دابین بکات و مافەکانی هەموو پەنابەران (refugees) و پەناخوازان (asylum seekers) زامن بکات. حکوومەتی فیدڕاڵ مۆڵەتی نشینگە نادات بە پەناخوازان. لەناو هەرێمی کوردستانی عێراق، پەنابەران و پەناخوازان دەتوانن مۆڵەتی نشینگە بەدەستبهێنن، ئەگەرچی ڕێکارەکان جیاوازن بەپێی پارێزگاکان. حکوومەتی فیدڕاڵ دانیپێدانا کە نەبوونی پاراستن و هاوکاریی بۆ پەنابەران، گەڕاوەکان و پەناخوازان، هەروەها کەسانی تری جێگەی بایەخ، مایەی نیگەرانییە، بەڵام هیچ هەنگاوێکی نەناوە بۆ باشترکردنی دۆخەکە.

 

دەستگەیشتن بە مافی پەنابەریی: ئەگەرچی یاسا دانیناوە  بە پەنابەری سیاسیی و ئەوەی ناودەبرێت بە پەنابەری سەربازیی، بەڵام حکوومەتی فیدڕاڵ ئەم بارەی نەبەخشیوە بە پەنابەران و پەناخوازانی سووری. لەجیاتی ئەوە پەنابەرە سوورییەکانی پێناسەکردووە وەک “ئاوارەی ناوچە سنوورییەکانی سووریا کە لەبەر هۆکاری مرۆیی وەرگیراون.” بەڵام حکوومەتی هەرێمی کوردستان دانیناوە بە باری سوورییەکان وەک پەناخواز، هەروەها نزیکەی 99 لەسەدی پەنابەرە سوورییەکان لە هەرێمی کوردستانن. نزیکەی 64 لەسەدی سوورییەکان لە ناو شارەکان دەژین و ئەوانی تر لە 10 کەمپی پەنابەرانن.

پڕۆسەی داواکردنی مافی پەنابەریی گەرەنتیی ڕێکاریی نییە و مافی کارا نییە بۆ تێهەڵچوونەوە، دەستگەیشتن بەگشتی لەسەر بنەمای هاووڵاتییبوونە، لەگەڵ هەبوونی کەموکوڕی بۆ گرووپە زۆر دۆخناسکەکان، لەوانە ئەندامانی کۆمەڵگەی هاوڕەگەزخواز، جووتڕەگەزخواز، ڕەگەزگۆڕاو و ڕەگەزتێکەڵ (LGBTQI+) و ئەندامانی گرووپی کەمایەتی و نەتەوەی دیاریکراو. بۆ نموونە، هەرێمی کوردستانی عێراق ڕێگەینەدا بە هاووڵاتییانی ئەفغانی پەنابەر خۆیان وەک پەناخواز تۆماربکەن، بە بیانووی ئەوەی هەنگاوی لەم جۆرە دەبێتە هۆی هاتنی لێشاوی پەنابەخوازانی ئەفغانی.

 

گەڕاندنەوەی زۆرەملێ: لە 16 تەموز، حکوومەت سێ کوردی سووری دیپۆرت کردەوە پاش دەستگیرکردنیان بە تۆمەتی پێشێلکردنی ڕێنماییەکانی نشینگە. لەو کاتەدا، میدیاکان ڕاپۆرتیاندا لەسەر هەبوونی 33 پەنابەری تری سووری لە بەغداد کە دەستبەسەرکراون  بە تۆمەتی پێشێلکردنی ڕێنماییەکانی نیشینگە و لەژێر مەترسی دیپۆرتکردنەوەدان.

 

پێشێلکاریی بەرانبەر پەنابەران و پەناخوازان: پەنابەران ئاماژەیانداوە بە چەندبارەبوونەوەی گێچەڵی سێکسیی، لەناو کەمپ و لە شارەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق. ڕێکخراوە ناحکوومییە ناوخۆییەکان ڕاپۆرتیانداوە لەسەر کەیسەکان کە کارمەندانی کارگێڕیی کەمپ، پەنابەرانیان ڕووبەڕووی چەندین جۆر پێشێلکاریی و ترساندن کردۆتەوە.

