کامەران عوسمان ئەندامێکی تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی (CPT)، ڕایگەیاند، لەماوەی پێنج مانگی ڕابردوودا و تا ناوەڕاستی حوزەیرانی ٢٠٢٤، سوپای تورکیا ٨٣٣ هێرش و بۆردمانی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە.
هێرشەکان بەم شێوەیەی خوارەوە بوون:
پارێزگای دهۆک: ٣٦٥ هێرش و بۆردمان.
پارێزگای هەولێر: ٣٥٦ هێرش و بۆردمان.
پارێزگای سلێمانی: ١٠٢ هێرش و بۆردمان.
پارێزگای نەینەوا: ١٠ هێرش و بۆردمان.
ڕێکخراوی (CPT) ڕێکخراوێکی ئەمریکییە و چەندین ساڵە چاودێری هێرشەکانی تورکیا بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان دەکات و ڕاپۆرت لەبارەیانەوە بڵاودەکاتەوە.
کامەران عوسمان ئاماژەی دا، تەنیا لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، سوپای تورکیا ٢٧ بۆردمانی بۆسەر زنجیرە چیای مەتینا و گەلی ڕەشاڤا لە شارۆچکەی ئامێدی، چیای ساوێن لە بناری قەندیل، لوتکەی کوڕاشەڵ و بناری چیای کێوەڕەش لە شارۆچکەی ڕانیە، چیای جاسوسان لە شارۆچکەی پشدەر، گوندی کانی میرانی کۆماری و نزارە لە شارۆچکەی پێنجوێن ئەنجامداوە.
بەگوێرەکانی ئامارەکانی ڕێکخراوی (CPT) لە ساڵی ٢٠٢٣دا، سوپای تورکیا هەزار و ٤٤٨ جار هێرش و بۆردمانی خاکی هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی سەربە پارێزگای نەینەوایان کردووە؛ هەزار و ١٥٩ هێرش لە ڕێگەی فڕۆکەی جەنگی، ٢٢٨ هێرش لە ڕێگەی درۆن، ١١٤ هێرش لە ڕێگەی تۆپباران، سێ هێرش لە ڕێگەی تەقەکردن و دوو جاریش لە ڕێگەی تەقینەوەی مینەوە بووە.
زۆرترینی هێرش و بۆردمانەکان لە سنوری پارێزگای دهۆک بوون، کە ٥١٧ هێرشی تێدا کراوە، لە پلەی دووەمیدا پارێزگای هەولێر ٤٧٥ هێرش، پاشان پارێزگای سلێمانی ٤٢٠ هێرش و لە سنوری پارێزگای نەینەوایش ٣٦ هێرش تۆمارکراوە.
تەنیا لەمساڵدا، هەشت هاووڵاتی مەدەنی، بەهۆی بۆردمان و لەشکرکێشییەکانی سوپای تورکیا بۆسەر خاکی هەرێم شەهیدبوون.