سیاسیشرۆڤه‌

ئایا جەنگێکی جیهانی بەڕێوەیە؟

ماوەی چەند ساڵێکە ترس و گفتوگۆ و پێشبینییەکی زۆر هەیە لەبارەی ئەگەری هەڵگیرساندنی جەنگێکی جیهانی تر. بە گشتی سێ فاکتەری سەرەکی هەیە بۆ ئەم ترس و پێشبینییە؛ جەنگی ڕووسیا و ئۆکڕانیا، بە تایبەت ئەو جەنگە لە ئەوروپا ڕوودەدات، هەردوو جەنگە جیهانییەکەی پێشتر لە ئەوروپاوە هەڵگیرسان. شەڕەکەی غەززە، بەڵام ئەگەر ئەمریکا و ئێران ببنە بەرەی ئەو جەنگە. هاوکات، جموجۆڵ و خواستەکانی چین سەبارەت بە تایوان.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

پرسی ئەگەری هەڵگیرساندنی جەنگی جیهانی، لەبەرئەوەی پرسێکی فرە ڕەهەند و فرەوانە، بەبێ گەڕانەوە بۆ تیۆرییەکان و شیکردنەوە و گریمانەکانیان، ئەستەمە لە ڕەهەندێک، یان چەند ڕەهەندێکی ئەو پرسە تێبگەین. تیۆرییەکانیش تەنیا ئامرازێکن بۆ تێگەیشتن لە بەشێکی دیاردەکە، تواناکانیان ڕێژەییە و ئەگەری بە هەڵە خستنەوەیان بەرزە. تیۆری گواستنەوەی دەسەڵات (هێز/هەژموون) یان ((Power Transition Theory یەکێکە لەو تیۆریانەی کە گونجاوە بۆ ئەم دیاردەیە. لەبەر چەند هۆکارێک:

 

زیاتر بایەخ بە سیستەمی جیهانی و ململانێی جیهانییەکان دەدات؛ لە کۆتایی پەنجاکانەوە تا ئەمڕۆ بەردەوام کاری لەسەر دەکرێت و تێست دەکرێت و لە پڕۆسەیەکی نوێبوونەوەی بەردەوامە؛  سەرنجی سەرەکی لەسەر ململانێ و پەیوەندی نێوان دوو جۆرە لە دەوڵەت یان بەرەیە: دەوڵەتی هەژموونگەر (ruling power) لەم سەردەمەدا ئەمریکایە.  دەوڵەتی ڕکابەر، دەوڵەتێکە کە بەڕێگاوەیە بۆ ئەوەی ببێت بە دەوڵەتی هەژموونگەر (rising power) ئێستا چین ئەو دەوڵەتەیە؛ ئەم تیۆرییە زیاتر بایەخ بە سەردەمێکی ڕاگوزەر دەدات لە سیستەمی جیهانی، واتە گۆڕانکارییەک دەستی پێکردووە لە سیستەمی جیهانی، بەڵام جارێ ڕوون نییە دەرئەنجامەکانی ئەو گۆڕانکارییە چی دەبن. بۆ نموونە پێگەی ئەمریکا لە سیستەمی جیهانی ئەمڕۆدا جیاوازە لە هیی ساڵانی نەوەتەکان، لە هەردوو سەردەمەکە ئەمریکا هەر بەهێزترین بوو، بەڵام ئێستا ڕکابەری بەهێز و گەورە هەن، لە نەوەتەکان وا نەبوو.

 

بەپێی ئەم تیۆرییە ئەم سەردەمە ڕاگوزەرە لە سیستەمی جیهانی، دەکرێت دەیان ساڵ بخایەنێت، هاوکات دەکرێت بە ئاشتی و لەیەکتێگەیشتن یان بە جەنگ، سیستەمێکی جیهانی تر بە جەمسەر و دەزگا و یاسای نێودەوڵەتی و بەهای نوێوە شوێنی سیستەمە کۆنەکە بگرێتەوە؛ گریمانەیەکی سەرەکی تیۆرییەکە بریتییە لە دووانەی هاوسەنگی لە هێز و ڕەزامەندی. ئەگەر هاوسەنگی لە هێز لە نێوان دەوڵەتی هەژموونگەر و دەوڵەتی ڕکابەر هەبوو هاوکات یەکێک لە دەوڵەتەکان ناڕازی بن لە دۆخی باو و پێگەی خۆیان، ئەوا ئەگەری هەڵگیرساندنی جەنگ بەرز دەبێتەوە. بەڵام ئەگەر هاوسەنگی لە هێز لە نێوان هەردوو هێزەکە نەبێت، هاوکات هەردوو بەرەکەش ڕازی بن بە دۆخەکە، ئەوا ئەگەری ڕوودانی جەنگ کەم دەبێتەوە.