 

ئازادیی جووڵە: پەنابەرە سوورییەکان بەردەوام ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە سەبارەت بە نشینگە و جووڵە لە ناوچەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان. دەسەڵاتدارانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرنجیانداوە، ئاوارە ناوخۆییەکان و پەنابەران ئازادیی جووڵەی ناوخۆییان هەیە لەناو هەرێمی کوردستانی عێراق. نەریتێکی جێگیر هەیە بۆ سەردانی کورتی خێزان لە سووریا، لەبەر چەند هۆکارێکی سنووردار و پاش ڕەزامەندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

 

کار: حکوومەتی فیدڕاڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەگشتی ئاستەنگیان دانەناوە لەسەر کارکردنی پەنابەران و پەناخوازان لە کەرتی تایبەت، ئەگەر باری پەنابەریی فەرمییان هەبێت. لەسەر بنەمای کۆمەڵێک بڕیار و نەریت، فەلەستینییەکان بەگشتی مامەڵەی هاووڵاتییان لەگەڵ دەکرێت، بەڵام نەبوونی ڕێککەوتن لەنێوان حکوومەتی فیدڕاڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر باری پەنابەران، هۆکارە بۆ سەختبوونی دەستگەیشتنیان بە کار یان هاتوچۆ لەنێوان هەردوو ناوچەکە. پەنابەرانی فەلەستینی تۆمارکراو لە لیژنەی هەمیشەیی بۆ کاروباری پەنابەران لە وەزارەتی ناوخۆ، کارتێکی وەزارەتی ناوخۆیان بۆ  دەرکراوە کە ڕێگەیان پێدەدات دەستیانبگات بە خزمەتگوزارییە گشتییەکانی وەک پەروەردە، تەندروستی و بەشەخۆراک لەڕێگەی سیستمی دابەشکردنی گشتی عێراق. کارابوونی کارتی پەنابەری فەلەستینی دەوەستێتە سەر ئەوەی کەی هاتووە بۆ عێراق؛ ئەوانەی لە ساڵی 1948 هاتن کارتێکی پێنج ساڵیان وەرگرت و ئەوانەی لە ساڵی 1967 یان دواتر هاتن کارتی سێ ساڵیان وەرگرتووە.

لە هەرێمی کوردستان پانابەرە فەلەستینییەکان ڕێگەیان پێدەدرێت لە کەرتی تایبەت کاربکەن و مۆڵەتی نشینگەی مرۆیی نوێ بکەنەوە. پەنابەرە سوورییەکان توانیویانە مۆڵەتی نیشنگە و کارکردنی دەرچوو لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەدەستبهێنن و نوێ بکەنەوە لەناوەوە و لە دەرەوەی کەمپەکانی پەنابەران لە هەرێمی کوردستان. دەسەڵاتەکانی حکوومەتی فیدڕاڵ داوا لە پەنابەران دەکەن لە لیژنەی هەمیشەیی وەزارەتی ناوخۆ خۆیان تۆماربکەن. کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR) بەردەوام پەنابەران ئاگاداردەکاتەوە لە مەترسییەکانی دەستگیرکردن، ڕاگرتن یان دیپۆرتکردنەوە لەکاتی گەشتکردن بۆ ناوچەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانی عێراق کاتێک هەڵگری مۆڵەتی دەرچووی هەرێمی کوردستانن، یان کاتێک بە مۆڵەتی لیژنەی هەمیشەیی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دێنە هەرێمی کوردستان.

 

