سیاسیشرۆڤه‌
ئاراستەکان

كۆتاییهێنان بە ڕۆڵی یونامی لە عێراق لە بەرژەوەندی كێدایە؟!

یونامی پێكهاتەیەكی سیاسیی نێردراوی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە، كە لەسەر داوای حكوومەتی عێڕاق بە بڕیاری 1500 لە ساڵی 2003 دروست بوو و، دواتر بەپێی بڕیاری نەتەوە یەكگرتووەكان ژمارە 1770 لە ساڵی 2007 ڕۆڵەکەی فرەوانتر بوو.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا یونامی بە شێوازی جۆراجۆر كارتێكردنی لەسەر ڕەوشی عێراق هەبووە. یەكەمین نێردراوی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان سیرجو دیمیلۆ لە گەڵ 27 لە فەرمانبەرانی یونامی لە تەقینەوەیەك لە بەغدا گیانیان لەدەست دا. كەسایەتی نێردراوەكان كارتێكردنیان لەسەر ئەو ڕاپۆرت و زانیاری و هەڵسەنگاندنانەی لە كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پێشكەشیان دەكرد هەبوو، هەر بۆ نموونە ڕۆڵی نەرێنی (یان كوبیش) جیاواز بوو لە ڕۆڵی پلاسخارت، كە بە شێوازێكی ئەرێنی مامەڵەی لەگەڵ ئەگەر و پێشهاتەكانی ڕەوشی سیاسی دەكرد، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە دۆزی كوردستانەوە هەبوو، هەرچەندە سەرجەم ئەو نێردراوانە لە چوارچێوەی دیپلۆماسیەتی پشتگیری حكوومەتەكانی ناوەند بە هەر شێوەیەك بووبن، دەرنەچوون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا یونامی وەك نێردراوی سیاسی و نوێنەری ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان كارتێكردنیان لەسەر ڕەوشی سیاسی هەبوو، هەر بۆیە بەشێك لە هێزە سیاسییەكانی عێیاق و ئەوانەی خاوەنی میلیشیای سەربازین هەردەم بوونی یونامی لە عێراق بە پێشێلكردنی سەروەری عێراق و دەستێوەردان لە كاروباری ناوخۆیی دەوڵەتیان دادەنا.

ئاڕاستەی وەدەرنانی یونامی و كۆتاییهاتن بە كارەكانی لەگەڵ هەندێک ئەجێندای وڵاتە هەرێمایەتییەكانیش دەگونجێت، كە پێیان وایە بوونی یونامی بەربەستێكی بۆ دەستێوەردان و هەژموونیان لە عێتاقدا دروستكردووە.

ئاڕاستەی كۆتاییهێنان بە كاری یونامی ئەم جارەیان سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق گرتەوە، كە لە نامەیەكیدا بۆ ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە مانگی ڕابردوودا داوای كردووە، كە لە 31ی دیسەمبەری 2025 یونامی كۆتایی بە كارەكانی بهێنێت.

بیانووی سوودانی بۆ ئەم داواكارییەش كە لە نامەكەیدا هاتووە: “سەركەوتن”ی عێراقە لە “گۆڕانكاری” دیموكراسی، كە بیست ساڵە ئەم پڕۆسەیە بەردەوامە و، توانراوە “سەركەوتن” بەسەر ئاڵنگارییەكان ئەنجام بدرێت. بۆیە زۆر بە ڕوونی لە نامەكەی سوودانی دیارە، كە داوا دەكات ئەجێندای سیاسی لە عێراق لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە كۆتایی پێ بێت و، با ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان یارمەتی عێراق لە بواری خزمەتگوزاری و گۆڕینی كەشوهەوا بدەن.

پاشخانی ئەم داواكارییەی سوودانی بۆ ئایاری ساڵی پار دەگەڕێتەوە، كە تاقمی دەسەڵاتدار لە عێراق بە بیانووی “پاراستنی سەروەری” داوای كۆتاییهاتنی ڕۆڵی یونامییان كرد و، ئەمەش لە كاتێكدا بوو كە ئەو تاقمە لە بەشێك لە ڕاپۆرتەكانی پلاسخارت ڕازی نەبوون و، بەشێك لە جموجۆڵەكانی ئەو نێردراوەیان بە دەستێوەردان لە كاروباری ناوخۆیی عێراق دادەنا.

لە سەر بنەمای ئەو داواكارییەی عێراق، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لێژنەیەكی سێ قۆڵی بۆ ئەو داواكارییە بە بڕیاری 2682 لە ساڵی 2023 دروستكرد؛ ئەو لێژنەیە بە سەرۆكایەتی فوڵكر بیرتس سەردانی عێراقی كرد و، 250 چاوپێكەوتنی لەگەڵ لایەنی سیاسی و حكومی و ڕێكخراوی كۆمەڵگای مەدەنی و فەرمانبەرانی یونامی كرد و، لە كۆتاییدا پێیان ئاسایی بوو، كە لە حوزەیرانی 2026 یونامی كۆتایی بە كارەكانی بهێنێت و ئەركەكان بە ڕێكخراوە تایبەتمەندییەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بدرێت، ئەمەش فرسەتێكی نوێ بوو بۆ ئەوەی سوودانی و لە پشت ئەوەیشەوە هێزی سیاسی خاوەن میلیشیا بە بیانووی پاراستنی سەروەری داوای كۆتاییهاتن بە كارەكانی یونامی بكەن.

