سیاسیشرۆڤه‌

پەنجا و حەوت دەوڵەت و یەک دەوڵەت

لە پەراوێزی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ڕەفەح و کۆنگرەی وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی لە یەک کاتدا

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، دوو ڕووداوی گرنگ شانبەشانی یەکتر دەستیان پێکرد. ڕووداوی یەکەم: بڕیاری هێرشی ئیسرائیل بوو بۆ سەر ڕەفەح وەک دوایین مەنزڵگەی حەماس کە وڵاتە عەرەبی و ئیسلامییەکان بە ڕەمزی کەرامەتی خۆیانی دادەنێن؛ دووەم: بەستنی دوو کۆنگرەی گەورە بوو. یەکێکیان لە کوالالامپوری پایتەختی مالیزیا بوو لە لایەن ڕێکخراوی وڵاتانی هاریکاری ئیسلامییەوە و دووەمیشیان کۆنگرەی وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی بوو لە بەحرەین.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

زانیارییەکان و بەراوردەکان

ڕێکخراوی وڵاتانی هاریکاری ئیسلامی نوێنەرایەتی ٥٧ وڵاتی ئیسلامی دەکات لە نێویاندا وڵاتە عەرەبییەکان؛ ئەوی کۆمکاری عەرەبیش نوێنەرایەتی ٢٢ وڵاتی عەرەبی ئیسلامی دەکات. ژمارەی دانیشتووانی ئەو ٥٧ وڵاتە نزیک بە دوو ملیارە، لە نێویاندا نزیک بە نیو ملیار دانیشتوانی ٢٢ دەوڵەتە عەرەبییەکەیە؛ لە بەرانبەردا دانیشتووانی وڵاتی ئیسرائیل ٩٩٠٠،٠٠٠ نۆ ملیۆن و نۆسەد هەزار کەسە بەپێی ئاماری ئەمساڵ. داهاتی ساڵانەی ٥٧ وڵاتە ئیسلامییەکە خۆی دەدا لە ٣٠ تریلیۆن دۆلاری ئەمریکی لە نێویدا ٣.٥ سێ تریلیۆن و نیو دۆلاری ئەمریکی وڵاتانی کۆمکاری عەرەبییە؛ کەچی داهاتی ساڵانەی ئیسرائیل ٥٥٢ ملیارد واتە تۆزێک زیاتر لە نیو تریلیۆن دۆلاری ئەمریکی دەبێت.

وڵاتانی ئیسلامی خاوەن لە ٧٥٪ی نەوت و گازی هەموو جیهانن، لە کاتێکدا ئیسرائیل دەتوانین بڵێین سفرە بەراورد بەو ژمارەی گەورەیەی وڵاتانی ئیسلامی. قەبارەی جوگرافی وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی ٨ ملیۆن کم چوارگۆشەیە، لە کاتێکدا ئیسرائیل ٢٠ هەزار کم چوارگۆشەیە. لە بواری سەربازیدا ئەو ٥٧ وڵاتە تەنیا ساڵی پار نزیک بە ١١ تریلیۆن و نیو دۆلاری ئەمریکی خەرجیان هەبووە، لەکاتێکدا ئیسرائیل ٢٧ ملیارد و نیو دۆلاری ئەمریکی بووە. لە ڕووی سیاسییەوە ٥٦ وڵات لەو ٥٧ وڵاتە ئیسلامییەی ئەندامی هەمیشەیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانن، لە کاتێکدا ئیسرائیل خۆی تەنیا ئەندامی ئەو ڕێکخراوەیە.

ئیسرائیل یەکەم وڵاتە لە جیهاندا کە زۆرترین خەرجی لە داهاتی ساڵانەی دادەنێت بۆ توێژینەوە و پەرەپێدانە زانستییەکان لە هەموو بوارەکاندا. لە ڕیزبەندی ١٤هەمین وڵاتی جیهانە بۆ پێوەرەکانی داهێنانە جیهانییەکان، بەڵام کەناڵی ئابووری و سیاسی “بلومبێرگ”ی جیهانی لە لیستی پێنجەمیندا دایناوە؛ هەروەها نۆیەمین وڵاتی جیهانە لە بواری کێبڕکێی بۆشایی ئاسماندا.

ئەو ٥٧ وڵاتە ئیسلامی و عەرەبییە لە هەموو ئەم ڕیزبەندییانەدا یان بوونیان نییە یاخود لە ڕیزی خواری خوارەوەن. داهاتی ساڵانەی مامناوەندی داهاتی تاک لەو ٥٧ وڵاتەدا ٩٣٦٠ دۆلارە، بەڵام داهاتی مامناوەندی ساڵانەی تاک لە ئیسرائیل سەروو ٥٥ هەزار دۆلارە. لەو ٥٧ وڵاتەدا تەنیا یەکێکیان خاوەن بۆمبی ئەتۆمییە ئەویش پاکستانە، کە خاوەن ١٧٠ کڵاوەی ئەتۆمییە، بەڵام ئیسرائیل خۆی بە تەنیا خاوەن ٩٠ کڵاوەی ئەتۆمییە. سەرچاوەکان ئاماژە بە ئامارێکی تر دەدەن کە ئیسرائیل خاوەن کەرەستەی حازربەدەستی ٤٠٠ کڵاوەی ئەتۆمی تری هەیە، بەڵام ئایا تا ئێستا دروست کراوە یان نا ئەوە زانیاری لەبەردەستدا نییە، هەرچەندە هیچ وڵاتێکی ئەتۆمی ژمارەی دیاریکراوی بۆمبەکانی خۆیان بە تەواوی نادەن وەک ستراتیجێکی سەربازی.