f. دۆخ و مامەڵەی ئاوارە ناوخۆییەکان

دەستوری فیدڕاڵی و سیاسەتی نیشتمانی لەسەر ئاوارەبوون باس لە مافەکانی ئاوارە ناوخۆییەکان دەکات، بەڵام تەنیا چەند یاسایەک بەدیاریکراوی ئەمە دەکات. بەپێی نەخشەی دیاریکردنی ئاوارەیی ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی (IOM Migration Displacement Tracking Matrix)، تا 31 ئاب، نزیکەی 1.14 ملیۆن کەس ئاوارەی ناوخۆیین؛ لەمانە 166.360 کەس لە 25 کەمپی ئاوارەکان نیشتەجێن. حکوومەت و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، لەناویاندا ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە ناحکوومییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، پاراستن و کۆمەکی تر بۆ ئاوارەکان دابین دەکەن. وەک بەشێک لە گۆڕانکاری لە وەڵامدانەوەی مرۆیی بە سەرکردایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، نەتەوە یەکگرتووەکان دەستیکرد بە ڕادەستکردنی هەماهەنگیی و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ دانیشتووانی ئاوارە بە دەسەڵاتەکانی حکوومەتی فیدڕاڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان. بەڵام ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوە ناحکومییەکان ئاماژەن بۆ ئەوەی ناچالاک کردنی سیستمی هێشوویی فریاگوزاری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە 31 کانوونی یەکەم 2022، بۆتە هۆی دروستبوونی کەموکوڕی بەرچاو لە خزمەتگوزارییە گرنگەکان بۆ دانیشتووانی ئاوارەی ناوخۆیی، لەبەرئەوەی بەرپرسانی حکوومەت ئامادەنین یان ناتوانن ئەم ئەرکانە لەئەستۆبگرن. حکوومەتی فیدڕاڵ بەپەلە کەمپەکانی ئاوارە ناوخۆییەکانی داخست و کۆمەڵگە نافەرمییەکانی چۆڵکرد، ئەمەش بووە هۆی دووبارە ئاوارەبوون و زیادبوونی دۆخناسکیی دانیشتوانی پێشوو.

لە هەندێک ناوچە، تووندوتیژی و نائارامیی، لەگەڵ گرژییە درێژخایەنە سیاسیی، خێڵەکیی، ئیتنیکی و مەزهەبییەکان، ڕێگربوون لە بەرەوپێشچوونی ئاشتەوایی نیشتمانی و چاکسازیی سیاسی، ئەمەش ژینگەی پاراستنی ئاوارە ناوخۆییەکانی ئاڵۆزتر کردووە. هەزاران خێزان ئەزموونی دووبارە ئاوارەبوونیان کردووە، بەهۆی کێشەی ئابووری و ئاسایش. ئاوارەکردنی بەزۆر، بارگرانییە لەسەر توانای دەسەڵاتە خۆجێییەکان لەو ناوچانەی ڕێژەی ئاوارەکان زۆرن. هاوکات ئاوارەبوون بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەری هەبووە لەسەر ناوچەکانی گەڕانەوە لە سەرانسەری وڵات.

ئەو خێزانانەی دەگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان ڕووبەڕووی کێشەی وێرانبوونی ماڵەکانیان، دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییکان و سنوورداری دەرفەتەکانی کار دەبنەوە. زۆربەی گەڕاوەکان نیگەرانن لە باڵادەستیی گرووپەکانی هێزەکانی حەشدی شەعبی یان پاشماوەکانی داعش، هەروەها ئەو میلیشیانەی پەیوەستن بە پەکەکە لە شەنگال. خێزانە ئاوارەکان، بەتایبەتی ئەوانەی بە پەیوەندیدار بە داعش سەیردەکرێن، لەناویاندا قوربانییەکان و ڕزگاربووانی تاوانەکانی داعش، زۆرجار نەیانتوانیوە بەڵگەنامەی مەدەنیی گرنگ وەربگرن یان نوێبکەنەوە، کە بەبێ ئەمەش نەیانتوانیوە کار بدۆزنەوە، بچن بۆ قوتابخانە یان ئازادانە هاتووچۆ بکەن. لە هەندێک دۆخدا، ئەمە بۆتە هۆی دووبارە ئاوارەبوونەوە یان گەڕانەوە بۆ کەمپەکانی ئاوارە ناوخۆییەکان.