هەرچەندە ڕاپۆرتی ئەو لێژنەیەی نەتەوە یەكگرتووەكان دەستنیشانی كردبوو لەگەڵ كۆتاییهاتنی كاری یونامی بوو لە 2026دا، بەڵام خودی ڕاپۆرتەكە ئاماژە بۆ هەندێک خاڵی گرنگ دەكات، كە وردەكارییەكەی، پێویستی بوونی یونامی دەخاتەڕوو، وەك ئامرازێك بۆ پاراستنی سەروەری دەوڵەتی عێراق لە هەژموونی دەوڵەتە هەرێمایەتییەكان.

لە ڕاپۆرتی ئەو لێژنەیە، كە بیرتس سەركردایەتی دەكرد هاتووە: سێ دیاردەی مەترسیدار هەڕشە لە عێراق دەكەن، كە بریتین لە شلۆقی دامەزراوەكان و كەمبوون و لاوازی داهاتی مرۆیی و بوونی دیاردەی كۆمەڵ و میلیشیا چەكدارەكان و ئەگەری سەرهەڵدانی داعشێكی نوێ.

هەڵبەتە تێكڕای ئەم بابەتانە كرۆكی دۆزی سیاسیین و، بەشێكن لە ئەجێندای كاری سیاسی، كە سوودانی و ئەوەی ئاڕاستەی دەكات دەیانەوێ هیچ لایەنێك لە چوراچێوەی شەرعیەتی نێودەوڵەتی مافی كارتێكردنی لەسەر ئەو بابەتانە نەبێت.

هەرچەندە ڕاپۆرتەكەی بیرتس بە گشتگیری ئاماژەی بۆ ئەم سێ دیاردەیە كردووە، بەڵام ڕووداوە سیاسییەكان، كە پێشتر لە گوتارەكانی نێردراوی یونامی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پێشكەشكراون بە پێچەوانەی بۆچوونی ڕوودانی گۆڕانكاری چلۆنایەتین لە هەژدە مانگی ڕابردوو لە ڕەوشی سیاسیدا، كە لە ڕاپۆرتەكەی بیرتس و لە دوا وتاری پلاسخارت لە هەفتەی ڕابردوو لە ڤیدیۆكۆنفرانسەكەیدا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكاندا، هاتبوو.

ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ هۆكاری بوونی یونامی، كە لەسەرەتاوە نەتەوە یەكگرتووەكان لە بڕیاری پێكهێنانی ئاماژەی پێكردبوو، بابەتی تۆلیرانس و حوكمڕانی باش و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان حكوومەتی فیدڕاڵ و هەرێمی كوردستان و سەروەری یاسا و بەیەكەوەژیان و تەواوكردنی قۆناغی گواستنەوە لە دیكتاتۆری بۆ دیموكراسی و یارمەتیدان لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان و پاراستنی ئاشتی كۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤ و مافی ژنان لە كرۆكی ئەركەكان و مەبەستی بوونی یونامی بوو.

ئەگەر لە ڕوانگەی ئەم ئەرك و ئامانجەوە بڕوانینە بوونی یونامی و ڕەوشی سیاسی لە عێراق ئەوەی ڕەچاو دەكرێت، بەردەوامبوونی گرفت و كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵە، جگە لە پاكتاونەكردنی ئاسەواری سیاسیەتی شۆڤینیستی ڕژێمی دیكتاتۆری پێشوو لە بواری تەعریب و گۆڕانكاری دیمۆگرافی و سیاسەتی پەراوێزخستن. هاوكات لەگەڵ ئەمەشدا گرفتی گەورە لە شەرعیەتی حوكمڕانی و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دوای كشانەوەی ڕەوتی سەدر، كە زۆرینەی ئەو ئەنجوومەنی پێكدەهێنا بەدیدەكرێت، كە ئەمەش بەشێكە لە ململانێی شیعە و شیعە لەسەر حوكمڕانی و ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ ململانێی سووننە و سووننە، جگە لەو بابەتانەی پەیوەندییان بە تاوانبارانی جینۆسایدی ئێزدییەكانەوە هەیە، كە نە لە دادگای ناوخۆیی و نە لە دادگای نیودەوڵەتی پرسینەوە و دادگاییان ناكرێت.

تێكڕای ئەم بابەتانەی ئاماژەیان بۆ كرا و چەندین مەسەلەی دیكە پێداویستی بوونی یونامی و دەزگا و چاودێری نێودەوڵەتی بەسەر شێوازی حوكم و بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە عێراق دەخوازێت بەو مەبەستەی سنورێك بۆ پێشێلكردنی ماف و زەوتی ئازادی و دیاردەكانی پێشێلكردنی یاسا و پاراستنی خەڵك و ڕاگرتنی دەستێوەردانی دەوڵەتە هەرێمایەتییەكان دابنرێت.

ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە، هێزی سیاسی كوردستانی و تەنانەت ناوەندنی فرەوانی ڕای گشتی بابەتی ئەم نامەیەی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كۆتاییهاتن بە بوونی یونامی بەهەند وەرنەگرتووە و، ئەم بابەتەش وەك دەیانی دیكە بەسەرماندا تێدەپەڕێت.

 

كاوه‌ مه‌حموود

سیاسه‌تمه‌دار

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...