 

هاوسەنگی لە هێز، بەپێی ئەم تێڕوانینە ئەگەری جەنگ لە نێوان هەردوو دەوڵەت بەرز دەکاتەوە. ناڕازی بوون لە دۆخی باو و پێگە و بەژەوەندییەکانی یەکێک لەو دوو دەوڵەتە هۆکارێکە بۆ جەنگ. ئەگەر هاوسەنگی هێز هەبوو و هەردوو بەرەکەش ناڕازی بوون، ئەوا ئەگەری ڕوودانی جەنگ زیاتر بەرز دەبێتەوە.

 

بەپێی ئەم تیۆرییە دەوڵەتی هەژموونگەر چەندین ئامرازی هەیە بۆ بەڕێوەبردنی سیستەمەکە. خاوەنی گەورەترین هێزی ئابووری و سەربازییە. زۆرینەی دەوڵەتە پێشکەوتوو و بەهێزەکانی تر هاوپەیمانیین. دەزگا و یاسا و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە ژێر هەژموونی ئەم دەوڵەتەن. دراوەکەی دراوێکی سەرەکییە لە جیهاندا.

 

کاتێک تەماشای ئەمریکا دەکەین ڕاستی ئەم تێڕوانینە دەسەلمێنرێت. ئەمریکا خاوەن بەهێزترین ئابووری و هێزی سەربازی و تەکنەلۆژییە. زۆربەی دەوڵەتە پێشکەوتوو و بەهێزەکانی جیهان هاوپەیمانی ئەو دەوڵەتەن. ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، و بانکی نێودەوڵەتی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی…هتد هەر هەمووی ئەمریکا ڕۆڵی سەرەکی لە دامەزراندنیاندا بینیوە. دۆلار تا ئەمڕۆش دراوێکی سەرەکییە لە جیهاندا. گۆڕینی سیستەمی جیهانی، بۆ سیستەمێکی تر کە ئەمریکا ڕۆڵی سەرەکی تیا نەبینێت، پێویستی بە گۆڕانکارییە لە هەموو ئەو ئامراز و دەزگا و یاسانە. ناکرێت نەتەوە یەکگرتووەکان و بانکی نیودەوڵەتی… هتد جیهان بەڕێوە ببەن، سیستەمی جیهانی بگۆڕدرێت بۆ سیستەمێکی تر.

 

یەکێک لە ئامراز و تەکتیکەکانی دەوڵەتی هەژموونگەر بۆ بەڕێوەبردنی جیهان بریتییە لە پێدانی ئیمتیازات بە نەیارەکانی. بۆ نموونە کۆتایی هاتنی ڕێکخراوەی کۆمەڵەی گەلان و دامەزراندنی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی، مانای کۆتایی هاتنی سیستەمێکی جیهانی بوو بە سەرکردایەتی ئەوروپا و لەدایکبوونی سیستەمێکی نوێی جیهانی بە سەرکردایەتی ئەمریکا. ئەمریکا نەدەبووە هێزی هەژموونگەر ئەگەر ئەو ڕێکخراو و یاسا نێودەوڵەتییانەی نەگۆڕییایە. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی شکستی سۆڤیەت بەرانبەر بە ئەمریکا ئەوە بوو کە سۆڤیەت لە ناو یاریگای ئەمریکاوە شەڕی هەژموونی ئەمریکای دەکرد. کاتێکش دەچووە دەرەوەی ئەو یاریگایە، جیهان بەجێی دەهێشت.

 

ئەمریکا وەک زیرەکترین و بەهێزترین سوپەرپاوەری مێژوو، دەزگا نێودەوڵەتییەکانی وا دامەزراند، کە تەنانەت دوژمنەکانیشی قبوڵی بکەن و سوودی لێ ببینن. بۆ نموونە ڕووسیا تا ئەمڕۆ، سەرەڕای ئەوەی بانگەشەی دژایەتیکردنی سیستەمی جیهانیی ئەمریکی دەکات،  ناتوانێت و ئامادە نییە دەستبەرداری ئەو ئیمتیازە بێت لە ئەنجوومەنی ئاسایش کە مافی ڤیتۆیە. ئەمریکا ئەو ئیمتیازانەی داوە بە هێزەکانی تر، بۆ ئەوەی لە خراپترین دۆخدا، ئەو هێزانە هەر لە ناو یاریگای ئەمریکاوە دژایەتی بکەن. ڕووسیا بەهۆی ئەو ئیمتیازەی ئەمریکاوە، دەتوانێت لە ڕێگەی مافی ڤیتۆە دژی ئەمریکا بێت و ڕێگە لە هەر بڕیارێک بگرێت کە دژی خۆیەتی. بەڵام لە بنەمادا، ئەوە هەر خزمەتە بە پێگەی ئەمریکا لە سیستەمی جیهانی. دواجار ڕووسیا دەبێت نوێنەرەکەی بنێرێتە نیۆیۆرک لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان، لەوێ دژایەتی ئەمریکا بکات! ئەمە شەرعیەتدانە بە هەژموونی ئەمریکا لە جیهاندا. تا ئەمڕۆش ئێران دەچێتە نیۆیۆرک لەوێ گلەییەکانی ئاڕاستەی ئەمریکا دەکات.