هاوکارییەکانی حکوومەت چڕبۆتەوە لە کۆمەکی دارایی بۆ گەڕاوەکان، بەڵام پارەدانەکان پچڕپچڕ بوون و ژمارەیەکی زۆر داواکاریی ئاوارەکان کەڵەکەبوون. دەسەڵاتە خۆجێییەکان بەردەوام بوون لە جێبەجێکردنی یاساکانی قەرەبووکردنەوەی حکوومەت بەشێوەیەکی جیاکارانە و ئەو خێزانانەیان بێبەش کردووە کە گومانی پەیوەندییان لەگەڵ داعش لێدەکرێت. زۆر خێزان، بەتایبەتی لە نەینەوا، داواکاریان پێشکەش کردووە، بەڵام هێشتا قەرەبووی داراییان وەرنەگرتووە کە مافی شایستەی خۆیانە بەپێی یاسا، لەبەرئەوەی تا مانگی حوزەیران ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بودجەی فیدڕاڵی پەسەند نەکردبوو. دەسەڵاتەکان ڕێگریان کردووە لە پێشکەشکردنی داواکاریی بۆ قەرەبووکردنەوەی دارایی لەلایەن هەندێک خێزان کە گومانی پەیوەندییان لەگەڵ داعش لێدەکرێت، لەئەنجامدا، چەندین ئاوارەی ناوخۆیی سەرچاوەیان نییە بۆ بونیاتنانەوەی ژیانیان.

هەموو هاووڵاتییان مافی وەرگرتنی خۆراکیان هەیە بەپێی سیستمی دابەشکردنی گشتی (بەشەخۆراک)؛ بەڵام دەسەڵاتەکان بەشێوەیەکی هەڕەمەکیی و ناڕێک دابەشکردنی خۆراک ئەنجام دەدەن، لەگەڵ دەستگەیشتنی سنووردار لەو ناوچانەی دوا شوێنی ئازادکراو بوون. دەسەڵاتەکان هەموو مانگێک هەموو بڕگە خۆراکییەکانیان دابەش نەکردووە، هەروەها هەموو ئاوارەکان دەستیان نەگەیشتووە بە دابەشکردنی خۆراک لەهەر پارێزگایەک. بەپێی ڕاپۆرتەکان، هەندێک ئاوارە مافی  دەستگەیشتنیان بە بەشە خۆراک و خزمەتگواری تر لەدەستداوە، چونکە هاووڵاتییان دەتوانن تەنیا لە شوێنی نیشتەجێبوونیان بەشە خۆراک وەربگرن لەو پارێزگایەی لێی تۆمارکراون. بەپێی کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران، حکوومەت لە ناوەڕاستی ساڵ بڕیاریدا ڕێگەبدات بەو ئاوارانەی لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان دەژین خۆیان تۆماربکەن بۆ پڕۆگرامی کەمکردنەوەی هەژاریی لەچوارچێوەی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی.

دەسەڵاتە خۆجێییەکان هەندێک کات بڕیاریانداوە لەسەر دەستگەیشتنی ئاوارەکان بە خزمەتگوزارییە خۆجێییەکان. بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی دەکەنەوە کە هەموو ئاوارەکان و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان سوودمەندن لە دەستگەیشتن بە هەموو خزمەتگوزاری و ژێرخانە گشتییەکان (وەک ئاوی خواردنەوە، کارەبا، پەروەردە، چاودێریی تەندروستی، ڕێگەوبان و سیستمی ئاودێری) ئەمەش لەسەر بنەمای یەکسانیی لەگەڵ دانیشتووانی خۆجێی، بەوتەی خۆیان ئەمە بەرجەستەی ڕژدبوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ پاراستنی مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ و شکۆی مرۆڤ لە دۆخە سەختەکاندا.

نزیکەی ملیۆنێک لە ئاوارە ناوخۆییەکان و پەنابەرانی وڵات لە هەرێمی کوردستانی عێراق نیشتەجێن، بەپێی سەنتەری هاوبەشی هەماهەنگی قەیران، نزیکەی 30 لەسەدیان لە کەمپەکان و 70 لەسەد لە دەرەوەی کەمپەکان دەژین. بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەندن بە دانەخستنی کەمپەکان تا ئاوارەکان خۆبەخشانە دەگەڕێنەوە بۆ شوێنی ڕەسەنی خۆیان. بەپێی ئامارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، چل لەسەدی ئاوارە ناوخۆییەکان عەرەبی سوننەن، 30 لەسەد ئێزدین، 13 لەسەد کوردن (سەر بە ئایینی جیاواز) و 7 لەسەد مەسیحیین، ئەوانی تر ئەندامی گرووپەکانی تری پێکهاتە ئایینییەکانن.