 

بەرئەنجام

خاڵی جەوهەری بۆ بەستنی ئەو دوو کۆنگرەیە لە یەک کاتدا مەسەلەی غەززە بوو، بەڵام هەردوو کۆنگرەکە بە دەستی خاڵی و وەک جاری جاران بێمایە هاتنە دەرەوە. لە هۆڵی دانیشتنتەکانیاندا دووبارە جگە لە سەرکۆنەی هێرشەکانی ئیسرائیل شتێکی تازەتریان پێ نەبوو. تەنیا شتێکی تازە لە بەیاننامەی کۆتایی وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی، داواکردنی هێزێکی نێونەتەوەیی بوو کە لە غەززە پەرش و بڵاوببێتەوە بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان. ئەوەی گوایە بۆ ئەم ٥٧ وڵاتە هیچ شتێکیان پێ ناکرێت لە ڕاستیدا هەر ئەو عەقڵە باوە ئیسلامی و عەرەبییە نییە گوایە ئیسرائیل بنکەیەکی ئەمریکییە و گەر ئەمریکا یان غەرب نەبێت ئەوا وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی دەمودەست لە ناوی دەبەن؛ بەڵکو دوو ڕاستی هەیە دەبێت ئاماژەیان پێبدرێت:

 

یەکەم: دوو خاڵی سەرەکی ئەو ٥٧ وڵاتەی کۆکردووەتەوە، و هەر ئەو دوو خاڵەش بوونەتە جێگەی ناکۆکیان. لە کۆنگرەی وڵاتە ئیسلامییەکاندا ناسنامەی ئیسلامبوون خاڵی سەرەکی گردبوونەوەیانە، کەچی هەر ئەو خاڵەش سەرچاوەی یەکنەبوونیانە. دوو قوتبی گەورەی سووننە و شیعە لەگەڵ چەندان مەزهەبی جۆراوجۆر مێژووی پڕ کێشە و گرفتی ئەو وڵاتانەیە هەر لە کۆنەوە تاکوو ئیستا. لە کۆنگرەی کۆمکاری عەرەبیدا ناسنامەی عەرەببوون هەرچەندە خاڵی جەوهەری گردبوونەوەیانە، بەڵام کێشەی دەسەڵات و بەرژەوەندیخوازی خاڵی جەوهەری یەکنەبوونیانە. وەک عەرەب خۆیان دەڵێن عارەب کۆبوونەوە و ڕێککەوتن؛ بەڵام لەسەر ئەوە ڕێککەوتن کە هەرگیز ڕێک نەبن لەگەڵ یەکدا. ئەم دوو خاڵە سەرەکییە وادەکات کە نەتوانن بەرانبەر ئیسرائیل هیچ شتێکیان پێ بکرێت و مێژووی ڕێکخراوی هاوکاری  ئیسلامی و وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی ئەوە دەسەلمێنن.

 

دووەم: ئیسرائیل وڵاتێکە خاوەن دەوڵەتێکی مەحکەمی سیاسی و ئابووری و سەربازی و پشتبەستووە بە مێژوویەک و جوگرافیایەک؛ لە هەموو وڵاتێکی تر زیاتر ئاوێتە بووە بە کۆمەڵێک هاوکێشەی گرنگ و گەورەی جیهانی و ناوچەیی کە ڕاستەوخۆ پابەندە بە قوتبە گەورە جیهانییەکان و جەمسەربەندییە گەورەکانی تر، کە بوون و نەبوونی مەداری سیاسی جیهانی بەوانەوە بەستراونەتەوە. ئیسرائیل لەو مەدارە سیاسییەدا جێگەیەکی تایبەتی هەیە، بۆیە چ وڵاتانی ئیسلامی و چ کۆمکاری عەرەبی ناتوانن بە ئاسانی دەستی بۆ ببەن بەتایبەت مێژووی نۆ شەڕی گەورەی عەرەب-ئیسرائیل کە سەرکەوتنی ئیسرائیلی بە دواوە بوو، وای لە وڵاتانی عەرەبی کردووە، بیر لەو هەڵبژاردنە نەکەنەوە، بەتایبەتتر کە ئێستا چەندان وڵاتانی عەرەبی پەیماننامەی ئاشتی و پەیوەندی ئاسایی و دیپلۆماسییان لەگەڵ ئیسرائیلدا مۆرکردووە و گەورەترین وڵاتی ئیسلامی و عەرەبیش وا لە ڕێیە ڕێککەوتننامەی ئاشتی و پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ ئیسرائیلدا ببەستێت ئەویش عەرەبستانی سعوودییە. دیارە پێش ئەویش تورکیا وەک یەکێک لە وڵاتە گەورەکانی ئیسلام و ناوچەکە و جیهان دانی ناوە بە ئیسرائیلدا لەو دەمانەی ئیسرائیل بوو بە دەوڵەت و چڕوپڕترین پەیوەندی سیاسی و بازرگانی و دیپلۆماسی هەیە لەگەڵیدا.

ئیدریس مستەفا

شرۆڤەکاری سیاسی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...