چین وەک هێزێکی ڕکابەر، تا ئەمڕۆ ئەو سوودەی ئەو دەیبینێت لە سیستەمی جیهانی بە سەرکردایەتی ئەمریکا، مەگەر ئەمریکا لەو زیاتری دەستبکەوێت. ئەو سیستەمی بازرگانییە جیهانییەی ئەمریکا دروستی کردووە، چین گەورەترین سوودمەنەدە لێی. تەنانەت گەورەترین قەبارەی بازرگانی لە جیهاندا، لە نێوان ئەمریکا و چینە! بۆیە بەپێی ئەم تیۆرییە، هەر چەندە چین هێزە ڕکابەرەکەیە و دژی ئەو پێگە جیهانییەی ئەمریکایە، بەڵام بە گشتی ڕازییە بە دۆخەکە. لەوانەیە تا ئایندەیەکی مامناوەند بەم شێوەیە بەردەوام بێت.

 

بەپێی ئەم تیۆرییە، دەکرێت ئاماژە بە چەند خاڵێك بکەین:

١.بۆ ڕوودانی جەنگێکی جیهانی، پێویستە ئەمریکا و چین بەرەی ئەو جەنگە بن. نەک یەکێکیان. واتە جەنگێک لە نێوان بەرەیەک بە سەرکردایەتی ئەمریکا و بەرەیەک بە سەرکردایەتی چین. لەگەڵ ئەوەی ڕووسیا و ئێران و چین لەیەک بەرەن، بەڵام چین ئامادە نییە بەشدار بێت لە جەنگەکەی ڕووسیا و ئۆکڕانیا و، لەوەی غەززە.

 

٢. ڕووسیا هێزێکی ناڕازییە، بەڵام ناهاوسەنگی هێز هەیە لە نێوان ڕووسیا و ئەمریکا. وەک ئاماژەی پێکرا، ناهاوسەنگی، ئەگەری جەنگ کەم دەکاتەوە. کاتێک ئەگەری جەنگ زۆر دەبێت، ئەگەر ڕووسیا بچێتە شەڕەوە لەگەڵ ناتۆ و چین بچێتە بەرەی ڕووسیا لەو جەنگەدا. بەپێی پێدراوەکان ئەمە ئەستەمە. ڕووسیا لە ڕووی هێزی ئابووری و تەکنەلۆژی و هێزی هاوپەیمانی…هتد بەراورد ناکرێت بە ئەمریکا. لەم جەنگەی ئۆکڕانیا، ئێران هاوکاری ڕووسیا دەکات، ئەگەر ئەمریکا بچێتە جەنگەوە، بەریتانیا و یەکێتی ئەوروپا و ژاپۆن و سعوودییە و ئیمارات و قەتەر و ئەوانی دی هاوکاری دەکەن.

 

٣. زۆرێک لە چاودێر و پسپۆڕەکانی چین پێیانوایە تا ئەمڕۆش چین دوورە لەوەی بگاتە هاوسەنگی هێز بەرانبەر بە ئەمریکا. لە ڕووی ئابوورییەوە (چەندێتی) دەکرێت چین لە ئایندەیەکی نزیک بگاتە هاوسەنگی لەگەڵ ئەمریکا. بەڵام لە ڕووی سەربازی و هاوپەیمانییەوە، دوورە. پاشان بڕبڕەی پشتی هێزی چین ئابوورییەکەیەتی، ئەو ئابوورییە بە شێوەیەکی سەرەکی پەیوەستە بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانییەوە. بەبێ ئەمریکا، هێزی ئابووری چین تووشی قەیرانی گەورە دەبێت. لە لایەکی ترەوە، سەرەڕای ناڕەزایەتییەکانی چین، بەگشتی ڕازی و سوومەندە لە سیستەمی ئەمڕۆی جیهانی. واتە هەردوو فاکتەرە سەرەکییەکەی جەنگ، هاوسەنگی و ناڕەزایەتی، لە نێوان چین و ئەمریکادا نییە. جەنگێکش ئەم دەوڵەتەی تیا نەبێت، نابێتە جەنگێکی جیهانی.