ئەو ئاوارە مەسیحییانەی دەگەڕێنەوە بۆ شارۆچکەی تلکێف، ئاماژەیانداوە بە ترس لە لیوای 50ی حەشدی شەعبی کە ئەو ناوچەیەی داگیرکردووە، هەروەها هەبوونی بنکەی ڕاگرتن و گواستنەوە و داداگا، کە بەپێی ڕاپۆرتی لیژنەی خاچی سوری نێودەوڵەتی (ICRC) لەوانەیە ئافرەت و منداڵی گومانلێکراو بە ئەندامێتی خێزانی داعش لەوێ ڕاگیرابن. تەنیا ژمارەیەکی کەمی دانیشتووانی ئێزدیی عێراق کە لەنێوان 400.000 تا 500.000 کەس بوون، گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان، ڕێژەی گەڕانەوە بۆ شەنگال بۆ ئێزدییەکان و ئەوانی تر بە تەنیا 35 لەسەد مەزەندە دەکرێت. زۆربەیان بڕیاریانداوە لە کەمپەکان بمێننەوە و دەڵێن کە نەبوونی پلانی بونیاتنانەوە و خزمەتگوزاری گشتی و ئاسایش، ڕێگرن لە گەڕانەوەیان بۆ ماڵەکانیان. بەرەوپێشچوونێکی کەم هەبوو لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی هەمەلایەنی شەنگال لەنێوان حکوومەتی فیدڕاڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە داوای فرەوانکردنی هەوڵەکانی بونیاتنانەوە دەکات بۆ پاڵپشتیکردنی گەڕانەوەی خۆبەخشانەی ئێزدییەکان کە هێشتا ئاوارەن لە هەرێمی کوردستانی عێراق یان لە دەرەوە. هەندێک لە کۆمەڵگەکانی شەنگال، لەناویاندا ئێزدییەکانی شەنگال، پاڵپشتیی ڕێککەوتنەکە ناکەن، چونکە دەسەڵاتدارەکان بەشدارییان پێنەکردوون لە دانوستانەکاندا.

بۆ زانیاری زیاتر لەسەر ئاوارە ناوخۆییەکان لە عێراق، تکایە بڕوانە بابەتەکانی سەنتەری چاودێریی ئاوارەبوونی ناوخۆیی لەم لینکە: https://www.internaldisplacement.org

 

G. کەسانی بێدەوڵەت

عێراق بەشداری کردووە لە زیادبوونی کەسانی بێدەوڵەت، لەوانە لەڕێگەی جیاکاریی لەدژی ئافرەتان لە یاسای ڕەگەزنامە. کەسانی بێدەوڵەت ڕووبەڕووی ئاستەنگی زۆر دەبنەوە بۆ دەستگەیشتن بە مافە بنەڕەتییەکانیان، لەوانە دەستگەیشتن بە پەروەردە، هەلی کار و چاودێریی تەندروستی. کەسانی تر هێشتا لەژێر مەترسیی بێدەوڵەوت بووندان بەهۆی بەربەستە کارگێڕیی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی دەستگەیشتن بە یان تۆمارکردن بۆ بەڵگەنامە مەدەنییەکانی وەک بڕوانامەی  لەدایکبوون، هاوسەرگیریی و مردن. کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR) و ڕێکخراوە ناحکوومییەکان داکۆکیکردن، هۆشیاری یاسایی و پاڵپشتی بەدەستهێنانی بەڵگەنامە مەدەنییەکان پێشکەش دەکەن بەو کەسانەی لەژێر مەترسیی بێدەوڵەتبووندان.

