سیاسیشرۆڤه‌كه‌لتوور
ئاراستەکان

ئەوروپا و گەڕانەوەی فاشیزم

ڕۆژانی داهاتوو وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دەنگ بۆ پەرلەمانێکی نوێ دەدەن بۆ یەکێتییەکە. پرسی هەرە سەرەکی لە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵدا، پرسی پەنابەرانە. هەڵکشانی هێزە توندڕەوەکان، پرسی پەنابەرانی کردووەتە پرسی سەرەکی لە زیاتر لە بیست وڵاتی یەکێتییەکە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

پرسی پەنابەران تەنیا یەک ڕەهەندی نییە، بەڵکو ڕەهەندی ئابووری، کەلتووری، دیمۆگرافی و سیاسی هەیە. لە سەر ئەم بنەمایانەش، هێزە ڕاستڕەوە توندڕەوەکان دابەش بوون.

پرسی پەنابەر دەرخەری دۆخێکی سەختی وڵاتانی ئەوروپایە، کە لە کاتێکدا لە ڕووی ئابووری و بگرە کۆمەڵایەتیشەوە، ئەم کۆمەڵگایانە پێویستیان بە نوێکردنەوەی کۆمەڵگاکانیان هەیە، بەڵام توێژێکی بەرفرەوان لە کۆمەڵگای ئەوروپی، بە تایبەتی لاوان وەها هەست دەکەن کە داهاتوویان باش نابێت و ناتوانن هەمان ئەو ژیانە بژین کە باوانیان ژیان. بۆیە دەبینین بڕێکی زۆری لایەنگری هێزە ڕاستڕەوەکان لاوانن.

بەڵام هەموو ئابووریناسێک دەزانێت کەمی زاوزێ لە نێوان ئەوروپییەکاندا، ڕێگرە لە باشبوونی ئابووری ئەو وڵاتانە، بۆیە مەرجی باشبوونی ئابووری بوونی دەستی کاری زۆرە. بەڵام توێژێکی کۆمەڵگا کە بە دەست گرانی و خراپی دۆخی ئابووری و سەختی ژیانەوە دەناڵێنێت، وەهای دەبینێت کە دەبێت کار بۆ خەڵکی وڵاتەکە خۆیان بێت پێش ئەوانی تر.

ئەوانەی کە خەمی شوناس و کەلتووریانە، وەها دەبینن کە زۆرێک لە پەنابەران، بە تایبەتی موسوڵمانان، نابنە هەڵگری کەلتووری ئەو وڵاتانە، بەڵکو لە بری ئەوە دەیانەوێت کەلتووری خۆیان بچەسپێنن. ئەمە پێی دەگوترێت تیۆری جێگرەوەی مەزن. خاوەنی ئەم تیۆرە کەسێکی ڕەگەزپەرستی فەرەنسییە بە ناویRenaud Camus . هەتا چەند ساڵێک لەمەوپێش ئەم دیدانە لە پەراوێزدابوون، بەڵام ئێستا بوون بە دیدی سەرەکی پارتە ڕاستڕەوەکان لە ئەوروپا و ئەمریکاش.

پارتە ڕاستڕەوەکان سەرباری هەبوونی هاوبەشی لە دژایەتی پەنابەراندا، توانای ئەوەیان نییە بە ئاسانی لەگەڵ یەکدا کار بکەن. ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆکاری ئەوەی نەتوانن بلۆکێکی گەورە لە یەکێتی ئەوروپا دروست بکەن.

بە گشتی ئەم هێزانە ناسیۆنالیستن. هێزە ناسیۆنالیستەکان بە گشتی دژ بە ئایدیای یەکێتی ئەوروپان، بەڵکو جەخت لە سەر سەروەریی نیشتمانی دەکەنەوە. لە هەمانکاتدا هەریەک لەم هێزانە شانازی بە مێژووی ڕابردووی وڵاتەکەیان دەکەنەوە، کە مایەی ناتەباییە لە نێوان وڵاتانی ئەوروپا. بۆ نموونە، ئەی ئێف دی ئەڵمانی، شانازی بە نازیەت و ئێس ئێسەوە دەکات، بەڵام فەرەنسییەکان ناتوانن ئەوە قبوڵ بکەن، چونکە نازییەکان فەرەنسی زۆریان کوشت. بۆیە پارتەکەی ماری لوپێن و ئەی ئێف دی یان پارتی بەدیل بۆ ئەڵمانیا نەیانتوانی بەرەیەک دروست بکەن. ئەمە تەنانەت لە ناو یەک وڵاتیشدا ڕاستە. لێرە لە ئیتاڵیا، کە پارتی سەرۆک وەزیران پارتێکی فاشیزمی نوێیە، لەگەڵ جێگرەکەیدا جیاوازن.

لە چەند ڕوانگەیەکی ترەوە، پارتە ڕاستڕەکان جیاوازن، بۆ نموونە، هەندێکیان لە بەرەی ئەتلانتیکن، یانی پشتیوانی ئۆکرانیان، بە پێچەوانەوە هەندێکیان دۆستی ڕووسیان.

بەڵام لە هەندێک خاڵی بچووکدا تەبان، وەک دژایەتی ئورسیلا ڤان دەر لاند.

بە گشتی دوای ئەم هەڵبژاردنە، فاشیزم ئاسایی دەبێتەوە لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا. دۆخێک کە دەربڕی لاوازی و قەیرانی ئەوروپایە.

دۆخی جیۆپۆلەتیکی دونیا لە قازانجی ئەوروپا نییە، چونکە داهاتوو بۆ زلهێزەکانە. ئەوروپاش، هێزێکی نەرمی نۆرماتیف، ناتوانێت خواست و مەرجەکانی خۆی بسەپێنێت. لە کاتێکدا ئەوروپا دەبێتە ڕاستڕەو، بەڵام لە هەمانکاتدا لە دوو ڕاستڕەو تۆقیوە، کە ترەمپ و پوتینە.

ڕاستڕەوەکان خاوەنی چارەسەرنین. نە لە ڕابردوودا نە لە داهاتوودا. ئەوەی جێگای سەرنجە. زۆربەی پەنابەران تەبان لەگەڵ بەهاکانی ڕاستڕەوەکان، بەڵام تەنیا لەوە بە داخن کە دژیانە.

سه‌ردار عه‌زیز

لێکۆڵەر و رۆژنامەڤان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئه‌مه‌ش ببینه‌
Close
Back to top button
Loading...