 

٤. ئەمریکا وەک هێزی هەژموونگەر ڕازییە لە دۆخی خۆی و جیهان و نەیارەکەی (چین). تا ئەمڕۆش یاسا و دەزگا و ڕێکخراو و دراو و … هتد سەرەکییەکانی جیهان ئەمریکییە. هێزی ڕکابەر (چین) بەردەوام هەوڵی سوودبینینی زیاتر دەدات لە سیستەمە ئەمریکییەکە. واتە ئەوەی چین لە واقیعدا دەیکات، پێچەوانەی گوتارەکەیەتی. لە واقیعدا، لە ڕوویەکەوە، شەرعیەتی زیاتر بە سیستەمی ئەمریکی دەدات، لەسەر ئاستی گوتار دژایەتی دەکات. بێگومان نیەت و ئامانجی چین لە کۆتاییدا گۆڕینی سیستەمی جیهانییە، بەڵام جارێ ئەو سەردەمە دوورە.

 

٥. لەو سێ فاکتەرەی باسکرا (جەنگی ڕووسیا و ئۆکڕانیا، شەڕەکەی غەززە، پرسی تایوان) بەپێی ئەو تیۆرییە، ئەوا ئەگەر جەنگێکی جیهانی ڕووبدات، بە ئەگەری زۆرەوە لەسەر پرسی تایوان دەبێت، نەک ئۆکڕانیا و غەززە. چونکە لە پرسی تایوان، هەردوو هێزی هەژموونگەر و ڕکابەر ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە. هاوکێشەی تایوان تا ئەمڕۆ ئەمریکا و چین بە عاقڵانە و بەپێی ڕێساکانی سیستەمە جیهانییە ئەمریکییەکە بەڕێوەی دەبەن. بەو مانایەی ئەمریکا بە چین دەڵێت تایوان بەشێکە لە تۆ، بەڵام بۆت نییە وەک بەشێک لە خۆت مامەڵەی لەگەڵدا بکەیت! گۆڕانکاری لەم هاوکێشەیە، دەکرێت بە یەکەم هەنگاوی جددی دابنرێت بۆ گۆڕینی سیستەمی جیهانی، بەو مەرجەی چین تایوان داگیر بکات و بیکاتە بەشێک لە خۆی، ئەمریکاش نەتوانێت ڕێگری بکات. چین تا ئەم هاوکێشەیە نەباتەوە، زۆر ئەستەمە بتوانێت هاوکێشە زۆر قورسەکانی تر بگۆڕێت کە یاسا و ڕێکخراو و دەزگا نێودەوڵەتییەکانە.

 

٦. سیستەمی جیهانی گۆڕاوە، بەڵام نەبووە بە سیستەمێکی تر. جارێ گۆڕانکارییەکان هەر لە چوارچێوەی سیستەمە ئەمریکییەکەیە. دەکرێت ئەمریکا لەو چوارچێوەیەدا ڕۆڵی کەم و زیاد بکات، نەیارەکانی ڕۆڵیان کەم و زیاد بکات. بەڵام جارێ لەدایکبوونی سیستەمێکی تر نزیک نییە. پەیوەندی ئەمریکا و چین لە ئایندەدا، ئەوە دەستنیشان دەکات کە گۆڕانکارییەکان چۆن دەبن. ئایا هەر لە چوارچێوەی سیستەمە ئەمریکییەکە دەبێت بەوەی چین ڕۆڵێکی گەورەتری پێبدرێت، یاخود دەبێتە سیستەمێکی نوێ. لە هاوکێشەی شەڕەکەی ئۆکڕانیا و غەززە، بەڕوونی ڕۆڵی ئەمریکا دەردەکەوێت کە جارێ بەهێزترینە و ڕکابەری هاوسەنگی نییە. بەراوردکردنی ڕۆڵی ئەمریکا و چین لەو دوو هاوکێشەیەدا ئەوە پیشاندەدات کە جارێ ناهاوسەنگییەکە گەورەیە لە نێوان هەردوو دەوڵەت. هەرچەند، سەرقاڵبوونی ئەمریکا بەو هاوکێشانەوە، بە ئەگەری زۆرەوە سوودی بۆ چین دەبێت.

 

٧. لەدایکبوونی سیستەمێکی نوێی جیهانی، بەپێی ئەم تیۆرییە، دەکرێت لە ڕێگەی جەنگەوە بێت و دەکرێت لە ڕێگەی ئاشتی و لەیەکتێگەیشتنەوە بێت. گۆڕانکاری لە چوارچێوەی سیستەمە ئەمریکییەکە، قورسە ببێتە هۆی جەنگێکی جیهانی. بەڵام کۆتایی هاتنی سیستەمە ئەمریکییە و گۆڕینی بۆ سیستەمێکی نوێ، ئەگەری جەنگی زۆرە. گریمانەی دووەم جارێ دوورە، لەم سەردەمەدا ئەستەمە ڕووبدات.

 

٨. بەپێی ئاماژەکانی سەرەوە، ئەگەری ڕوودانی جەنگێکی جیهانی، لاواز و کەمە.

ڕه‌نج نه‌وزاد

نووسه‌ر و توێژه‌ر

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...