منداڵی ئاوارە کە بەڵگەنامەی مەدەنییان نییە ڕووبەڕووی ڕەتکردنەوە دەبنەوە لەلایەن کۆمەڵگەی خۆجێییەوە، لەگەڵ بێبەشکردن لە چوونە قوتابخانە و دەستگەیشتن بە چاودێریی تەندروستی و بێبەشکردن لە مافە بنەڕەتییەکان. زۆربەی ئەم منداڵانە لەژێر حوکمڕانی داعشدا لەدایکبوون و بڕوانامەی لەدایکبوونیان پێدراوە کە بە نادروست هەژماردەکرێت لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە. ئەمانە ڕووبەڕووی گرفتی زۆر دەبنەوە لە بەدەستهێنانی بەڵگەنامە مەدەنییەکان، بەهۆی گومانی وابەستییان بە داعشەوە. ئەمە سەختترە بۆ ئەو ئافرەتانەی سەرۆک خێزانن و ناتوانن بڕوانامەی لەدایکبوون بۆ منداڵەکانیان وەربگرن بەبێ ئامادەبوونی هاوسەر یان بڕوانامەی مردنی هاوسەر.

ئەم ئافرەت و منداڵانە ڕووبەڕووی لەکەدارکردن دەبنەوە بەهۆی پەیوەستکردنیان بە داعش، ئەمەش دەیانخاتە بەردەم مەترسی زۆری خۆکوشتن، تۆڵەسەندنەوە و ئیستغلالی سێکسیی. ئەگەرچی هەندێک لە کۆمەڵگەکان فەرمانیان دەرکردووە و هەنگاویان ناوە بۆ بێبەریکردنی ئافرەتان لە گوناهبارکردنی پەیوەست بە ئیستغلالی سێکسییان لەلایەن چەکدارانی داعشەوە، بەڵام هێشتا کوشتن لەسەر “شەرەف” مەترسییە. بەگشتی کۆمەڵگەکان ئەو منداڵانەیان پەسەند نەکرد کە باوکیان چەکداری داعش بوون. نەبوونی پلانێکی نیشتمانیی یەکگرتوو بۆ تۆمارکردنی ئەو منداڵانەی دایکیان عێراقییە و باوکیان ئەندامی داعش بووە، ئەم منداڵانە ڕووبەڕووی مەترسی بێدەوڵەتبوون دەکاتەوە.

جڤاتی ئێزدی بەئامادەباشییەوە پێشوازی کرد لە گەڕانەوەی ئافرەتە ئێزدییەکان کە لە کۆیلایەتی داعش ڕزگاریان بوو، بەڵام پێشوازیان لەو منداڵانە نەکرد کە لە ئەنجامی لاقەکردن لەلایەن داعشەوە لەدایکبوون. جڤاتی ئێزدی زۆرجار ئافرەتەکانی ناچارکردووە، هەندێک جار لەژێر هەڕەشەی دەرکردن لە کۆمەڵگە، دەستبەرداری منداڵی لەم جۆرە بن و بیدەن بە خانەی بێسەرپەرشتان، ئەگەرچی سیستمێکی لەخۆگرتن (تبنی)ی یاسایی نییە. ئەو ئافرەتانەی بڕیاردەدەن منداڵەکانیان بهێڵنەوە، ڕووبەڕووی وەدەرنان لە کۆمەڵگە و کوشتن لەسەر “شەرەف” دەبنەوە. ڕێکخراوە ناحکوومییە نێودەوڵەتییەکان، پەناگە و ڕەوانەکردن پێشکەش دەکەن بە ئافرەتانی ئێزدی و لە هەندێک کەیسدا یارمەتی دایکانیان داوە خێزان بۆ ئەو منداڵانە بدۆزنەوە کە ناچارکراون دەستبەرداریان بن. ئەو منداڵانەی هاوکاری نەکراون، بێ دایک و باوکن، بێ بەڵگەنامەن، ڕوون نییە لەدایکبووی کام وڵاتن و ڕەگەزنامەیان دیار نییە. یاسای ڕزگاربووانی ئێزدی لە جینۆسایدی داعش، حوکمی دیاریکراوی تێدا نییە لەسەر بار یان سوودەکان بۆ منداڵانی داعش و دایکیان، بەتایبەت ئەو منداڵانەی لە ئەنجامی تووندوتیژی سێکسیی لەدایکبوون.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...