هه‌واڵ

گۆڕان بریکاری وەزارەتی پەروەردە لە ڕیزەکانی خۆی دووردەخاتەوە

زێدپرێس

 

بزووتنەوەی گۆڕان لە زاری گوتەبێژەکەیەوە، دوورخستنەوەی بریکاری وەزارەتی پەروەردە لە ڕیزەکانی خۆی، ڕادەگەیەنێت و کادیرەکەیش سوپاسی بزووتنەوەی گۆڕان دەکات.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ڕۆژی ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، دلێر عەبدولخالق گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان، لە ڕاگەیەندراوێکی ڕۆژنامەوانیدا، ئاماژەیدا، بەهۆکاری دوبارە درێژکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی (د. سەیوان عەلی ڕەزا) بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێم لەسەر پشکی بزووتنەوەی گۆڕان، “بڕیارماندا بە دوورخستنەوەی ناوبراو لە ڕیزەکانی بزووتنەوەی گۆڕان”.

ئەو ڕاگەیەندراوەی حزبەکە، دوای ئەوە دێت، کە بۆ جاری دووەم تەمەنی خزمەتکردنی د. سەیوان عەلی ڕەزا بریکاری وەزارەتی پەروەردە لە پشکی گۆڕان درێژکرایەوە، وێڕای گەیشتن بە تەمەنی خانەنشینی.

دوابەدوای بڕیارەکە، د. سەیوان عەلی ڕەزا بەکورتی وەڵامی گۆڕانی دایەوە و گوتی “سوپاسی بزووتنەوەی گۆڕان دەکەم کە منی ئازاد کرد”.

شەماڵ عەبدولوەفا، ئەندامی پێشووی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان، لەڕێگەی هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، قسەی لەسەر بڕیاری دوورخستنەوەی کادیرەکەی گۆڕان کرد.

شەماڵ عەبدولوەفا دەپرسێت: “کێ ئەم بڕیارەی دا و چۆن، لە جفات باسکرا و بڕیارتان دا؟! ژوورەکان دەسەڵاتی دەرکردنتان نییە! ژووری حکوومەت ئەو دەسەڵاتەی نییە! خانەی کاربەڕێکەر هەر بۆیان نییە، تیمی حکوومەت دەسەڵاتی ئەو بڕیارەیان نییە؟! ئەی کێ ئەم بڕیارەی دا؟!”.

ئەندامەکەی پێشووی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان زیاتر دەڵێ “سەیرە حزبێک ئاوا سەری لێ شێوابێت، نەزانێت چی دەکات؛ وڵات فرۆشرا ئێوە قسەتان نەکرد، پەرلەمان نەما ئێوە قسەتان نەکرد، ئەنجوومەنی پارێزگاکان نەما، ئێوە قسەتان نەکرد، کۆمیسیۆن نەما ئێوە قسەتان نەکرد، تەمەنی پەرلەمان درێژکرایەوە ئێوە دەنگتان پێدا”.

ئەو، بە توانجەوە دەڵێ “وەڵا گرنگە لەسەر دەرکردنی د. سەیوان ھاتنە دەنگ و بڕیارێکی ستراتیژیتان دا. سبەینێ گەر ھەرێمیش لەناوچێ، ئێوە ھەر بێدەنگ دەبن و دەڵێن نەمان گوت!”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...